گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پۆلیسی دهۆک وردەکاری کوشتنەکەی ئاشکرا کرد

پۆلیس: بکوژەکەی دەلین ئامانجی دەستدرێژی سێکسی بووە

2019.06.09 - 10:27
پۆلیس: بکوژەکەی دەلین ئامانجی دەستدرێژی سێکسی بووە
ناس کورد- پۆلیسی دهۆک وردەکاری کوشتنی کچە 10 ساڵانەکەی دهۆکی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند بکوژەکە  بە مەبەستی دەستدرێژیکردنەسەری دلینی ڕفاندووە، بەڵام بە وتەی خۆی پێش ئەوەی دەستدرێژی بکاتەسەر بە “دارێکی تیژ” کوشتویەتی. . ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی حوزەیرانی 2019 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تاڕق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند: " دوو تۆمەتبارمان لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکردووە کە بران و یەکێکیان دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە ناسیاوی ماڵی باوکی دلین بووە، بەهۆی ئەوەی براکەشی ئاگاداری ڕووداوەکە بووە ئەویش دەستگیرکراوە". . وتیشی، ئەو کەسە تەمەنی 45 ساڵە کەسێکی مەترسیدارە  و پێشتر پێشینەی تاوانی هەبووە و ساڵی 2005 هەوڵی کوشتنی کەسێکی داوە. . بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک ئاشکرای کرد تۆمەتبارەکە لە گەڕەکی "سوزان" دلینی رفاندووە بۆ شوێنێکی چۆڵی گواستوەتەوە و هەوڵیداوە دەستدرێژی بکاتەسەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی دلین هاواری کردووە بە دارێکی شکاو کە وەک چەقۆ بەکاری هێناوە کوشتوویەتی و دواتر لە نزیک یاریگای دهۆک تەرمەکەی فڕێداوە. . تارق ئەحمەد باسی لەوەشکرد، تا ئێستا نازانرێت تۆمەتبارەکە دەستدرێژی کردووەتەسەر دلین یاخود نا، بۆیە چاوەڕوانی پشکینینی پزیشکی دەکەن، بەڵام بەوتەی تۆمەتبارەکە پێش ئەوەی دەستدرێژی بکاتەسەر کوشتوویەتی. . تاڕق ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کامێرای چاودێرییەوە توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن، داواشیکرد، سەرجەم هاوڵاتییان بۆ پاراستنی خۆیان و منداڵەکانیان کامێرای چاودێری لە دەرەوەی ماڵەکانیان دابنێن. . رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 5ی حوزەیران كاتژمێر 5ی ئێواره‌ دلین بێسه‌روشوێن بووە و دوێنێ شەممە 8ی حوزەیران تەرمەکەی له‌ نزیك یاریگای وه‌رزشی دهۆك لەلایەن پۆلیسەوە دۆزرایەوە. . دلین ته‌مه‌نی (10) ساڵ بوو و خوێندکاری پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی بوو، خاوەنی دوو خوشك و دوو برایە، كه‌سوكاره‌كه‌ی داوای لەسێداره‌دانی تۆمەتبارەکان ده‌كه‌ن. .