گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نيشانەى مەترسيدار بەهۆى چارەسەرەكەوە دەردەكەوێت

سويد وازى لە بەكارهێنانى چارەسەرى كلۆرۆكوين بۆ توشبوانى كۆرۆنا هێنا

2020.04.08 - 23:17
سويد وازى لە بەكارهێنانى چارەسەرى  كلۆرۆكوين  بۆ توشبوانى كۆرۆنا هێنا
ناس کورد- دواى ئەوەى چەندين نيشانەى مەترسيدار لەسەر چەند نەخۆشێك دەركەوت، وڵاتى سويد دەستبەردارى بەكارهێنانى چارەسەرى "كلۆرۆكوين" بوو كە بە "چارەسەرى موعجيزە" ناسراوە. . بەپێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانيەكان، چەندين لايەنى پزيشكى سويد ئاماژەيان بەوەداوە، بەدواى بەكارهێنانى چارەسەرى كلۆرۆكوين بۆ توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە هەر سەد نەخۆشێك كێشەى تەندروستى تر بۆ يەك نەخۆش دروستبوە، وەك ناڕێكى لە لێدانى دڵ بەشێوەيەك كە ئەگەرى هەيە ببێتە هۆى دروستبونى جەڵتەى دڵ. . پزیشکانى ناوچەى "فاسترا گوتالاند" كە 320 كيلۆمەتر لە ستۆكهۆڵمى پايتەختەوە دورە باسيان لەوەكردوە، چيتر چارەسەرى "كلۆرۆكوين" بەكارناهێنن، ئەو دەرمانەى كە دۆناڵد ترامپ سەرۆكى ئەمريكا بە "چارەسەرى موعجيزە" وەسفى كرد. . بەپێى ڕاپۆرتى ژمارەيەك نەخۆشخانەى سويد، چەندين نيشانە وەك تەشەنوج و كاريگەرى لەسەر بينين و سەرئێشەى توند لە ژمارەيەك نەخۆشدا دەركەوتوە لەو ماوەيەى دەرمانەكەيان بەكارهێناوە. . بەهۆى نەبونى چارەسەرێكى ڕاستەقينە بۆ ڤايرۆسى كۆرۆنا دواى چەند تاقيكردنەوەيەك دەركەوت كە كلۆرۆكوين لەئێستادا باشترين چارەسەرە بۆ نەخۆشەكان كە ئەو دەرمانە لە ساڵى 40 ەكانەوە هەيە و بۆ توشبوانى نەخۆشى مەلاريا بەكاردەهێنرێت. . پزيشكانى ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و ئەوروپا و چين گڵۆپى سەوزيان بۆ تاقيكردنەوەى چارەسەرەكە لەسەر نەخۆش هەڵكردوە بەتايبەتى بۆ ئەوانەى بارودۆخيان باش نييە بەهۆى ڤايرۆسەكەوە و نيشانەى زۆر قورسيان هەيە، بەڵام بەريتانيا يەكێكە لەو وڵاتانەى ڕێگە بە بەكارهێنانى نادات ئەوەش بەهۆى دڵنيانەبونەوە لێى. . لاى خۆيەوە "ئەنتۆنى گۆردۆن" پرۆفيسۆرى بەريتانى بە ڕۆژنامەى "دەيلى مەيڵ"ى وتوە، تا ئەمڕۆش هيچ بەڵگەيەك نييە لەسەر ئەوەى كە كلۆرۆكوين چارەسەرى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا دەكات. . چەندين جۆر دەرمانى "كلۆرۆكوين" هەيە و لە مادەى خامى درەختى ئەلكينا "ئيوكاليپتۆس" دروست دەكرێت، تائێستاش ئاشكرا نەكراوە چ جۆرێكى چارەسەرەكە لە سويد بەكارهێنراوە و ئەوەش نازانرێت كە هەموو جۆرەكانى دەرمانەكە هەمان كاريگەريان هەيە لەسەر هەندێك لە نەخۆشەكان ياخود نا. . بەپێى ڕاپۆرتەكان، "كارل سايدنهاگ" كە هاوڵاتيەكى سويديە و تەمەنى لە حەفتاكاندايە و توشبويەكى كۆرۆنايە يەكێكە لەوانەى چارەسەرى كلۆرۆكوينى وەرگرتوە ، سەبارەت بارودۆخى بەهۆى وەرگرتنى دەرمانەکەوە وتويەتى توشى تەشەنوجێكى زۆر بوە و بينينى تێكچوە، هەروەها سەرئێشەيەكى زۆر توندى توشبوە و ڕۆژانى وەرگرتنى چارەسەرەكە وەك ئەوە وابوە كە ڤۆڵتيەيەكى زۆر بەرز بەسەريدا تێپەڕێت. . بەگوێرەى وتەكانى پزيشكانى نەخۆشخانەى زانكۆى "ساهگرنسكا"ى سويدى، چەندين ڕاپۆرتى تر هاتوە كە چەندين نەخۆش هەمان ئەو نيشانانەيان هەبوە. .