گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بودجەی پردی تووەقوت دابینکرا، دوری نێوان هەڵەبجە و دەربەندیخان دەبێتە 40 خولەک

2019.06.22 - 16:57
بودجەی پردی تووەقوت دابینکرا، دوری نێوان هەڵەبجە و دەربەندیخان دەبێتە 40 خولەک
ناس کورد- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕی هەشت ملیار و 450 ملیۆن دیناری بۆ دروستکردنی پردی تووەقووت تەرخان کرد کە هەڵەبجە و دەربەندیخان دەبەستێتەوە و دوری نێوانی بۆ 40 خولەک کەمدەکاتەوە. کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگای هەڵەبجە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، پردی تووەقوت هەردوو قەزای شارەزوور و دەربەندیخان بە شاری هەڵەبجەوە دەبەستێتەوە و سوودی تایبەتیشی دەبێت بۆ دانیشتوانی ناحیەی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە. . لەبارەى کاتی دەستپێکردنی پڕۆژەکە، کاوە شێخ عەلی وتی، "لەدوای دابینکردنی بودجەکەى، پێویستە بەزووترین کات تەندەرینی بۆ بکرێت کە ئێمە پێمانباشە تەندەرینەکە بەشێوەی بانگهێشتى تایبەت بێت بۆ کۆمپانیایەکی تایبەتمەند بۆئەوەى بەزووترین کات و بە باشترین شێوە پردە دروستبکاتەوە." . وتیشى، "دروستکردنی پردەکە ئاسانکارییەکەى زۆر دەکات لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان." پردی تووەقوت دەکەوێتە سەر ڕوباری سیروان و لە کیمیارانی ساڵی 1988 پردەکە تەقێنراوەتەوە و لەئێستادا بودجەى تایبەتى بۆ دەرچووە.