گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پرۆژەیەکى جیاوازتر

سەرکردە تۆراوەکانى گۆڕان بە نیازى چین؟

2019.06.23 - 22:33
سەرکردە تۆراوەکانى گۆڕان بە نیازى چین؟
ناس کورد- بڕیارە لەژێر "چەترێکی فراوانتر و بەرنامەیەکی جیاوازتر"، جارێکى دیکە سەرکردە و هەڵسوڕاوە تۆراوەکانی گۆڕان بێنەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی، بەڵام دیار نییە کەی و چۆن. . ئەمە کورتەی ئەو گفتوگۆ چەند خولەکییە بوو، کە ناس کورد لەگەڵ بەرپرسێکی ناڕازی گۆڕاندا بۆ یەکەمجار لەسەر دۆخی ئێستای بزوتنەوەکە سازیکرد. . هەرچەندە لەبەر هەستیاری دۆخەکەو لەبارنەبوونی کاتەکەی، ئەو بەرپرسەی گۆڕان بەباشی نەزانی ناوی بهێنین، بەڵام جەختى لەوەکردەوە، چیتر شتێک نەماوە لەژێر پەردەی دیوە شاراوەکان و بە ئاشکرا دوو ڕەوتی جیاواز لە گردەکەوە بانگیان هەڵبڕیوە و ناتوانن پێکەوە کار بکەن. . "ماوەی چەند مانگێکە سەرقاڵی ڕاوێژ و گفتوگۆین لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێم، بەتایبەت لەگەڵ ئەو دەنگە جیاوازانەی کە دنیابینییەکی فراوانتریان بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان هەیە"، ئەمە وتەی سەرکردە ناڕازییەکەى گۆڕان بوو. . بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی ناس کورد، پێناچێت بەمزوانە سەرکردە و هەڵسوڕاوە ناڕازییەکان، حزبی سیاسی دروست بکەن، بەڵام سەرقاڵی پرۆژەیەکی جیاوازترن بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو دەنگ و ڕەنگانەی کە ناتوانن لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی ئایدۆلۆژیدا کار بکەن. . هەروەها بەدووریشی نەزانی کە بەمزووانە جیابوونەوەیەکی گەورە لەگردەکە ڕووبدات، چونکە بەوتەی خۆی، بەرەی دەسەڵاتخواز هیچ نەفەسێکی بۆ ڕای جیاواز و کارکردنی هاوبەش لەم قۆناغەی ئێستادا نەهێشتووەتەوە و بە ئاشکرا ئەوەشیان وتووە کە پێویستبوو لە ڕابردووشدا بەهەمان نەفەسی ئێستا کاریان بکردایە. . ئەو سەرکردە ناڕازییەی گۆڕان ڕەتیکردەوە پرۆژەکەیان بۆ تۆڵەکردنەوەو بچوککردنەوەی گۆڕان بێت، بەڵام نەیشاردەوە کە بزووتنەوەکە بە قۆناغکی هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێ و ناتوانێت تا کۆتایی ئەم کابینەیەش لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. . ئەو بەرپرسە هۆکاری ئەوەی گەڕاندەوە بۆئەوەی کە گۆڕان لە هەلومەرجێکی لاوازدا بەشداری حکومەتی کردووە و هیچ پێداگیرییەکی نەکردووە لەسەر شێوازی کارکردنی چوار ساڵی داهاتوو، هەربۆیە، "لەنیوەی ڕێگاکە شەل دەبێ و ناتوانێ چاکسازی بکات، ئەوەش ناڕەزایی لەناوخۆی حزبەکە بەرزدەکاتەوە بۆ دوو ئەوەندە". . لەبەرامبەر پرسیارى ناس کورد، لەبارەى کێشەناوخۆییەکانى گۆڕان، ئەو بەرپرسە ناڕازییەی گۆڕان نەیویسیت پەنجە بخاتەسەر کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان و پێیوابوو ئاییندەیەکی نزیک وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەداتەوە، تەنها وتی: "بەرپرسانی ئێستای گۆڕان شکستیان هێناوە لە درێژەدان بە خەباتەکەی نەوشیروان مستەفا و ئەو ئامانجەی کە گۆڕانی بۆ درستبوو". . .