گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بە قیست و بەبێ پێشەکی ئۆتۆمبێل دەدرێتە مامۆستایان، ڕێژەى سودەکەى حەڵاڵە؟

2019.06.19 - 18:23
بە قیست و بەبێ پێشەکی ئۆتۆمبێل دەدرێتە مامۆستایان، ڕێژەى سودەکەى حەڵاڵە؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێلدا ڕێککەوتووە کە ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیستی مانگانە و بەبێ پێشەکی بداتە مامۆستایان و ئەو زیادەیەشی دەچێتەسەری لەڕووی شەرعییەوە حەڵاڵ بێت. . عەتا ئەحمەد، جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆمپانیای جیهاندا کردووە، داوامان لێکردوون ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست بدەنە مامۆستایان و ئەوانیش بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕازیبوون و تەنها واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە ماوە". . سەبارەت بە چۆنێتی وەرگرتنی ئۆتۆمبێلەکان، جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایان ئاماژەی بەوەکرد، "بەپێی ڕێککەوتنەکە، هیچ پێشەکییەک لە مامۆستایان وەرناگیرێت و زیادەی 6٪ دەچێتەسەر ئۆتۆمبێلەکان." . عەتا ئەحمەد ڕوونیشیکردەوە، ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری توێتا دەبن و مامۆستایان ئازادن چ جۆرە ئۆتۆمبێلێکی توێتا دەکڕن و لە ماوەی سێ ساڵدا قیستەکەی دەدەنەوە و قیستی مانگانەکەی پەیوەست دەبێت بە نرخی ئۆتۆمبێلەکەوە کە تا گرانتر بێت مانگانەکەی زیاتر دەبێت. . سەبارەت بەوەی شێوەی قیستەکە حەڵاڵ و شەرعی دەبێت، جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایان بێ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەبارەی چۆنێتی قیستەکە بکات ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ کۆمپانیاکە ڕێککەوتوون کە قیستەکە بەشێوەیەکی شەرعی و حەڵاڵ بێت و دواتریش بۆ مامۆستایانی ڕووندەکەنەوە کە چۆن دەبێت. . لەوبارەیەوە ئەحمەد شافعی، ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەگەر لەکاتی کڕینی شتێکدا بە قیست مامەڵەکە تەنها لەنێوان دووکەسدا بوو، فرۆشیارەکە شتەکەی بە پارەی حازر بە نرخێک فرۆشت و بە قیست بە نرخێکی دیکە فرۆشتی ئەوە شەرعییە و لای هەرچوار مەزهەبەکە حەڵاڵە". . وتیشی، جۆری دووەم کە حەرامە و ڕێگەپێنەدراوە، ئەوەیە کاتێک کەسێک شتێک لە کۆمپانیایەک دەکڕێت، بانقێک یاخود کۆمپانیایەیەکی دیکە پارەکەی بۆ دەدات و دواتر، ئەو کەسە قیستەکە دەداتەوە بەو کۆمپانیایەی پارەکەی بۆداوە نەوەک ئەو کۆمپانیایەی شتەکەی لێکڕیوە، بۆیە ئەوە حەرامە و شەرعی نییە. . سەبارەت بە وادەی واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە، جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایان جەختیکردەوە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەشێوەیەکی فەرمی  ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کۆمپانیاکەدا واژۆ دەکەن و مامۆستایان دەتوانن ئۆتۆمبێل وەربگرن. . پێشتر و لەپێش ساڵی 2015 بەشێک لە مامۆستایان سودمەند بوون لە وەرگرتنی ئۆتۆمبێل بە قیست، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێم بڕیارەکە وەستێنرا و لەماوەی ڕابردوو و لەدوای لابردنی پاشەکەوتی موچە مامۆستایان داوایانکرد، جارێکی دیکە بڕیارێکی لەو جۆرە جێبەجێبکرێت.