گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەر لە ئێستاوە زۆربەی ئوتێلەكان پڕ بوون لەگەشتیار

گەشتوگوزاری هەرێم بۆ ناس كورد: لە نەورۆزدا پلانێكی ستراتیژی 5 ساڵە رادەگەیەنین

2019.03.15 - 15:02
گەشتوگوزاری هەرێم بۆ ناس كورد: لە نەورۆزدا پلانێكی ستراتیژی 5 ساڵە رادەگەیەنین

 

 

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

لە نەورۆزی ئەمساڵدا دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان پلانێكی ستراتیژی بۆ ماوەی پێنج ساڵ رادەگەیەنێت و كار بۆ ئەوە دەكات زۆرترین گەشتیار بهێنێتە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆیان لەگەڵ كۆمپانیاكانی هێنانی گەشتیار بۆ هەرێم كردووە.

 

نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "لەئێستادا ئوتێلەكان زۆربەیان پڕ بوون لەگەشتیار، بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئێمەش لیژنەی تایبەتی دروستدەكەن بۆ پێشوازی و بەدواداچوون بۆ سەرپەرشتیكردن و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان، لەسۆشیال میدیاكانی گەشتوگوزاریش ریكلام كراوە بۆ خوارو و ناوەڕاستی عێراق و دەرەوەی كوردستان و بەو پێیەش زیاتر سەرنجی گەشتیاران رادەكێشرێت".

نەورۆزی 2018ی كوردستان لەگەڵ بوونی قەیرانی دارایی و ناجێگیری دۆخی سیاسی ناوچەكە 243 هەزار گەشتیار هاتنە هەرێمی كوردستان، رۆستی لەو بڕوایەدایە كە نەورۆزی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، گەشتیارێكی زۆر زیاتر ڕو لە هەرێمی كوردستان بكات و ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكات.

وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە لەڕوی مانەوە و پێشوازیكردن لەگەشتیاران هیچ كێشە و گرفتێكیان نابێت و وەكو ساڵانی رابردوو سەرجەمی بەڕێوەبەرایەتیەكانیان رێوشوێنی تایبەتیان گرتۆتەبەر بۆ پێشوازیكردن و كارئاسانیكردن بۆ هاتنی گەشتیاران.

 

نادر رۆستی پێشبینی ئەوە دەكات نەورۆزی ئەمساڵیش هاوشێوەی پار، گەشتیار لە خوارو ‌و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتی ئێرانەوە ڕو لەهەرێمی كوردستان بكەن، "هەرچەندە گەشتیارەكانی هەرێم زۆرتر و بە بەردەوامی هەر لەخوارو و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن".

بەهۆی دابەزینی دراوەكەیانەوە كە كاریگەری لەسەر دۆخی ژیان و گوزەرانیان دروست كرد، نەورۆزی رابردوو گەشتیارانی ئێران كەمتر ڕویان لەهەرێمی كوردستان كرد، ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان رسوماتی لەسەر هاتنی گەشتیارانی ئێران لابردووە، بەڵام بە بڕوای نادر رۆستی بەهۆی بوونی رسوماتێكی زۆری ناوخۆیی وڵاتی ئێران هێشتا هاتنی گەشتیاری ئێران بۆ هەرێم لەجێی چاوەڕوانییەكاندا نابێت.

 

وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان پلانێكی دەستەكەیانی بۆ برەودان بە كەرتی گەشتیاری هەرێمی كوردستان بۆ ناس كورد، ئاشكرا دەكات و لەو بارەیەوە روونیدەكاتەوە "لەنەورۆزی ئەمساڵ پلانێكی ستراتیژی رادەگەیەنین كە بۆ ماوەی پێنج ساڵ كاری لەسەر دەكەین، بە ئامانجی ئەوەی زۆرترین گەشتیار لەنەورۆز بۆ هەرێم بهێنین و هەرێمی كوردستان بكەین بەسەنتەرێكی جیهانی بۆ ئاهەنگ و كەرنەڤاڵەكانی نەورۆز".

 

هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو ئازادییەی كە هەیەتی بە شوێنێكی لەبار بۆ میوان و گەشتیار دادەنرێت و بەرپرسانی گەشت و گوزاریش ئامۆژگاری هاوڵاتیانی هەرێم دەکەن لە بارەی مامەڵە لەگەڵ گەشتیاران.

"گەشتیار میوانە و دەبێت رێز لەمیوان بگیرێت و دەبێت بە زەردەخەنە و بەشێوەیەكی باش پێشوازییان لێ‌ بكرێت، ناكرێت گەشتیار بەڕوی گرژ و مامەڵەی توندوتیژەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت، چونكە ئەو پارە دەهێنێتە وڵاتەكەتەوە و بۆ ئەوەی پارەی ئەو بەدەستبهێنیت دەبێت رێزی لێ‌ بگریت" نادر رۆستی وای وت.

 

 

گەلی كورد ڕۆژی نەورۆز بە جەژنی نەتەوەیی خۆی دادەنێت و سرو‌تی تایبەت بە خۆیی هەیە و بەردەوام بە شێوازی بێ پێشینە لە هەموو ساڵێكدا ئەم یادە دەكاتەوە لەگەڵ ئاگركردنەوەدا.

 

نەورۆز بە یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێی كوردی دادەنرێت، وەك زۆرێك لە سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی پێدەكەن لە ئاڤێستای زەردەشتدا هاتووە و بە مانای ڕۆژێكی گەش و باڵا و پیرۆزیش سەیر دەكرێت.

 

لە ساڵی 1999 دا ڕێكخراوی یۆنسكۆ ڕۆژی نەورۆزی لە لیستی فەرهەنگی و كولتوری خۆیدا دانا و مۆركێكی مرۆیی و جیهانی پێ بەخشی و دواتریش نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی 21 ی مانگی 3 ی كردە ڕۆژێكی جیهانی.

 

گەلان و نەتەوەكانی تریش جەژنی نەورۆز دەگێڕن لەوانە فارسەكان، تاجیكی و تو‌ركومانەكان لە توركەمەنستان و پاكستانیەكان و ئازەریەكان و قر‌غیزیەكان.