گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری ناوخۆ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لەبری حکومەت هاوکارییەکان بداتە دەزگای بارزانی

2020.04.07 - 18:18
وەزیری ناوخۆ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لەبری حکومەت هاوکارییەکان بداتە دەزگای بارزانی
ناس کورد - شەهرام عەزیز حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتە دەزگای خێرخوازی بارزانی و داوادەکات، هاوکارییەکانیان لەبری حکومەت بدەنە ئەو دەزگایە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ناکرێت کاری حکومەت بسپێردرێت بە دەزگایەکی حزبی. .  لە نوسراوێکدا کە لە بەرواری 27ی شوباتی 2020، لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە دەرکراوە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی  لەسەرە و ئاڕاستەی كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان کراوە تیایدا هاتووە: " ئاماژه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی ناوخۆ و رێكخراوه‌كه‌تان كه‌ له‌ 24ی شوبات به‌ڕێوه‌چوو، پێمان باشبوو پێتان رابگه‌یه‌نین كه‌ ئێمه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ گرێبه‌ستی نێوانمان بده‌ین به‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ئه‌و ده‌زگایه‌ له‌ بری وه‌زاره‌ت ئه‌ركی به‌ڕێوه‌به‌ردنی كامپه‌كانی په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌ئه‌ستۆ". . لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: "هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌زگاكانی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم له‌ پرۆسه‌ی داڕشتنه‌وه‌ و تێكه‌ڵكردندان و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش كاتی ده‌وێت تا ته‌واو ده‌بێت، پێزانینمان هه‌یه‌ نوسینگه‌كانتان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاگاداركرابێتنه‌وه‌ له‌م بڕیاره‌ و ده‌ستكردن به‌ ئاماده‌كاری بۆ گرێبه‌ستی نوێ". .   لەوبارەیەوە عەباس فەتاح، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە ئەوە کاری حکومەت و ناکرێت بدرێتە دەزگایەکی خێرخوازیی حزبیی. . عەباس بە ناس کوردی وت: "لە ڕاستیدا کاری خێرخوازی و ڕێکخراوەکانی خێرخوازی جێگای ڕێزن و دەستخۆشییان لێدەکەین بۆ هەر کارێکی خێرخوازی و یارمەتیدانی هەژاران کە دەیکەن". . وتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت کاری حکومەت و گرێبەستی حکومەت بدرێتە دەست ڕێکخراو، بەتایبەت ڕێکخراوێکی حزبییش، چونکە دەبێت حکومەت خۆی ئاگاداری چۆنێتی دابەشکردنی ئەو هاوکاریانە بێت و ڕێکخراوە بیانییەکان هەر هاوکارییەک دەگەیەنن بە هەرێم بە دادپەروەری بەسەر ئاوەر و پەنابەران و هەژاراندا دابەش بکرێت، چونکە لەو حاڵەتەدا هیچ دڵنیاییەک نییە کە چۆن خەرج دەکرێت ئەو هاوکارییانە".   . جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کارەکانی پەرلەمانیش وەستاوە، بەڵام پاش ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئەو کارە چۆن کراوە.