گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی تاوتوێ دەکەن

سەرکردایەتی پارتی لە سەر هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبێتەوە

2019.06.01 - 10:27
سەرکردایەتی پارتی لە سەر هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبێتەوە
ناس کورد- شەهرام عەزیز بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی کۆببێتەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش دەڵێت، لەکۆبوونەوەکەدا پرسی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی تاوتوێ دەکەن. . بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پرسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، پرسێکی گرنگ و گەورەیە لای پارتی، بۆیە لەکۆبوونەوەکەی ئەمرۆدا بە وردی تاوتوێی دۆخی ئەو ناوچانە دەکەین". . ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لەتەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان، تایبەت دەبێت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، بەتایبەت دروستبوونی کێشەکانیان لەسەر پارێزگاری کەرکوک. . ڕۆژی 28ی مانگی ڕابردوو دانیشتنی  پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەبێ فراکسیۆنی یەکێتی بەڕێوەچوو، تێیدا نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا، ئەوەش نیگەرانی یەکێتی بەدوای خۆیدا هێنا و مەکتەبی سیاسی یەکێتیش ڕایگەیاند، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌بێ ده‌نگی فراكسیۆنەکەیان، پرسی بڕیاردان و شه‌رعییه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستاندا ده‌خاته‌ دۆخێكی نوێوه. . دوای دانیشتنەکەی پەرلەمانیش، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، چیتر چاوەڕێ ناکەن و وەک چۆن سەرۆکی هەرێمیان هەڵبژارد، ئاوهاش دەست بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەن.