کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا
مامۆستایه‌كى زانكۆ ده‌ڵێت، له بیناى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى سلێمانى له‌كاتێكدا سه‌رقاڵیى وه‌رگرتنى تابلۆی ئۆتۆمبیڵه‌كه‌ى ده‌بێت، به‌ڵام له جێگه‌ى تابلۆکەی خۆی تابلۆیەکی دیکەی دەدەنێ، هۆکارەکەشی بۆ جوانی ژمارەی تابلۆکەی دەگەڕێنێتەوە.
هیوا سه‌لام، كه مامۆستایه‌كى زانكۆیه له هه‌رێمى كوردستان به ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند: "بۆ سێیەمین جارە ژماره بۆ ئۆتۆمبێل وه‌رده‌گرم و هەموو جارێک کام ژمارە ناشیرینە پێمیده‌ده‌ن، بەڵام ئەمجارە سیستەمەکە ئیشی کرد و ژمارە "276076" م بۆ دەرچو، دڵم بەوە خۆش‌بوو کە بۆ یەکەمجار ژمارەی سەیارەی خۆم ئاسانە و بیرم ناچێتەوە".
ئەو مامۆستای زانکۆیە دەڵێت، ڕۆژى پێنجشه‌ممه چوە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی وەربگرێتەوە، دوایی نزیکەی دوو کاتژمێر چاوەڕوانی، هیچ كارمه‌ندێك له‌به‌شى ژماره‌كان، ژماره‌كه‌ى ئەوی نەخوێندۆتەوە، "له کۆتاییدا تەنیا من لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی مامەوە لەگەڵ ئەو ژمارەیەى کە لەگەڵ پسوڵەکەی دەستی من یەک ناگرێتەوە".
"برادەرانی هاتوچۆ بە جۆرێک تێ‌یان گەیاندم کە ڕەقەمەکەی من بەر حەملەی واستە و ڕەشوە کەوتووە و دراوە بە کەسێکی دیکە، ئەوەشیان بۆ من جێهێشتووە كه ژماره‌كه‌ى "276067"ەو 76ی کۆتایی گۆڕاوە بە 67"، هیوا سه‌لام واى وت.
وتیشی: "لە ڕاستیدا بۆ من 67 و 76 جیاوازی نییە، تەنیا ئەم بەزمەی هاتوچۆ کە بە بیانوی یاسا و سیستەمەوە ڕۆژانە سەدان هەزار دۆلار کۆ دەکەنەوە، ئەوەی باشتر تێیگەیاندم کە كێشەی ئێمە لە نەبونی عەقڵە، هەزار سیستەمی پێشکەوتو بێتە ئەم وڵاتە، هەر بێسودە،عەقڵی ئێمە سیستەمیش بێعەقڵ دەکات".
هیوا سەلام ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژمارەکەی خۆی دەوێتەوە، ئه‌فسه‌رێكى هاتوچۆى سلێمانیش به‌پله‌ى ڕائید ئه‌مڕۆ هه‌ینى په‌یوه‌نى پێوه كردووه، پێیان وتووە، "یەکشەممە بەدواداچون بۆ کەیسەکەت دەکەین".
ناس كورد، چەند جارێك پەیوەندی بە كاروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كرد، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.