گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێککەوتنى نهێنی بەشێک لە پزیشک و دەرمانخانەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان [تایبەت]

2019.05.01 - 20:16
ڕێککەوتنى نهێنی بەشێک لە پزیشک و دەرمانخانەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان [تایبەت]
 

"پزیشکی وا هەیە بۆ یەک جۆری دەرمان ڕێککەوتنى لەگەڵ سێ کۆمپانیادا کردووە، بۆ نمونە دەرمانی (ئێکس)ی نەخۆشی شەکرە بە سێ کۆمپانیای جیاواز هەیە، پزیشکەکە هەمان دەرمانی لە دوو کۆمپانیا بۆ نەخۆش نوسیوە تەنها بۆئەوەى دەرمانەکە ساغ بکاتەوە و قازانج لە هەردوو کۆمپانیاکە بکات، ئێ نەخۆشیش نازانێت و ناتوانێت بیخوێنێتەوە هەمان دەرمانن بەڵام بە کۆمپانیای جیاواز"

  کەرتی تەندروستى و دەرمان لە هەرێمی کوردستان نەک هەر کەموکورتی هەیە بەڵکو هەندێجار کارەساتی خوڵقاندووە، نەخۆش تەنها بەدەست کەمی خزمەتگوزاریی و جۆرێتى (کواڵێتى) کەرتەکەوە گیری نەخواردووە، بەڵکو لە بەدواداچوونێکى ناس کورد-دا دەردەکەوێت بەشێک لە پزیشک و دەرمانەخانە و کۆمپانیاکانى دەرمان تەنها بۆ "قازانجی خۆیان" یاری بە تەندروستى و گیرفان و لایەنى دەرونی نەخۆشەوە دەکەن. بەپێی بەدواداچوونێکى ناس کورد کە چاوپێکەوتنى لەگەڵ چەند نوێنەرێکى فرۆشتنى کۆمپانیاکانى دەرماندا ئەنجامداوە دەرکەوتووە، بەشێک لە پزیشک و دەرمانخانە و کۆمپانیاکانى دەرمان ڕێککەوتنى نایاسایی دەبەستن، لەلایەک دکتۆرەکان دەرمانی کۆمپانیاکان ساغدەکەنەوە لە بەرانبەر وەرگرتنى پارە و کەلوپەلی گرانبەها و لەلایەکی دیکەشەوە دەرمانخانە و کۆمپانیاکانی دەرمان دەرمانەکانیان دەفرۆشن بەبێ لەبەرچاوگرتنى شیاوی و بەرزی و نزمی جۆرێتى ئەو دەرمان و پێداویستیانە کە زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی تەنها نەخۆش و خەڵکی هەرێمی کوردستانە. .

"پزیشکی وا هەیە بە خانوو و ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەرمانی ساغکردووەتەوە"

لە بەدواداچوونەکەى ناس کورد-دا،نوێنەرێکى فرۆشتنى کۆمپانیاکانى دەرمان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت باسیان لە چەند ڕێککەوتنێک کرد لەنێوان پزیشک و دەرمانخانەکاندا. وەک ئەوان دەڵێن، چەند جارێک سەردانی پزیشک و دەرمانخانەکان دەکەن بۆ نیشاندان و فرۆشتنى دەرمان، چەندجارێک شکستی نوێنەری فرۆشتن بە قەناعەتپێکردنی پزیشکەکە لەڕێگەى شیکردنەوە و توێژینەوەى زانستی بۆ جۆرێتى دەرمانەکە، دواجار بەشێک لە پزیشکەکان دەستپێشخەری ڕێککەوتن دەکەن بۆ کۆمپانیاکان بۆ ساغکردنەوەى دەرمانەکان لەبەرامبەر خەڵاتی گرانبەها. ئەو کەسانە ڕەتیانکردەوە سەرجەم پزیشک و دەرمانخانەکان ئەو کارە بکەن و وتیان، "بەشێک لە پزیشکەکان ڕێککەوتن و مامەڵە ڕەتدەکەنەوە و تەنها بەپێی بەرزی و نزمی جۆرێتى (کواڵێتى) دەرمان مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن." . .

"بەیانیان دەرمانی (ئەلف) بخۆ و ئێوارانیش دەرمانی (بی)"

بەپێی بەدواداچوونەکان، پزیشکی وا هەیە لە یەک کاتدا و بۆ یەک جۆری دەرمان ڕێککەوتنى لەگەڵ سێ کۆمپانیای جیاوازدا کردووە، بۆ نمونە دەرمانی (ئێکس) کە بۆ شەکرە بەکاردەهێنرێت و سێ کۆمپانیای جیاواز ئەم دەرمانەیان هەیە، هەرچەندە نەخۆشەکە پێویستى بە یەک جۆری دەرمانی (ئێکس) هەیە، بەڵام پزیشکەکە دەرمانەکەى بە دوو کۆمپانیا نوسیوە بۆئەوەى لە ڕێککەوتنى هەردووکیان قازانج بکات، ئێ نەخۆشیش نازانێت و ناتوانێت بیخوێنێتەوە کە هەردوو دەرمانەکە یەکن." جاری وا هەبووە نەخۆش ئەگەر دەرمانی (ئەلف)ی بۆ نوسرا ئیتر پێویستى بە دەرمانی (بی) نییە، بەڵام پزیشکەکە هەردوو دەرمانەکەى بۆ نوسیوە و پێی وتووە، "بەیانیان دەرمانی (ئەلف) بخۆ و ئێوارانیش دەرمانی (بی) بخۆ." .

"خراپترین و بۆگەنترین ڕێککەوتن"

نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیاکانى دەرمان بە ناس کورد-ی وت، "کاتێک بەشێک لە پزیشکەکان بە هەندێک ئاماژەى جۆراوجۆر دوای ڕێککەوتن دەکەن، ئێمەش دەڵیین، کۆمپانیا وتوویەتى کاک دکتۆر هەرچییەى ویست لە خزمەتیدا دەبین." دواتر ئەو پزیشکانە ئەو شتانە ئاشکرادەکەن کە پێویستییەتى، بۆ نمونە هەندێکیان داوای گەشتێکى ئەمریکا بۆ خۆی یان بۆ خۆی و خێزانەکەی دەکات، یان داوای خانوو، زەوی، ئۆتۆمبێل یان موبایل دەکات بەڵام زۆربەیان داوای گەشتێکى دەرەوەى وڵات دەکەن. هەندێکجار، پزیشک بە وەرگرتنى پشکێک لە قازانج دەرمان دەنوسێت، بۆ نمونە، کۆمپانیای (ئەلف) لەگەڵ پزیشکێکدا ڕێکدەکەوێت کە بۆ ساغکردنەوەى هەر پاکەتێک دەرمانی (ئێکس) بۆ نەخۆش یەک دۆلار بۆ پزیشکەکە دەبێت، بۆ نمونە، ئەگەر لە مانگێدا 300 پاکەتی لەو دەرمانە ساغکردەوە، ئەوە سەری مانگ کۆمپانیای ڕێککەوتوو بڕی 300 دۆلاری پێ دەدات. هەندێکجار پزیشکەکان داوای پشکی گەورە دەکەن بۆ نمونە داوای پشکی 30% دەکەن بۆ هەر پاکەتێک لە دەرمانی (ئێکس). .

