گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

نەقیب و جێگری نەقیبی سەندیکا پارتی و یەکێتین و حزبیانە بڕیاردەدەن

سەندیکای پارێزەران دوو ساڵە ماوەی کارکردنی بەسەرچووە و پێویستی بە کۆنگرەیە

2019.06.20 - 22:18
سەندیکای پارێزەران دوو ساڵە ماوەی کارکردنی بەسەرچووە و پێویستی بە کۆنگرەیە
ناس کورد- شەهرام عەزیز   بۆ جاری چوارەم کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی شەشەمی سەندیکای پارێزەرانی هەرێم دواخرا و پارێزەرێکیش دەڵێت:"پارتی و یەکێتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی سەندیکاکە دوا دەخەن". . کارزان فازیڵ، پارێزەر و یاساناس بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەندیکای پارێزەراندا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان کە زۆرینەیان یەکێتی و پارتین، بۆ جاری چوارەم کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی شەشەمی سەندیکاکە دواخرا و ئەمجارە ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ بۆ 7ی مانگی 10ی ئەمساڵ دواخراوە. . سەبارەت بەهۆکاری دواخستنی کۆنگرەکە، ئەو پارێزه‌رە روونیكرده‌وه‌، بەبێ هیچ هۆکارێک دواخراوە و هیچ کێشەیەک نەبووە کە نەتوانرێت کۆنگرە ئەنجامبدرێت لە کاتی خۆیدا، بەڵام نەقیب و جێگری نەقیبی سەندیکاکە لە پشکی پارتی و یەکێتین و بە ئارەزووی خۆیان بەشێوەیەکی حزبیانە بڕیاردەدەن. . پرسیاری ئه‌وه‌شی كرد، لە کوێی دنیادا هەبووە، سەندیکای پارێزەران کە کاری جێبەجێکردنی یاسایە، خۆی یاسا پێشێل بکات!. . دەربارەی ئەوه‌ی دواخستنی کۆنگرە چ بەرژەوەندییەکی حزبی تێدایە، کارزان فازیڵ باسی لەوە کرد، پارتی و یەکێتی هەر دەیانەوێت یاسا و پارێزەر و ئەوانەی مەترسین بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان لاوازیان بکەن، بۆیە هەوڵدەدەن ئەو دەزگایانە لاواز بکەن و بیخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، هەروەها کێشەکانی نێوانیان بەشێکی دیکەیە لە دواخستنی ئەو پرسە. . به‌وته‌ی ئه‌و پارێزه‌ره‌، ئەو کەسانەی لە سەندیکاکە ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکان و پۆستیان هەیە، پارەیەکی زۆر وەردەگرن و ئەگەر کۆنگرە بکرێت ئەوا ڕەنگە ئەو کەسانە هەڵنەبژێردرێنەوە و دەنگی پێویست بەدەستنەهێنن، بۆیە بەردەوام کاتی کۆنگرە دوا دەخەن. . جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لە ئێستادا جگە لە دوو ئەندامی سەندیکاکە کە بێلایەنن، سەرجەم ئەندامانی دیکەی سەندیکاکە سەربە پارتی و یەکێتین. . لەبارەی ئەو پرسەوە ناس کورد چەند جارێک پەیوەندیکرد بە نەقیب و جێگری نەقیبی سەندیکاکە، بەڵام هیچ یەکێکیان وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە. . ساڵی 2013 دواین کۆنگرەی سەندیکای پارێزەران بەڕێوەچوو، بەپێی یاساکەی خۆیان دەبوایە ساڵی 2017 کۆنگرەی شەشەمی سەندیکاکە ببەسترایە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە تەمەنی یاسایی سەندیکاکە کۆتایی هاتووە، بەبێ ئەوەی کۆنگرە ببەستن. . سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە ساڵی 1993 دامەزراوە و پێنج لقی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك و هەڵەبجە)ی هەیە و نزیكەی هەشت هەزار پارێزەر وەک ئەندامی كارا ئەندامی سەندیکاکەن. . ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەران لە 10 ئەندام پێكدێت و بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان سەرپەرشت و سەرۆكایەتیی و نوێنەرایەتی دەكات، ئەو ئەنجومەنە (11) كەسیە، سێ ساڵ جارێك لەلایەن كۆی ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێن. .