گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڕەشەى بڕينى پارەى ئەمريكا لە ڕێكخراوەكە دەکات

ترامپ بۆچى شەڕ بە ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى دەفڕۆشێت؟

2020.04.08 - 20:58
ترامپ بۆچى شەڕ بە ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى دەفڕۆشێت؟
ناس کورد- لەكاتێكدا هەوڵە نێودەوڵەتيەكان بۆ هاريكارى لەپێناو بەرەنگاربونەوە ڤايرۆسى كۆرۆنا بەردەوامە كە چەندين تەحەداى تەندروستى و كۆمەڵايەتى و ئابورى سەپاندوە و هيچ وڵاتێكى نەپاراستوە و هەستيارى لە پەيوەنديەكانى چەندين وڵاتى دۆستدا دروست كردوە وەك ئيتاڵيا و ئەندامانى يەكێتى ئەوروپا، پەيوەنديەكانى دۆناڵد ترامپ سەرۆكى ئەمریکاش بە ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيەوە گرژى تێكەوتوە و تەنانەت گەيشتوەتەتە ئەوەى ترامپ هەڕەشەى بڕينى پارەى ئەمريكا لە ڕێكخراوەكە بكات. . ڕۆژى (سێشەممە)ى ڕابردوو دۆناڵد ترامپ ئاماژەى بەوەدا، ئەوان ديراسەى بڕينى پارەى ئەمريكا بۆ ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى دەكەن، چونكە ڕێكخراوەكە نەيتوانى لە كاتێكى زوتردا زەنگى مەترسى دەربارەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لێبدات. . ئاماژەى بەوەشداوە، ناڵێم كە ئێمە ئەو كارە دەكەين بەڵام چاو بە بابەتەكەدا دەخشێنينەوە، ئەمەش لەكاتێكدايە پێشتر ترامپ باسى لەوەكردبوو "زۆر بە ورديەوە چاو بە بڕيارەكەدا دەخشێنينەوەو پارەى ڕێكخراوەكە دەبڕين و دەستێكى پۆڵاين دەگرين بەسەريدا، با بزانين چى ڕودەدات". . ترامپ ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيشى بە شكستهێنان لە هەموو لايەنەكانى پەتاكەوە تۆمەتبار كردوە هەروەك تۆمەتباريشى كردوە بەوەى كە لايەنگرى چين دەكات و وتى "ئەوان هەميشە لەگەڵ چيندا دەوەستن، بەڵام ئێمە پارەيان دەدەينێ بۆيە دەمانەوێت چاو بە بارودۆخەكەدا بخشێنينەوە". . لەساڵى 2020 دا ئەمريكا بڕى 123 مليۆن دۆلارى بۆ ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى كە سەربە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكانە دابين كرد، پێشتريش ترامپ پێشنيارى ئەوەى كردبوو كە لەساڵى 2021 دا تەنها بڕى 58 مليۆن دۆلار بدەن بەو ڕێكخراوە. . لاى خۆشيەوە چين دەستوەردانى كردوەو "زاو ليجيا" وەزيرى دەرەوەى ئەو وڵاتە پشتگيرى پەكينى بۆ ڕێكخراوەكە دەربڕيوەو وتى "ئەگەر پارەى ئەمريكى بۆ ڕێكخراوەكە وەستێنرا ئەوا كاريگەرى سلبى لەسەر هاريكاريە نێودەوڵەتيەكان بۆ بەرەنگاربونەوەى كۆرۆنا دادەنێت". . ليجيان لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى باسى لەوەشكرد "هيوادارين دەوڵەتان يەكگرتوو بن و هاوكاربن لەم كاردانەوە جيهانيە هاوبەشە، چين بەردەوام دەبێت لە پشتگيرى