بەشێک لە دەرمانخانەکانیش بەشدارن لە ڕێککەوتنەکە

ئەگەر نەخۆش لە ڕێککەوتنى پزیشک ڕزگاری ببێت، ڕوبەڕوی ڕێککەوتنى بەشێک لە دەرمانخانەکان و کۆمپانیاکان دەبێتەوە، چونکە بەشێک لە دەرمانخانەکانیش لەگەڵ کۆمپانیاکاندا ڕێککەوتن دەکەن بۆ ساغکردنەوەى دەرمان بەبێ گوێدانە بەرزی و نزمی جۆرێتى دەرمان. بۆ نمونە، پزیشک هەیە حەبی پاراسیتۆڵ دەنوسێت بۆ نەخۆش، لەسەر ڕەچەتەى دەرمان تەنها ناوی زانستی "پاراسیتۆڵ" دەنوسێت و جۆرەکەى دیاری ناکات، لەم کاتەدا، بەشێک لە کۆمپانیاکانى دەرمان ئۆفەری ڕێککەوتن ڕوبەڕوی دەرمانخانەکان دەکەنەوە، بۆ نمونە، کۆمپانیای (ئەی) لە 100 پاکەت دەرمان 30 پاکەت بە خۆڕایی دەداتە دەرمانخانەى (یەک) لە بەرامبەر ساغکردنەوەى دەرمانەکەى، لە بەرامبەر ئەوەدا، کۆمپانیای (بی) ئۆفەرێکى چەوتری بە دەرمانخانەکە دەدات، گەشتێکی دەرەوەى وڵات و پشکی 50%ی قازانجی دەرمانەکە بە دەرمانخانەکە دەدات لە بەرامبەر ساغکردنەوەی دەرمانەکەدا، ئەوکاتە دەرمانخانەکە بە ئارەزویی خۆی ئۆفەری یەکێکیان هەڵدەبژێرێت و دەرمانی (ئێکس) بە نەخۆش دەدات بەبێ گوێدانە نرخ و جۆرێتى دەرمانەکە. .

"دکتۆر وەرە بیناکەمەوە، کرێ و موچەى ستافەکەت لەسەر من"

جۆرێکى تر لە ڕێککەوتنەکان، ڕێککەوتنى نێوان بەشێک لە پزیشک و دەرمانخانەکانە، ئەویش بریتییە لە گواستنەوەى شوێنی نۆرینگەى پزیشکەکە لە بەرانبەر ساغکردنەوەى دەرماندا، بۆ نمونە پزیشکێک لە بینای (ئەلف) نۆرینگەى هەیە، یەکێک لە دەرمانخانەکان کە خۆی خاوەنی بینای (بی)ـە داوا لە پزیشکەکە دەکات بۆئەوەى نۆرینگەکەى بگوازێتەوە بۆ بینای (بی) لەبەرامبەردا کرێی بیناکە و خزمەتگوزاری و موچەى ستافەکەى لەسەر دەرمانخانەکە دەبێت، هەندێجار خەڵاتێک و پشکێکیش لە دەرمانخانەکەى پێ دەدات. هۆکاری ئەم کارەى دەرمانخانەکە بۆئەوەیە ئەو پزیشکە دەرمان زۆر ساغ دەکاتەوە یان ئەو دەرمانە ساغ دەکاتەوە کە دەرمانخانەکە دەیەوێت. .

"بمنێرە بۆ فڵان کۆنفڕانس و کۆبوونەوەى زانستی"

بەشێک لە پزیشکەکان لە بەرانبەر ساغکردنەوەى دەرمانەکاندا، داوای پشتگیری کۆمپانیاکان دەکەن بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسێکى زانستیدا، بۆ نمونە دەڵێن کۆنفڕانسێک هەیە لە فەڕەنسا یان ئیسپانیا ئیتر بە پێدانی پارەى ڤیزا یان تۆمارکردن یان خەرجی تەواوی گەشتەکەى لەگەڵ کۆمپانیاکەدا ڕێککەدەکەوێت. .

ڕێگەچارە چییە؟

بەشێک لە نوێنەرانى فرۆشتنى دەرمان بە ناس کوردییان وت، ڕێگەچارەى ئەم گێژاوە هەنگاوەکانى سەندیکای دەرمانسازانی کوردستانە بۆ ڕێکخستنەوەى نرخی دەرمانەکان کە هەر دەرمانخانەیەک نرخی دەرمانەکانى پێدراوە و دەبێت بەپێی ئەو لیستە دەرمانەکان بفرۆشێت کە ئەوەش ڕێگرە لەبەردەم چڵێسی و خراپ بەکارهێنانی کەرتەکە لەلایەن بەشێک لە دەرمانخانەکانەوە. یەکێکى تر لە ڕێکارەکانى سەندیکا، نابێت پزیشک دەرمان بەناوی کۆمپانیاکانەوە بنوسێت و تەنها دەبێت ناوی زانستی دەرمانەوە بێت بۆئەوەى پزیشکەکە قۆرغکاری نەکات بۆ هیچ کۆمپانیایەک.