گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە شەڕی ناوێت، ئێران بڕوای پێ‌ ناكات و بە پەیمانشكێن ناویدەبات

2019.05.22 - 09:44
ئەمریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە شەڕی ناوێت، ئێران بڕوای پێ‌ ناكات و بە پەیمانشكێن ناویدەبات
ناس كورد- كۆنگرێسی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكات دوناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەڕاشكاوی وتوویەتی"شەڕمان لەگەڵ ئێران ناوێت، بەڵام هەنگاوی سەربازیش دژی بەدوور نازانین"، هەرچی بەرپرسانی ئێرانیشە بڕوا بەم قسەیە ناكەن و دەڵێن هەموو شتێك لە وڵاتێكی پەیمانشكێن چاوەڕواندەكرێت. . كۆنگرێسی ئەمریكا كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و تیایدا میوانداری مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكای كرد بۆ پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەبارەی گرژییەكانی ئەمدواییەی ئەمریكا و ئێران و لە كۆبوونەوەكەدا پۆمپیۆ جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەمریكا نیەتی هەڵگیرسانی شەڕی دژی ئێران نییە، بەڵكو ئامادەكاری دەكات بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی ئێرانی بۆ سەر ئەمریكا. . لەپەراوێزی كۆبوونەوەكەدا ئەندامێكی كونگرێسی ئەمریكا، روونیكردەوە"واشنتۆن وەڵامی هەر هێرشێكی دوژمنكارانەی ئێران دەداتەوە، هیواخوازین تاران هەڵسوكەوتی بگۆڕێت". . هاوكات مایك مەكۆڵی پەرلەمانتار لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە كردووە " ئەمریكا نیەتی هەڵگیرسانی شەڕی لەناوچەكەدا نییە، بەڵكو دەیەوێت بەر بە كارە دوژمنكارییەكانی ئێران بگرێت". . لەلایەكی ترەوە وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری بە ئەمریكا دەدات لەوەی یارییەكی ترسناكی دەستپێكردووە بە كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر لە ناوچەیەكی بچوكدا، دەشڵێت: "ئامادەی گفتوگۆ نین لەگەڵ لایەنێكی پەیمانشكێن". . محەمەد جەواد زەریف، وەزیری درەوەی ئێران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی واشنتۆن ڕێزی لە ڕێككەوتنە ئەتۆمیەكە لەگەڵ ئێران نەگرت و پەیمانی شكاند، ئەگەری ئەنجامدانی هیچ ڕێكەوتنێك لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بوونی نییە. . سەبارەت بە ناردنی هێز و چەكێكی زۆر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمریكاوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە كرد، ئەمریكا یارییەكی مەترسیداری دەستپیكردووە و ناردن و كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر لە ناوچەیەكی بچوكدا هەموو كات ئەگەری ڕوودانی پێكدادانی لێدەكەوێتەوە. .