گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان ڕاگەیەندراوێکى لەدژی چەند هەڵسوڕاوێکى بزوتنەوەکە بڵاوکردەوە

2019.06.19 - 14:55
گۆڕان ڕاگەیەندراوێکى لەدژی چەند هەڵسوڕاوێکى بزوتنەوەکە بڵاوکردەوە
ناس کورد- بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، هەر رەخنەیەک لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حکومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی کەسێتی، و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن و بە زمانێکی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی کەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بکرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان ناکات، بەڵکو رەتیشیدەکاتەوە. . لە ڕاگەیەندراوێکدا، بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت، "سەبارەت بە کێشە و پرسی نەوت و غاز، مادەی 140، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، کە هەموویان پرسی نیشتمانین و نابێ بکرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم و دەبێ بە رێکاری دەستووری و یاسایی چارەسەر بکرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبەشداری و هاوکاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەکانی کوردستان لە بەغدا." . دەشڵێت، "بۆ بابەتی نەوت و غاز و بودجەی هەرێمیش، بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەبێ بە رێگای دەستووری یاسایی چارەسەر بکرێت، ئەویش بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و دەرکردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریکردنی داهاتە تەرخانکراوەکانی فیدڕاڵی بەپێی ( مادەی 106ی دەستووری هەمیشەیی عێراق) و دروستکردنی ئەو دەستەیە بە زووترین کات کە 14 ساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بە گشتی خۆیان لە دەرکردنی ئەو یاسایانە ئەدزنەوە، کە دەرکردنی ئەو یاسایانە و دروستکردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران بدرێ، و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم." . ڕاشیگەیاند، "بزووتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروستبووە، و واشدەمێنێ، هەر لەگەڵ دەسپێکی کاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزووتنەوەیەدا، درووشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت."