گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ترەمپ چاوەڕێی تەلەفۆنێکى بەرپرسانى ئێرانە و ڕۆحانیش دەڵێت ئەوە خەون و خەیاڵە

2019.05.18 - 20:49
ترەمپ چاوەڕێی تەلەفۆنێکى بەرپرسانى ئێرانە و ڕۆحانیش دەڵێت ئەوە خەون و خەیاڵە
ناس کورد- بەرپرسێکى باڵای ئەمریکی ڕایگەیاند، بەرپرسانى واشنتۆن چاوەڕێی پەیوەندییەکى تەلەفۆنین لە بەرپرسانى تارانەوە بۆ کەمکردنەوەى بارگرژییەکان، بەڵام تاران هیچ خواستێکى نییە لەوبارەیەوە. ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەى ترەمپ بە ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی وتووە، ترەمپ ئامادەى دانوستانە لەگەڵ بەرپرسانى ئێران و دەڵێت، "بە دیار تەلەفۆنەکەوە دانیشتووین"، بەڵام هیچ ئاماژەیەک دەرنەکەوتووە لە خواستی ئێران بۆ پەیوەندیکردن بە کۆشکی سپییەوە. . لەلایەکی ترەوە، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادە نییە ڕێککەوتنێکى نوێ لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکات. رۆحانی دەشڵێت، "ئەوەى ئەمریکا دەڵێت کە گوایە تاران ناچار بە گفتوگۆدەکات خەون و خەیاڵە، ئێمە لەگەڵ گفتوگۆ و دانوستانین بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕێککەوتنێکى تر لەگەڵ ئەمریکا ناکەین.