گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێشەی پێنەدانى پارەی فرۆشتنی نەوتى کۆمپانیاکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەکوێ گەیشت؟

سێکوچکەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستاندا لە ژێر فشاری کۆرۆنا و قەیرانی دارایی هەرێمدان [تایبەت]

2020.04.08 - 20:08
سێکوچکەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستاندا لە ژێر فشاری کۆرۆنا و قەیرانی دارایی هەرێمدان [تایبەت]
  ناس کورد-   رۆژی 7ى نیسان ماڵپەڕی Petroleum Economicst بابەتێکی لەسەر گیروگرفتەکانی سێ کۆمپانیای سەرەکی، لە بواری دەرهێنانی نەوت لە کوردستاندا، بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە کە هەریەک لە (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی و (گۆڵف کیستۆن)ی بەریتانی و (گینێڵ)ی تورکی-بەریتانی جگە لەوەی بەدەست هاڕەکردنی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا بە بۆنەی پەتای جیهانیی کۆرۆناوە دەناڵێنن، لە پاڵ ئەوەشدا لە کۆتایی ساڵی رابوردووەوە کێشەی وەرنەگرتن و نیوەناچڵ وەرگرتن و درەنگ کەوتنی پارەی فرۆشتنی بەشە نەوتەکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دروست بووە. . لەسەرەتای هاتنیانەوە بۆ کوردستان، ئەمە دووەم جارە ئەم کۆمپانیایانە کێشەی متمانەی وەرگرتنی بەشە فرۆشیان بۆ دروست ببێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. پێشتریش پێنج ساڵ لەمەوپێش، لەگەڵ پەلاماری داعشدا حکومەتی هەرێم دەستی کرد بە رادەست نەکردن و بەنیوەناچڵی رادەستکردنى بەشە فرۆشی ئەو کۆمپانیایانە و قەیرانی متمانە لە نێوانی ئەوان و حکومەتی هەرێمدا دروست بوو. . هەر لەو ماوەیەدا، کۆمپانیایەکی دیکە بەناوی (دانە غاز) لە دادگایەکی بەریتانی سکاڵاى لە حکومەتی هەرێم کرد. داکۆکیی هەرێم لە خۆی لەبەردەم دادگا بەریتانییەکە ئەوەبوو کە شەڕی داعش دەکات بۆیە پارە نادات. لەبەرامبەر ئەمەش، دادگا بەریتانییەکە دوو بژاردەی خستە بەردەم حکومەتی هەرێم، یان چوونە ژێرباری بەندەکانی گرێبەستیان لەگەڵ دانە غاز، یان دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی سەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوەی عێراقدا. لەبەرامبەر ئەو ئەگەرەشدا هەڵوێستی حکومەتی هەرێم گۆڕا و سەر لەنوێ کاری کردەوە بۆ بنیاتنانی متمانە پێی لە لایەن کۆمپانیاکانی نەوت و غاز کە لە هەرێمدا کار دەکەن. . بەڵام ناجێگیریی باری سیاسیی عێراق و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق، لەدوای راپەڕینەکەی تشرینی یەکەمی پار، کاریگەریی گەورەیان لەسەر هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو. . حکومەتی هەرێم، لە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی کە لە عێراقدا رووبدات، لە عادل عەبدولمەهدی نەرم و نیانتری دەستناکەوێت و کێشەی سەرەکى نێوان حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەسەر بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، سەرهەڵدەداتەوە. ئەمەش هێمایە بۆ قووڵبونەوەی قەیرانی دارایی هەرێم کە هاڕەکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندای هاتە بان. . بەپیی راپۆرتەکەی Petroleum Economist، کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) کە گەورەترینی ئەو سیانەیە لە کوردستاندا، کە 75٪ ی کێڵگەی پڕ بەرهەمی تاوکێ ی هەیە، لە ئەنجامی دواکەوتنی بەشەفرۆشی ناچار بووە 30٪ ی بودجەی ساڵی 2020 کەم بکاتەوە، کە دەکاتە بڕی 300 ملیۆن دۆلار، و قازانج دابەشکردن بەسەر خاوەن پشکەکانیدا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا رابگرێت. . لە بەرامبەر ئەوەش دی ئێن ئۆ خەرجى پشکنین و هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی کێڵگەکانی لە هەرێمی کوردستاندا زۆر کەم کردۆتەوە، بە جۆرێک کە رەنگە وا بکات ئاستی ئێستای بەرهەمهێنان لە تاوکێ، لەمەولا، نەتوانرێت بەدی بێت. ئەم تاکتیکەش پێشتر دی ئێن ئۆ لە 2014 و ساڵانی دواتردا سەرکەوتووانە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەکاریهێناوە. . کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن-یش کە 80٪ ی کێڵگەی زەبەللاحی شێخانی هەیە و بڕیار بوو توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکە لە 55 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە بۆ 110 هەزار، بەڵام لە ئێستادا ئەویش ئەو کارانەی راگرتووە و لە مانگی رابوردوودا رایگەیاند کە راگرتنەکە بەندە بە بارودۆخی قەیرانی جیهانیی کۆرۆنا و دواکەوتنی بەشە فرۆشیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. . هەروەها کۆمپانیای گینێل-یش کە کێڵگەی تەقتەق-ی بەدەستەوەیە، تەنگوچەڵەمە ئابوورییەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی 2016-2017 کاتێک کە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا لە 100 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە دابەزی بۆ نزیکەی 12 هەزار بەرمیل. گینێل 25٪ کێڵگەی تاوکێی هەیە و قازانجەکانی لەوێوە دێن، بەڵام پێویستی بەوەیە نرخی نەوت لانی کەم 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بێت تا بتوانێت بمێنێتەوە. لە ئێستادا ئەویش پارە خەرجکردنى لە کێڵگەکانی تاوکێ و مۆڵەتى گەڕان بە دوای نەوتی ناوچەی قەرەداغی راگرتووە و وەک کۆمپانیاکانی دیکەش نەدانی بەشە فرۆشەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە هۆکارێکی راگرتنی وەبەرهێنان لە کوردستاندا دادەنێن. . حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانە جارێکی دی لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڕێک پارەی بەشە فرۆشی کۆمپانیاکانی دابەش کرد، بەڵام پێدەچێت کێشەی متمانە و توانای حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارییەکانی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکاندا هێشتا جێی گومان بێت. .