گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارێزگاری سلێمانی بێ دەسەڵاتە

مەلا یاسین چەند پێشنیارێک ئاڕاستەی مەسرور بارزانی دەکات

2019.03.26 - 15:26
مەلا یاسین چەند پێشنیارێک ئاڕاستەی مەسرور بارزانی دەکات

ناس کورد- ئەحمەد مستەفا

 

 

سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان داوا لە مەسرور بارزانی دەکات لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا ئه‌نجومه‌نێكى باڵای ئابوورى دروستبكات تا نەخشەڕێگای ئابووری هەرێمی کوردستان بکێشێت، هەروەها داواش دەکات کە بارزانی کۆتایی بە کاری هەندێک کۆمپانیای حزبی بهێنێت.

 

یاسین مەحمود ناسراو بە مەلا یاسین، سەرۆک و وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ناس کورد کە سبەینێ دەقەکەی بڵاودەبێتەوە، پێشنیار دەکات بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، ئه‌نجومه‌نێكى باڵای ئابوورى دروستبکرێت كه‌ سەرجەم سەرۆکایەتییەکان لەخۆبگرێت هه‌روه‌ها ڕێكخراوه‌كانى كه‌رتى ئابوورى و پسپۆڕان تێدابه‌شداربكرێن، "تا له‌ڕێگاى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ بۆ دۆخى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان بڕیاربده‌ن و نه‌خشه‌ڕێگاى ئابوورى بۆ هه‌رێمى كوردستان دابنێن و پڕۆژه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت و دواتر په‌ڕله‌مان بكرێن."

 

سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنان جەخت دەکاتەوە کە پارتی و یەکێتی و گۆڕان كۆمپانیاى حزبی و پڕۆژه‌یان هه‌یه‌، دەشڵێت: "به‌ڕاستى ده‌بێت مه‌سرور بارزانى كۆتایى به‌كارى هه‌ندێك كۆمپانیاى حزبى بهێنێت، ناكرێت هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانى ژیانى خه‌ڵك به‌ده‌ست كۆمپانیا حزبییه‌كانه‌وه‌ بێت، ئێسته‌ واى لێهاتووه‌ هه‌ندێك له‌ كۆمپانیان حزبییه‌كان داده‌به‌زنه‌ خواره‌وه‌ به‌ نۆكاوفرۆشێكیش ده‌ڵێت ده‌بێت پشكمان له‌گه‌ڵت هه‌بێت."

 

هەرچی لەبارەی دۆخی وەبەرهێنانەوەیە لە شاری سلێمانی، مەلا یاسین ڕایدەگەیەنێت کە ماوه‌ى چوار ساڵه‌ كێشه‌ى سیاسى له‌ سلێمانى هه‌یه‌ په‌یوه‌ندى یه‌كێتى و گۆڕان باش نیه‌، دەشڵێت: "له‌م شاره‌دا ڕۆتین ده‌ستى خستۆته‌ جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى كاره‌ ئیدارییه‌كان و‌ پارێزگارى ئێستا بێ ده‌سه‌ڵاته‌. ئه‌وه‌ى ئێستا كێشه‌یه‌ بۆ سلێمانى و وه‌ك وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌یبین، ئه‌وه‌ ڕۆتین گه‌شتۆته‌ ئاستێكى خراپ و كه‌مبونه‌وەى ده‌سه‌ڵاتى پارێزگار و په‌یڕه‌وكردنى سیاسه‌تێكى نه‌رێنى له‌ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى."