گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەوڵی دابەزاندنی نرخی تەماتە دەدات

2019.03.29 - 17:37
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەوڵی دابەزاندنی نرخی تەماتە دەدات

 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

عێراق بڕیاری ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی تەماتە هەڵوەشاندەوە، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش هۆکارەکەی بۆ ڕێگری لە گرانبوونی نرخی ئەو بەرهەمە گەڕاندەوە.

 

حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "وەزارتی كشتوكاڵ بڕیارێكی پێشووی سەبارەت بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتەی هەڵوەشاندەوە، كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2018 بریاری لەسەر دابوو".

سەبارەت بە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وتی: "هۆکارەکەی بۆ ڕێگرتنە لەو قۆرخكاریەی هەیە، چونکە نرخی تەماتە بە جۆرێک بەرزبوەتەوە گەیشتۆتە 2 هەزار دینار بۆ یەک کیلۆ، بۆیە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕێگەی داوە بە هەموو بازرگانەكان بۆ هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە، لە هەموو دەروازە سنوریەكانەوە جگە لەو دەروازانەی دەكەونە سنوری شاری بەسەڕەوە".

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە نرخی تەماتە بەرزبۆتەوە، هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ لەم وەرزەدا دەگەڕێنرێتەوە، پێشتریش وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ پاڵثشتی لە بەرهەمی ناوخۆ بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی چەند بەرهەمێک دەرکرد.