گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچی پێش ڕاگەیاندنی بەرنامەی کابینەکەی کورد پشتگیری بۆ کازمی دەربڕی؟ پێدەچێت ڕێککەوتنی ژێربەژێر کرابێت

2020.04.09 - 21:36
بۆچی پێش ڕاگەیاندنی بەرنامەی کابینەکەی کورد پشتگیری بۆ کازمی دەربڕی؟  پێدەچێت ڕێککەوتنی ژێربەژێر کرابێت
ناس کورد- شەهرام عەزیز لەگەڵ ئەوەی هیچ کارنامەیەکی کابینەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سەرکردایەتی کورد پشتیوانیان بۆ مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق ڕاگەیاند، نوسەر و سیاسەتمەدارێکیش دەڵێت، کورد زوو بڕیاریدا لەو پرسە، بەڵام دەکرێت ڕێککەوتنی پێشوەختە و ژێربەژێر کرابێت. ، لەکاتێکدا هەموو جیهان سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەڵام لە عێراق کێشە سیاسییەکان بەردەوامن و لەدوای شکستهێنانی دوو کاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە سێیەمین کەس بۆ ئەو پرۆسەیە ڕاسپێردرا. ، هەر پێش بەفەرمی ڕاسپاردنیی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی هەرێمی بۆ مستەفا کازمی دەربڕی، دواتریش یەکێتی نیشتیمانیی پشتیوانی خۆی بۆ ڕاگەیاند و ئەمڕۆش هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانیان لە کازمی کرد، لەکاتێکدا کازمی هیچ بەرنامەیەکی کابینەکەی ئاشکرا نەکردووە. ،

"پشتیوانی کورد زوو بوو بەڵام دەکرێت ڕێککەوتنی ژێربەژێر کرابێت"

،   ئەبوبەکر کاروانی، نوسەر و سیاسەتمەدار بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دەتوانین بڵێین پشتگیریکردنی سەرکردایەتی کورد بۆ مستەفا کازمی زوو بوو پێش ئەوەی هیچ بەرنامەیەکی کابینەکەی ئاشکرا کردبێت، چونکە دەبوو کازمی بەرنامەی خۆی ئاشکرا بکردایە، ئەوکات کورد بڕیاریبدایە". ، وتیشی: "بەڵام دەکرێت ڕێککەوتنی پێش وەختە و ژێربەژێر کرابێت لەنێوان کازمی و هەندێک لایەنی کوردی و ئەوانەی کورد دەیەوێت لەو ڕێککەوتنەیا دەستی خستبێت بۆیە هەرزوو پشتیوانی بۆ دەربڕدرا". ، کاروانی ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنێکی دیکەشی ئەوەیە کە ڕەنگە ئەوە وەک دەستپێشخەرییەکی سیاسی بێت و هەر لە سەرەتاوە ئەو کارەیان کردبێت و یارمەتی بدەن بۆ ئەوەی لالێکردنەوەیەکی باشتری بۆ داخوازییەکانی کورد هەبێت، دەشڵێت: "لە هەموو حاڵەتێکدا خۆ ناکرێت بە بەلاش و بێ بەرامبەر پشتیوانی لە هیچ کەس بکەن". ،

دەبێت داواکارییەکانی کورد چی بن لە کازمی؟

، ئەبوبەکر کاروانی ئاماژەی بەوەکرد: "بەداخەوە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی بڕیاری خۆی لەدەستداوە بەوەی موچەی لە بەغداوە بۆ دێت، بۆیە زۆر گرنگە کێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت، نەک هەر موچە، بەڵکو لەسەر کۆی گشتیی بودجە و لێکتەیگشتن لەسەر کێشەکانی تایبەت بە نەوت". ، "لێکتێگەیشتن لەسەر ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە ئێستا لە دۆخێکی خراپی ئەمنیدان دەبێت یەکێک بێت لە داوا سەرەکییەکانی کورد کە بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن و وەک ئێستا نەمێننەوە، ئەو دوو خاڵە زۆر گرنگن"، ئەبوبەکر کاروانی وادەڵێت. ، هاوکات دەربارەی ئەوەی دەکرێت دیاریکردنی ناوی وەزیرەکانی کورد بکرێتە کێشە وەک لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی ڕوویدا، کاروانی باسی لەوەکرد: "ئەو بیانوەی لایەنە کوردییەکان تا ئەو شوێنە ڕاستە ئەگەر لە بەغدا بیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێپەڕێنن و وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەن و حساب بۆ تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان نەکەن، کورد نابێت ڕازی بێت".. ، ڕوونیشیکردەوە: "بەدەر لەوە ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی هەرێمی کوردستانیان پاراست، دەبێت کورد کراوە بێت و بەشێوەیەک مامەڵە بکەن و لەسەر گەیاندنی زۆرترین سود بە کورد مامەڵە بکەن لەسەر دانانی بەرپرسە کوردەکان لە بەغدا". ،

بوونی کەسێکی هەواڵگری بە سەرۆکی حکومەت عێراق بەرەو کوێ دەبات؟

، مستەفا کازمی، کەسێکی هەواڵگرییە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە، هەندێک پێیانوایە ئەوە عێراق دەگەرێنێتەوە سەردەمی دەسەڵاتی سەربازی. ، لەوبارەیەوە ئەبوبەکر کاروانی ئاماژەی بەوەکرد: "دۆخی عێراق دۆخێكی لێکهەڵوەشاوە، ئاساییە بەشێک لە چاوەڕوانییەکان لە کەسێکی بەهێز بێت، بۆ ئەوەی جۆرێک لە کۆنتڕۆڵی ئەو فەوزایەی عێراق بکات، بەتایبەت کە میلیشیای چەکدار دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چالاکییان هەیە". ، باسی لەوەشكرد، هەروەها ناڕەزایەتییەکی زۆر لە شەقام هەیە کە داوای لابردنی هەندێک سیاسیی شکستخواردوو دەکەن، ئەوەش لەڕێگەی کەسێکی بەهێزەوە دەکرێت، هەرچەن نازانن کە کازمی بەوشێوەیە بەهێزە یاخود نا.