گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنى یەکێتى و نەوەى نوێ بەشدارى دانیشتنەکەیان نەکرد

بەدەنگى 68 پەرلەمانتار نێچیرڤان بارزانى بە سەرۆکى هەرێم هەڵبژێردرا

2019.05.28 - 11:35
بەدەنگى 68 پەرلەمانتار نێچیرڤان بارزانى بە سەرۆکى هەرێم هەڵبژێردرا
ناس کورد- سەرەڕاى بایکۆتکردنى دانیشتنەکە لەلایەن فراکسیۆنى یەکێتى و نەوەى نوێ، سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان کاندیدەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان خرایە دەنگدان و بە دەنگى 68 پەرلەمانتار نێچیرڤان بارزانى بە سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەڵبژێردرا و چوار رکابەرەکەى تر دەنگى هیچ پەرلەمانتارێکى بەدەستنەهێنا. . لەدانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا کە تایبەت بوو بە دەنگدان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی نەوەی نوێ بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی هەر زوو راگەیاند و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دانیشتنەکەش فراکسیۆنی یەکێتی بریاریاندا بەشداری لە دانیشتنەکەدا نەکەن. . لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەوەی پرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی نەکراوەتەوە بەو هۆیەوە فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری ناکات و دەنگ بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نادات. . هاوکات لەتیف شێخ عومەر وتەبیژی یەکێتی، پارتی دیموکراتی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەپێی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ دانانی پارێزگارێک بۆ شاری کەرکوک لە پشکی یەکێتی گرفت دروستدەکات. . لەگەڵ ئەوەی چاوەڕواندەکرا دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بە هۆی بایکۆتی فراکسیۆنی یەکێتییەوە دوابخرێت بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکەی بەڕێوە برد و کاندیدەکانی سەرۆکی هەرێمی خستە دەنگدانەوە و لە ئەنجامدا لە كۆی 81 پەرلەمانتار كە لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا ئامادەبوون، 68 پەرلەمانتاریان دەنگیان بە نێچیرڤان بارزانی دا بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان. . -ژیننامەی (نێچیرڤان بارزانی): . - لە 21ی ئەیلوولی 1966 لە حاجی ئۆمەران لەدایكبووە - لە 1975 لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئاوارەی ئێران بوون - خوێندكاری بەشی زانستە سیاسییەكان بووە لە زانكۆی تاران - لە 1989 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی - لە 1996 بووەتە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان - لە 1999 بووەتە سەرۆكوەزیران (كابینەی چوارەم) - 2006 بووەتە سەرۆكوەزیران (كابینەی یەكگرتنەوە) - لە 2011 بۆ 2013 جارێكی دیكە بووەتەوە سەرۆكوەزیران - لە 2013 جارێكی دیكە پۆستی سەرۆكوەزیرانی وەرگرتەوە تاوەكو 2018 - لە كۆنگرەی 13ی پارتیدا بووەتە جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان - 3/12/2018 كرایە بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان - خێزاندارە و باوكی پێنج منداڵە بەناوەكانی (ئیدریس، چیاڤان، رانیە، دانیال و مایا). - رۆژی 28-5-2019 بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا .