گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گفتوگۆی چارەنوسی قەدەغەی هاتوچۆ دەکرێت

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای پێداچوونەوە بە قەدەغەى هاتوچۆ دەکات چونکە زۆری خایاند

2020.04.07 - 21:13
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای پێداچوونەوە بە قەدەغەى هاتوچۆ دەکات چونکە  زۆری خایاند
ناس کورد - شەهرام عەزیز تادێت ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی کەم دەکات، ئەوانەشی چاکبوونەتەوە لە هەڵکشاندان، بەشێوەیەک ئێستا کەمتر لە 25 نەخۆشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ماون، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆ دەکەن لەسەر بڕیاردان لەسەر قەدەغەی هاتوچۆ. .  سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوایە ماوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سلێمانی زۆری خایاند و  ئەوەش ئاشكرادەکات، دەیانەوێت بڕیارەکان زیاتر لە پارێزگاکانەوە بێت و خۆیان بڕیارە بدەن کە چیبکەن، بەڵام کاتێک لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاردەدرێت، ناتوانن پابەند نەبن پێوەی. . تاوەکو ئێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانی 105 کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە سێ کەس گیانیانلەدەستداوە و 78 کەسیش چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لەئێستاشدا تەنها 24 کەس لە نەخۆشخانە ماونەتەوە. .    ئازاد حەمەدەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ڕاستە دۆخەکە لە سلێمانی بەرەو باشبوون دەچێت و مەترسییەکی هێندە گەورە نییە کە خەڵک بترسێت و بتۆقێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە چەندین ڕێوشوێنی پێویست گیرایەبەر، بەڵام ناتوانین بڵێین تەواو قەدەغەی هاتوچۆ لادەبەین". .  وتیشی: "بەهۆی ئەوەی پێش ناوچەکانی دیکە لە سلێمانی ڕێوشوێنی پێویست گیرایەبەر و قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا، ڕەنگە پێویست بکات لێرە زووتر قەدەغەکە لاببرێت، ئێمە پێمانباشە پارێزگاکان خۆیان بڕیار لەوە بدەن، چونکە خۆمان دەزانین دۆخەکە چۆنە و پێویستی بەچییە، بەڵام کاتێک لە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێک دەردەچێت، ناتوانین پێوەی پابەند نەبین و ناچارین قبوڵی بکەین". . سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: "بۆ بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی وادەی قەدەغەکردنەکە ئێمە زیاتر سەیری بۆچوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەکەین، لە چەند دوو ڕۆژی داهاتووشدا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی کۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەکەین و هەر بڕیارێک کە پێویست بێت بۆ بارودۆخەکە دەیدەین و پێشنیازیشمان لەسەر درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ یان کۆتایهێنان لە سلێمانی، دەدەینە وەزارەتی ناوخۆ". ئازاد حەمەدەمین پێیوایە، ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ زۆری خایاند و دەڵێت: "تاڕادەیەک دۆخەکە باشە و سوپاس بۆ خوا ژمارەیەکی زۆر لە توشبووان چاکبوونەتەوە و ژمارەیەکی کەم لە نەخۆشخانە ماون، ئەو سێ کەسەشی گیانیانلەدەستداوە، نەخۆشی دیکەیان هەبووە و ناتوانین بڵیین هۆکاری سەرەکی مردنەکەیان کۆرۆنا بووە، بۆیە پێمانوایە بڕیارەکان پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بزانین ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەوبارەیەوە چی دەبێت و پێویست بە چی دەکات بیکەین". .   هاوکات ڕونیشیکردەوە: "ئێمە دەزانین لەم دۆخەدا زۆر کەس لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین و بژێوی ژیانیان لەسەر کارکردنی رۆژانە بووە، بۆیە پێشنیازمان کردووە بۆ حکومەت کە لە باجی ماوەیەک یاخود ساڵێکی ئەو موڵکانە خۆشبێت کە هی حکومەتن بۆ ئەوەی کرێچی دوکان و شوێنە گشتییەکان کرێی ئەم ماوەی قەدەغەی هاتوچۆیەیان لێنەسەندرێت و بتوانین بەهەموو شێوەیەک هاوکاری ئەو کەسانە بین". . کۆرۆنا ئەگەر بۆ جیهان کێشەیەکی تەندروستی بێت، ئەوا لە هەرێم زۆر بەخێرایی کاریگەری ئابوریشی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دانا و بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە چەندین کەس بێ کار و بێ بژێوی ژیانیان ماونەتەوە، بەگوێرەی ئامارێکیش کە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانییەوە دەست ناس کورد کەوتووە، پێشتر %5ی هاووڵاتیان لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، بەڵام لەئێستادا ئەو ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ %15 و لەگەڵ بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆشدا ڕێژەکە زیاد دەکات.