گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دەیان دۆنم دەغڵ و دانى جوتیارانى قەرەهەنجیر ئاگرى گرت

2019.06.13 - 15:26
دەیان دۆنم دەغڵ و دانى جوتیارانى قەرەهەنجیر ئاگرى گرت
ناس کورد- وریا حسێن بەڕێوەبەرى ناحیەى قەرەهەنجیر ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆکارێکى نادیار، دەیان دۆنم لە دەغڵ و دانى جوتیارانى سنورى ناحیەکە سوتاوە. . ئاڤێستا شێخ محەمەد، بەڕێوەبەرى ناحیەى قەرەهەنجیر بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر1ى دوانیوەڕۆ، پەیوەندییان پێوەکردین، کە لە سنورى چەند گوندێکى ناحیەکەمان ئاگرکەوتووەتەوە، ئێمە بە ئامێرەکانى بەردەستمان لە شۆفڵ و تەنکەر لەگەڵ هێزى مرۆیى سنورەکە، ئاگرەکەمان کۆنترۆڵکرد". . بەڕێوەبەرى ناحیەى قەرەهەنجیر ئاماژەى بەوەشکرد، تا ئێستا هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە و قەبارەى زیانەکان ئاشکرا نەکراون، وتیشی: "ئەوە کارى بەرگرى شارستانییە کە ئێمە لە ناوچەکەدا نیمانە". . هەروەها بەڕێوەبەرى ناحیەى قەرەهەنجیر، نیگەرانى خۆى دەربڕى بەرامبەر بە حکومەتى عێراق و ئیدارەى کەرکوک، بەوەى کە تا ئێستا بەرگرى شارستانیان نییە لەکاتێکدا سنورێکى زۆریان لە دەغڵ و دان هەیە و ئەگەرى ئاگرکەوتنەوەیان زۆرە، ئاشکراشیکرد: "چەندین ساڵە داواى دروستکردنى بنکەیەکى ئاگرکوژێنەوەمان کردووە، بەڵام تائێستا نە کەرکوک نە هەرێم هیچیان بۆ نەکردووین، داواکارین بەزوترین کات ئەو بنکەیەمان بۆ بکرێتەوە". . ناحیەیى قەرەهەنجیر سەر بە پارێزگاى کەرکوکە و سەرجەم فەرمانگەکانى لەلایەن عێراقەوە ئیدارە دەکرێن، بەڵام چەند فەرمانگەیەکى کوردیشى تێیدایە کە هاوکارییان لەگەڵ ئیدارەى پارێزگاى کەرکوک هەیە. . .