گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە دۆخێکی پڕ مەترسیدا تێپەڕدەبین

تەندروستی هەرێم داوای هاوکاری لە تەندروستیی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

2020.04.07 - 17:20
تەندروستی هەرێم داوای هاوکاری لە تەندروستیی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
ناس کورد- بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی تەندروستییەوە وەزیری تەندروستیی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەم ڕۆژەدا جیهان و هەرێمی کوردستانیش بە قۆناغێکی پڕ مەترسیدا تێدەپەڕێت، داواشی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و نەتەوە یەگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە دەستی هاوکاری بۆ هەرێم درێژ بکەن. .  لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی تەندروستییەوە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند: "لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان و جیهان ئەو یادە دەكاتەوە بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە مەترسیدا تێدەپەڕێت، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و بەدوربوونیان لەو نەخۆشییە، بەردەوام جەخت لە خۆپارێزی دەكات و داواش لە هاووڵاتیان دەكات باپەندی ڕێنماییە تەندروستییەكانبن". . ئاماژەی بەوەشكردووە: "لێرەشەوە داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بە تایبەتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكەین كە دەستی هاوكاری و پاڵپشتی و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێمی كوردستان درێژبكەن بۆئەوەی ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنین". .   ئەوەشی خستووەتەڕوو: "هەروەك ڕوونە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی پێناسەی ئەم رۆژەی بەوەكردووە كە: (بریتییە لە تەندروستبوون و پێگەیشتن و كامڵبوونی جەستە و هزر و ئابووری و لایەنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، نەک تەنها دوور بوون بێت لە نەخۆشی و پەککەوتەیی)، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە كە پێناسەی ڕێكخراوەكە تەنیا ئاماژەدان نییە بە دوور بوون لە نەخۆشی و پەککەوتەیی كە بەمەش مانای تەندروستی تەواو نادات بە تاكەكان، هەر بۆیە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمیش جەخت دەكاتەوە هۆشیاری تاك بە بەشێكە لە تەندروست بوونی تاک دادەنرێت، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر کەسێک بیر و بیر کردنەوە و بڕوای تەندروست و ساغ نەبوو، كەسەكە بە كەسێكی ناتەندروست لە قەڵەم دەدرێت". . جەختیشیکردووەتەوە: "هەروەك ڕوونە ڤایرۆسی كۆرۆناش یەك لەو ڤایرۆسە گوازراوانەیەكە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە و خۆپارێزی و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان ژیانی خۆت و خانەوادەو هاووڵاتیان دەپارێزیت، پاراستنی تاكەكانیش لە ئەستۆی هەمووانە و باپەندبوونت بە ڕێنماییەكان نیشانەی كەسایەتی و تەندروستبوونت". . وەزیری تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە: "لەم ڕۆژەدا دەستی ماندووی پزیشكان و پەرستاران و سەرجەم كارمەندانی تەدروستی دەگوشین، ئەوان ئێستا لە سەنگەری بەرگرین لەم ڤایرۆسەو خۆیان كردوەتە قەڵغانێك بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پارێزراوبن، هاوكات دەستخۆشی لە برایانی هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەكەین كە شەو رۆژ كاردەكەن بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان". . بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (288) تووشبووە، لەنێویاندا (3) مردن هەیە و (110) نەخۆش چاکبوونەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.