گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری تەندروستی داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕتی دەکات

2020.04.07 - 17:04
وەزیری تەندروستی داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕتی دەکات
ناس کورد- بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک وەزیرى تەندروستیی هەرێم سکاڵای لەسەر کەناڵی ئێن ئاڕتی تۆمارکرد و داوای لە داواکاری گشتیی کردووە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەناڵە بگیرێتەبەر و دابخرێت، دەشڵێت، ڕاپۆرتی ئەو کەناڵە ناڕاست و چەواشەکارانەیە. .  سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کردووە ڕایگەیاندووە: "کەناڵی NRT لە ڕێکەوتی 5ی نیسانی 2020، راپۆرتێکی سەبارەت بە ئاماری توشبووان و گیانلەدەستدانی نەخۆشانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەدا وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە ڕاستییەکان دەشارنەوە و بە هەڵە ئامارەکان ڕادەگەیەنن بۆ مەرامی خۆیان بە تایبەت پێنەدانی موچە و  ئاماژەیان بەوەشکردووە، حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە نەخۆشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە، بێ ئەوەی پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی زانستی پزیشکی ببەستن." . وەزیری تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستی ئەم ڕاپۆرتە بە چەواشەکاری و ناڕاست دەزانین و هۆکارێکە بۆ هاندانی خەڵک بۆ پیشێلکردنی سەرجەم رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و شکاندنی قەدەغەی هاتووچۆ". . ئەوەشی خستووەتەڕوو: "داواکارین رێکاری یاسایی توند بگیرێتەبەر بە داخستنی کەناڵی NRT و هەواڵەکردنی بۆ دادگا بۆ ئەوەی رێگە بگیرێت لە کەناڵی ناوبراو کە لە کات و ساتێکی وا هەستیار و ترسناک یاری بە ئامارەکان نەکات و ببێتە هۆکارێک بۆ پێشێل کردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی".