گه‌ڕان

Shadow Shadow
ئارێز عەبدوڵا

فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی ھەرێم !

2019.05.14 - 08:15
فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی ھەرێم !
ئارێز عەبدوڵڵا . لە ھەلومەرجێکدا کە ھەموومان چاوەڕوانی ئەنجام و لێکەوتە باشەکانی رێککەوتن و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمین، ئەمڕۆ لەپڕ ھەواڵی گواستنەوەی نزیکەی ھەموو فەرمانبەرە یەکێتیەکان و چەند پارتیەکی ناو دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ وەزارەتەکان بڵاوکرایەوە. ئەو ھەواڵە لە ئەنجامی بڕیارێک بوو کە بە ئیمزای سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەرکراوە. بەراستی ئەو بڕیارە جێگای نیگەرانیە، چونکە: . یەکەم: ئەو فەرمانبەرانە دەمێکە لەوێ کاردەکەن. ئەگەر گواستنەوەشیان پێویست بێت دەبوایە چاوەڕوانی ھەڵبژاردنی سەرۆک و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بوان. . دووەم: ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە حکومەتێکی ھاوپەیمانی پێک دەھێندرێ و خەڵکی چاوەڕوانی کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان و بەیەکەوە کارکردنن، نەک پاکتاوکردنی دامەزراوەکان و تاپۆکردنیان لەسەر لایەنێکی دیاریکراو. . سێیەم: سەیرکردنی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەچاوی حزبی و مامەلەی حزبایەتی کارێکی نەشیاوە، ئەبێ ھەموو لایەک بزانین کە دامەزراوەکانی دەوڵەت موڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانن و ناکرێ لایەنێک یان چەند لایەنێک لە ئەلف تا ی خاوەندارێتیان بکەن. . چوارەم: لە ھەرێمی کوردستان ئازادی بیر و باوەڕ و حزبایەتی ئازادە، ناکرێ بەھۆکاری بیروبۆچونی جیاواز ھاوڵاتیان بەگشتی و کارمەندانی حکومەت بەتایبەت لە مافەکانیان بێ بەش و جیاکاریان پێبکرێ. . پێنجەم: سزادانی بەکۆمەڵ کارێکی نا دەستوری و رێکارێکی نایاساییە و نابێ ئەو جۆرە ھەنگاوانە بندرێن. . شەشەم: راستە چەند ئەندامێکی پارتیش لەناو ئەو لیستەدان، بەڵام ئایا ئەوانە بەئاگری یەکێتیەکانەوە سوتاون یان بۆ پاساوی پاکتاوکردن کراونەتە قوربانی؟ حەوتەم: سەرەڕای ئەوەش ھەواڵێکی وا ھەیە کە ھەندێ فەرمانبەری پلە باڵای سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەندێ جێگای تریش ناچار بەخۆ خانەنیشکردن دەکرێن. ئەوەش ھەنگاوێکە کە نە لەڕووی سیاسی و نە لە روِوی یاسای لەبەرژەوەندی گشتی نییە و نابێ. . لە کۆتاییدا ھیوادام سەرۆکی حکومەت ئێستا و سەرۆکی ئاییندەی ھەرێم چاوێک بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە یەکێتی چاو لەو بڕیارە و بڕیاری تری لەو جۆرەش ناپۆشێ، چونکە لە پشتی ئەو جۆرە بڕیارانە بابەتی تر دەخوێندرێنەوە، ئەو بابەتانەش نیگەرانی و دڵەراوکێ و ترس لەناو خەڵکی کوردستان دروست دەکەن. .