گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پۆلیسی سلێمانی: كوڕێك بەچەقۆ باوكی خۆی كوشت

2019.04.10 - 11:44
پۆلیسی سلێمانی: كوڕێك بەچەقۆ باوكی خۆی كوشت

ناس كورد-

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لەیەكێك لەگەڕەكەكانی شاری سلێمانی كوڕێك بەچەقۆ باوكی خۆی دەكوژێت و هەڵدێت و هەتا ئێستا دەستگیر نەكراوە.

سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند "بەڕێوەبەرایەتیمان لە رووداوێكی كوشتن لەگەڕەكی چوارباخ لەسلێمانی ئاگادار كرایەوە و دەركەوت كوڕێك بە چەقۆ باوكی خۆی كوشتوە".

سەركەوت ئەحمەد روونیكردەوە، كوڕەكە لەدوای ئەوەی باوكی دەكوژێت هەڵدێت و هێزەكانمان لەهەوڵی دەستگیركردنیدان.

جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە تائێستا هۆكاری رووداوەكە نەزانراوە و دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و تەرمی كوژراوەكەش گواستراوەتەوە بۆ پزیشكی دادی سلێمانی.

دوێنێ‌ (سێشەممە) لە یەكێك لەكافتریاكانی شەقامی سالم لەسلێمانی گەنجێك كوژرا و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی راگەیەندراوێكی لەبارەی رووداوەكە بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە لەسەر رووداوەكە 4 كەس دەستگیركراوە و ئەنجامدەری سەرەكی تاوانەكە هەڵهاتووە و دەستگیر نەكراوە.