گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئایا كۆرۆنا پريشكى دووەم بەهارى عەرەبى هەڵدەگيرسێنێت؟

2020.04.07 - 22:09
ئایا كۆرۆنا پريشكى دووەم بەهارى عەرەبى هەڵدەگيرسێنێت؟
ناس کورد- لێكۆڵەرێکی ئەمريكى تايبەتمەند لە كاروبارى ڕۆژهەڵات ناوەڕاست باس لەوە دەكات كە بڵاوبونەوەى ڤايرۆسی کۆرۆنا پەردە لەسەر بێدەسەڵاتى ڕژێمەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لا دەبات، پرسيارى ئەوەشدەكات، ئايا ڤايرۆسەکە پريشكى دووەم بەهارى عەرەبى هەڵدەگيرسێنێت؟  . فريدريك ويرى، لێكۆڵەری ئەمريكى تايبەتمەند لە كاروبارى ڕۆژهەڵات ناوەڕاست لە وتارێكيدا باسى لەوەكردوە، لەكاتى سەردانێكيدا بۆ ليبيا خێزانێكى بينيوە كە لە شوێنێكى زۆر خراپدا لە يەكێك لە خێوەتگەكانى ئاوارەكان ژياون لە ڕۆژهەڵاتى تەرابلوس، ئەو خێزانە وەك هەزارانى تر بێبەشن لە ئاوى خواردنەوە و تەنانەت لەلايەن دانيشتوانى ناوچەكەشەوە سوكايەتيان پێدەكرێت، ئەوەشى بارودۆخەكەى خراپتر كردوە بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنايە كە كاريگەرى وێرانكەرى لەسەر خێوەتگەكانى پەنابەران و ئاوارەكان دەبێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. . دەشڵێت: "وەڵامدانەوەيەكى تەندروستى و ئابورى گشتى خێرا لەوانەيە ببێتە هۆى بەهێزكردنى دەسەڵاتى سەركوتكارانە، بەڵام تا كاتێكى دياریكراو، وانەى گرنگ لە شۆڕشەكانى بەهارى عەرەبى ساڵى 2011 و خۆپيشاندانەكان كە ساڵى پێشوو سەريانهەڵدا ئەوەيە كە، بەبێ فەرمانڕەواييەكى باشتر و كەمكردنەوەى گەندەڵى و دادپەروەرى ئابورى، ئامڕازەكانى تەكنۆكراتى هيچ نييە جگە لە ڕێوشوێنێكى كاتى". . ئەو نوسەرە ئەمریکییە باس لەوەشدەكات، ئەگەرى زۆرە داواكاريەكانى هاووڵاتيانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهۆى پەتاى كۆرۆناوە زياد بكات، هەروەها كاريگەريەكانى پەتاكە زۆر بە ئاشكرا بە شەڕى ناوخۆيى و چالاكيەكانى وڵاتانى وەك ليبيا، يەمەن و سورياوە ديارە، بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكە لە هەر ناوچەيەكى ئەو وڵاتانە هەستى توندوتيژى و دوژمنكارانە زياد دەكات و ئەو ڤايرۆسە كوشندەيە دەبێتەهۆى چەندين نەهامەتى كە وەسف ناكرێن. . نوسیویشییەتی، ئەوەى لە ليبيا ڕودەدات بەراورد ناكرێت بە يەمەن كە تێيدا گەورەترين كارەساتى مرۆيى ڕودەدات كە مرۆڤ خۆى دروستى كردوە، شەڕى ئەو وڵاتە ئەوەى ئاشكرا كرد كە پێكەوە ژيان لە نێوان شەڕ و نەخۆشيدا چۆنە، بڵاوبونەوەى كۆلێرا ئەنجامێكى ئاشكراى هێرشەكانى ئەو هاوپەيمانێتيەيە كە سعوديە بەڕێوەى دەبات بۆ سەر نەخۆشخانەكان و سەرچاوەكانى ئاو و ئاوەڕۆ. . رونيشيكردوەتەوە، كاريگەريەكانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە سوريا لەوانەيە زۆر ترسناك بێت بۆ مليۆنان ئاوارە، بەتايبەتى كە بەردەوام كێشەى كەمى ئاو و زۆرى و قەرەباڵغى خێوەتگەكانيان هەيە و ئەگەرى هەيە تەنها لە ئيدلب ببێتە هۆى مردنى زياتر لە 100 هەزار كەس. . هەروەها ڤايرۆسەكە تەحەداى تواناكانى حكومەتەكانيش دەكات كە ئێستا سەقامگير دەردەكەوێت، تەنها دەوڵەتە دەوڵەمەندەكانى كەنداو دەتوانن بەرگە بگرن بەڕوى زريانەكەدا، بەڵام ئەوانيش ڕێگەكەيان سەخت دەبێت. . ئەو شيكەرەوە ئەمريكيە باس لەوەشدەكات، لەكاتێكدا خۆپيشاندەران بەهۆى ڕێوشوێنەكانى تەندروستى گشتيیەوە شەقامەكانيان چۆڵكردوە، ئەوە ماوەيەك دەدات بە حكومەتەكان، بەڵام خۆپيشاندەران دەگەڕێنەوە شەقام و خۆيان بۆ خولێكى ترى گرژيەكان ئامادە دەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى بارودۆخەكە زياتر تێكبچێت. . نوسەرەكە وتارەكەشى بەوە كۆتايى پێهێناوە، سەركردەكانى جيهانى عەرەبى ئێستە بە تەنهان، لەوانەيە گۆڕانكاريە گەورەكان سەرەتايەكى بچوكيان هەبوبێت بەتايبەتى لەو ناوچانەى كە ئابورى لە پاشەكشەدايەو سياسەت وشك بوەو و شەڕى بە وەكالەت دەكرێت، هيچ متمانەيەك نييە بۆ بەردەوامبونى بارودۆخى ئێستا، پەندێكى كۆنى عەرەبى هەيە دەڵێت: "تەنانەت مێشولەيەكيش دەتوانێت خوێن لەچاوى شێرێك بهێنێت".