گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەس شوێنى مەسرور بارزانى نەگرتووەتەوە

بارزانییەکان پاش ڕۆشتنیان دەسەڵاتەکانیان نەگواستەوە بۆ جێگرەکانیان

2019.06.11 - 20:20
بارزانییەکان پاش ڕۆشتنیان دەسەڵاتەکانیان نەگواستەوە بۆ جێگرەکانیان
ناس کورد لەماوەى 48 کاتژمێرى ڕابردووا، هەریەکە لەپۆستى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پۆستى ڕاوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایش دەکەونە بۆشایی ئیداریی و یاساییەوە و تائێستاش مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى کەسیان بۆ شوێنەکانى خۆیان ڕانەسپاردوە. . ڕۆژى دووشەممە 10ى حوزەیرانى 2019  نێچیرڤان بارزانى بەفەرمى سوێندنى یاسایى خوارد و بووە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هاوکات ڕۆژى سێ شەممە 11 حوەزەیرانى 2019 پەرلەمانى کوردستان مەسرور بارزانى کە ڕاوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایش بوو ناوزەدى کرد بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆهەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان. . کاوە عەبدولقادر، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، لەڕوى یاساییەوە دەبێت بەفەرمى سەرۆکى حکومەت ڕاوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم جێگرەکانیان ڕابسپیرن بۆ پڕکردنەوەى ئەو پۆستە، وتى: "لەڕوى یاساییەوە دەبێت جگیرەکانى نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى شوێنەکانیان پڕبکەنەوە". . ئەو ئەندامەى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان بڕواى وایە ئێستا شوێنى ئەو دوو بەرپرسە لەڕوى یاساییەوە پڕنەکراوەتەوە و بۆشایی ئیداریی دروستکردووە، وتیشى: "بەفەرمى نەگواستنەوەى دەسەڵاتەکان بۆ جێگرەکانیان کەموکوڕییە، دەبوو بەفەرمى ئەو کارەبکرایە". . بەگوێرەى زانیارییەکان، تائێستا بەفەرمى نە نێچیرڤان بارزانى دەسەڵاتەکانى بەکاتى بۆ قوباد تاڵەبانى گواستووەتەوە، نە مەسرور بارزانى بەکاتى دەسەڵاتەکانى بۆ هیچ کام لەسەرۆکى دەزگاکانى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم گواستەوە کە بەهێزترینیان خەسرەو گوڵ محەمەدە لەپشکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان. . عەبدوڵا حاجى مەحمود سەرۆکى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان، پێى وایە بەشێوەیەکى سروشتى ئەو پۆستانە تا دواى پێکهێنانى حکومەت وادەمێننەوە پاشان پڕدەکرێنەوە، وتى: "ڕاستەوخۆ کە ئێستا مەسرور بارزانى ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ، جێگرەکەى کاروبارەکان بەڕێوەدەبات". . ووتیشى: "حکومەت لەماوە 10 بۆ 15 ڕۆژى داهاتوو تەشکیل دەکرێت ڕاستەوخۆ ئەو پرسەش چارەسەر دەکرێت". . لەناو پارتیدا ناوى چەند کەسایەتیەک بۆ شوێنگرتنەوەى سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان تاوتوێکراوە، بەڵام تائێستا ناوى کەسێک یەکلایى نەبووەتەوە، یەکێک لەوانە (نەزهەت هالى) یە. . حیکمەت محمەد عەبۆ پەرلەمانتارى پارتى و ئەندامى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەماوەى کورتدا کە لە 10 ڕۆژ زیاتر نەبێت مەسرور بارزانى کابینەکەى خۆى پێشکەشى پەرلەمان دەکات بۆ پەسەندکردن، وتى: "لەماوەیەکى کەمدا ئەو فەراغە پڕدەکرێتەوە و نابێتە کێشە". . ئەو پەرلەمانتارەى پارتى جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، تائێستا کەس لە وەزیرەکان و کەسایەتیەکان بۆ شوێنى سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایش دیارینەکراوە و یەکلایى نەبووەتەوە، وتى: "هەرکاتێک یەکلایى بوویەوە ئەوا کاک مەسرور دەستینشانى دەکات و ئاڕاستەى ئێمە دەکرێت".