كردنى ڕێكخراوى تەندروستى و پشتگيرى سەركردايەتيكردنى ڕێكخراوەكە لەم جەنگەدا دەكات. . ڤايرۆسى كۆرۆنا لە كۆتاييەكانى مانگى 12ى ساڵى 2019 لە شارى ووهانى چين دەركەوت، ڕێكخراوى تەندروستى جيهانيش لە ناوەڕاستى مانگى 2 ى ساڵى 2020 زەنگى مەترسى لێدا و لە 30\2\2020 يش ڤايرۆسەكەى بە پەتايەكى جيهانى وەسفكرد و حاڵەتى لەناكاوى جيهانى ڕاگەياند، ئەوەش دواى ئەوەى 8200 توشبوو لە 18 دەوڵەتى جيهاندا تۆمار كران. . حاڵەتى لەناكاو لەلايەن "ئەدهانۆم گيبريسوس" سەرۆكى ڕێكخراوەكە ڕاگەيەنرا و داواشى لە دەوڵەتان كرد كە ئارام بن و ڕێوشوێنى وا نەگرنە بەر كار لە بازرگانى و گەشتەكانى جيهان بكات بەبێ ئەوەى پێويست بكات، وتيشى "ئێستا كاتى ڕاستيەكانە نەك كاتى ترساندن، كاتى زانستە نەك پڕوپاگەندە، كاتى هاريكاريە نەك شورەيى. . دواى ئەو لێدوانانە بە ڕۆژێك، دۆناڵد ترامپ سەرۆكى ئەمريكا فرمانى دەركرد كە ڕێگە بە هيچ هاوڵاتيەكى بيانى نەدرێت كە سەردانى چينى كردوە بچێتە خاكى ئەمريكاوە، جگە لەو ئەمريكيانەى دەگەڕێنەوە، دواى ئەو وادەيەش پەتاى كۆرۆنا بەردەوام بوو لە بڵاوبونەوە و ژمارەى توشبوان لە جيهاندا لە مليۆن و نيوێك نزيك بوەتەوەو ئەوانەشى گيانيان لەدەستداوە گەيشتوەتە نزيكەى 84  هەزار كەس، بەتەنها ئەمريكا زياتر لە 400 هەزار توشبووى تێدا تۆمار كراوە. . ترامپ سەبارەت بە بڕيارەكانى ڕێكخراوى تەندروستى جيهان و هەنگاوەكانى خۆى وتويەتى "سەير كەن.. هەنگاوێك لە دواى مەترسيەكانەوەن، ئەوان وتيان كێشەى گەورە نييە و هيچ نييە، بەڵام لە كۆتاييدا كاتێك من داخستنم ڕاگەياند وتيان هەڵەم كردوە، ئێستاش دەركەوتوە كە كارێكى باشم كردوە". . پێشتر ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى ستايشى ڕێوشوێنەكانى ئەمريكاى كردبوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا بەڵام ڕەخنەى لە چەند ڕێوشوێنێكيش گرتبوو، بۆ نمونە ڕەخنەى لەوە گرتبوو كە ئەمريكا ڤايرۆسەكە بە "ڤايرۆسى چينى" وەسفدەكات  و لە چەندين بۆنەدا ترامپ بەو شێوەيە ناوى هێناوە و ڕێكخراوەكە پێى وايە كە ئەوە ڕەگەزپەرستيەكە بەڵام بە ئەنقەست نييە. . گيبريسوس باسى لەوەكردبوو "ترامپ كارى زۆر باش دەكات لە شەڕى دژى كۆرۆنادا" هەروەها سەرەڕاى ئەوەى چين ڕوبەڕوى چەندين ڕەخنە بوەوە لەلايەن چەندين دەوڵەتەوە بەهۆى هاريكاريەكانى و وەڵامدانەوەكانى كە بە "خاو" وەسفكرابوو  گيبريسوس ستايشى ئەو وڵاتەى دەكرد. . پێشتريش لەساڵى 2017 بەهۆى بڵاوبونەوەى نەخۆشى كۆلێرا لە ئەسيوپيا و سودان ڕەخنە ئاراستەى  گيبريسوس كرابوو، ڕێكخراوى پزيشكە پيشەيى و تەندروستيەكان ڕەخنەى ئەوەيان لێدەگرت كە شكستى هێناوە لە ڕيزبەنديكردنى نەخۆشيەکە  بەشێوەيەكى دروست ئەوەش بۆ ئەوەى ڕژێمى ئەو دوو وڵاتە ئەفريقيە ئيحراج نەكات. .