گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران بۆچونى خۆى لەسەر ڕاسپاردنى مستەفا كازمى ڕاگەياند

2020.04.09 - 23:52
ئێران بۆچونى خۆى لەسەر ڕاسپاردنى مستەفا كازمى ڕاگەياند
ناس کورد- كۆمارى ئيسلامى ئێران بۆچونى خۆى لەسەر ڕاسپاردنى مستەفا كازمى بۆ پێكهێنانى حكومەتى داهاتوى عێراق ڕاگەياند و وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە بڵاويكردوەتەوە، هيواى سەركەوتنى بۆ دەخوازن. ، لەو بارەيەوە عەباس موسەوى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە: "بە ڕاسپاردنى مستەفا كازمى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆك وەزيرانى داهاتوى عێراق، هيواى سەركەوتنى بۆ دەخوازين لە ئەركە نوێكەيدا". ، ئاماژەى بەوەشداوە، ئێران هەميشە پشتگيرى سەربەخۆيى و سەروەرى نيشتمانى و يەكگرتويى خاكەكەى و سەقامگيرى سياسى عێراق دەكات، واى دەبينێت كە ڕێكکەوتن لەسەر بۆچونەكان لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكانى عێراقدا لەڕێگەى ڕێوشوێنە ديموكراتيەكان تاكە ڕێچكەيە بۆ يەكلايى كردنەوەى ناكۆكيەكان. ، موسەوى ڕونيشيكردوەتەوە، تاران پێشوازى لە ڕێكەوتنى نێوان پێكهاتە سياسيەكان لە عێراق دەكات كە ئەوەش بوە هۆى ڕاسپاردنى كازمى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆك وەزيرانى نوێ، ئەو هەنگاوەش لەسەر ڕێچكەيەكى ڕاستە. ، باسى لەوەشكردوە: "هيواخوازين سەركەوتوو بێت لە پێكهێنانى حكومەتێكى نوێ لە عێراق، ئەوەش لەپێناو جێبەجێكردنى داواكاريەكانى گەل و مەرجەعى ئايينى باڵا لەو وڵاتە، هەروەها ڕێگەيەك بۆ عێراقێكى سەقامگير و يەكگرتوو بدۆزێتەوە تا پێگەيەكى گرنگى هەبێت لەسەر ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتى". ، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران تەئكيديشى كردوەتەوە، گومانى تێدا نييە هاودەنگى و هاوسۆزى لەنێوان سەرجەم پێكهاتە و تايفە و كەسايەتيە ديارەكانى عێراقدا لەنێوانياندا عەدنان زورفى، كاريگەر بوە و كاريگەر دەبێت لە جێبەجێكردنى ئەو ئامانجە گرنگە بۆ بەردەوام بوون. ، ڕۆژى پێنجشەممە "عەدنان زورفى" ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومەتى داهاتوى عێراق داواى لێبوردنى لە دەستلەكاركێشانەوەكەى كرد و لەجێگەكەى "بەرهەم ساڵح" سەرۆك كۆمار "مستەفا كازمى" سەرۆكى دەزگاى هەواڵگرى ڕاسپارد بۆ پێكهێنانى حكومەت، ئەوەش دواى ئەوەى لايەنە شيعەكان ڕێكکەوتن لەسەرى.