گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەموو ئاسانكارییەك بۆ هاتنی هاوڵاتیانی خوار و ناوەڕاستی عێراق كراوە

گەشتوگوزاری هەرێم پێشبینی دەكات لە جەژنەدا 250 هەزار گەشتیار ڕوو لەهەرێم بكەن

2019.05.21 - 16:19
گەشتوگوزاری هەرێم پێشبینی دەكات لە جەژنەدا 250 هەزار گەشتیار ڕوو لەهەرێم بكەن
ناس كورد- وریا حسێن دەستەى گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكات بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، وتەبێژی دەستەكەش پێشبینی دەكات، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان زیاد لە 250 هەزار گەشتیار، سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن. . نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوازی هەرێمی كوردستان بەناس كورد-ی ڕاگەیاند: "وەك هەموو ساڵێك ئەمساڵیش لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە دەستمان كردووە بە ئامادەكاری لە ئاستی شار و شارۆچكەكان، بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران و بەدواداچون و چاودێریكردن و ڕێكخستنی شوێنە گەشتیارییەكان، لەگەڵ كەرتی تایبەتیش هەماهەنگیمان هەیە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیارن بكەین لەم جەژنەدا". . وتەبێژى گشەتوگوزارى هەرێم ئەوەشى وت: "پێشبینی ئەوە دەكەین ژمارەیەكی باشی گەشتیار ڕوو لەهەرێمی كوردستان بكات، جەژنى ڕەمەزانى پێشوو 250 هەزار گەشتیار هاتنە هەرێم، بۆ ئەم جەژنە پێشبینى دەکەین ژمارەکە بەرزببێتەوە". . گەشتوگوزاری هەرێم لە پلانیدایە ئەمساڵ بە شێوەیەكی جیاواز و سەرنجڕاكێش پێشوازی لە گەشتیاران بكەن، بە وتەى نادر ڕۆستى، هەوڵدەدەن هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكانی بواری گەشتیاری بۆ حەوانەوەی گەشتیاران ئامادە بكەن كە زۆرینەیان لە خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی هەرێم دەكەن، وتیشی: "لە هەموو ڕویەكەوە ئاسانكاری باش كراوە، بۆیە هەموو هاوڵاتیەكی عێراق بە تاك یان گروپ یان خێزان سەردانی هەرێم بکات، ڕێوشوێنی پێویستی بۆ ئامادەكراوە و پێشوازیەكی گەرمی لێدەكرێت و خزمەتگوزارییەكی باشی پێشكەش دەكرێت". .   بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕێژەی سەردانیكردنی گەشتیار بۆ ساڵی 2018 زیاتر لە 3 ملیۆن گەشتیار بووە، ئەوەش پاش ئەوەهات لە ساڵى 2017دا بەهۆی كێشەكانی هەولێر و بەغداد و ڕوداوەکانى 16ی ئۆکتۆبەرەوە، هاتنى گەشتیارى عێراقى بۆ هەرێم بۆ نزیک لە سفر دابەزى. . .