گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کورد داواکاری چییە؟

پەرلەمانتارێک: زورفی ڕاسپێدراوی فەرمییە بەڵام دووڕێگاش هەیەبۆ گۆرینی

2020.04.07 - 16:20
پەرلەمانتارێک: زورفی ڕاسپێدراوی فەرمییە بەڵام دووڕێگاش هەیەبۆ گۆرینی
ناس کورد- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییە کوردییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق "هێڵی سور"یان لە سەرهیچ بەربژێرێکی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقد نییە ئەگەر کۆدەنگی لایەنە شیعییەکانی لەسەربێت. . شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "تائێستا عەدنان زورفی، ڕاسپێدراوی فەرمییە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، پێشکەشکردنی کەسانی تریش بۆ ئەو پۆستە تەنها بەدوو ڕێگە دەبێت". . زیاتر بخوێنەوە: کۆبوونەوەیەکی نهێنی سێ قۆڵی مستەفا کازمى هێناوە بەرباس بۆ سەرۆکوەزیرانی . پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "لایەن کوردییەکان ڕێز لە هەر کاندێکی لایەن شیعییەکان بۆ ئەو پۆستە دەگرن بە مەرجێک  ئەو بەربژێرە ڕێز لە دەستور و مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بگرێت". .  میرزا ئەوەشی خستووەتەڕو، ململانێی پێکهاتەکانی نێوماڵی شیعە لەسەر دیاریکردنی گەورەترین هاوپەیمانی زیانی بە پڕۆسەی سیاسی عێراق گەیاندوە. .  دەشڵێت: "زورفی لە ئێستادا دووچاری کێشەی گەورە بووەتەوە لەگەڵ شەش لایەنی شیعە، بەڵام تائێستا هەر ئەو بەربژێری فەرمییە بۆ پۆستەکە، دوو ڕێگاش بۆ پێشکەشکردنی کەسێکی دیکە هەیە، دەبێت زورفی پۆزش بهێنێتەوە یان دەبێت پەرلەمان کابینەکەی پەسەند نەکات هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ عەلاویدا ڕوویدا". .   ڕۆژی 17 ئاداری ڕابردوو، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق عەدنان زورفی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسری لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپارد. بەپێی ماددەی 76ـی دەستووری عێراق، زورفی 30 رۆژی لەبەردەستە لە ڕۆژی ڕاسپاردنییەوە بۆ پێشکەشکردنی حکومەتەکەی و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان. . ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن عەدنان زورفى و ڕکابەرەکانى ملانێکانیان ببەنە گۆڕەپانى پەرلەمانى عێراق و لەوێ گرەو لەسەر سەرکەوتنیان بکەن بەسەر یەکتردا. . لەگەڵ نزیکبووەوەى کۆتایهاتنى وادەى دەستورى لە بەردەم زورفى بۆ پێکهێنانى کابینەکەى و تێپەڕاندنى لە پەرلەمان کێشمەکێشەکان زیاتر بوون و هەندێ لایەنى شیعى هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ شکستهێنان بە زورفى. . تا ئێستا زورفى ملى بۆ فشارەکان نەداوە و سورە لەسەر پێکهێنانى کابینەکەى و تێپەڕاندنى لە پەرلەمان، خۆشى بەدور گرتووە لە هەراسانکردنى لایەنە سیاسییەکان و دوور لە ململانێ و سەنگەرگرتن لێیان کارەکانى ڕاییدەکات، بە پێچەوانەى محەمەد عەلاوییەوە کە بەهۆى هەنگاوەکانییەوە هەر زوو کەوتە بەر بەرەنگارییەکى توندى لایەنەکان. . سەرچاوەیەکى سیاسی ئاگادار لە بەغدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەى کۆتایی هاتنى وادەى بەردەم زورفى و هەوڵەکانى بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى لە پەرلەمان، فشارەکان لەسەرى چڕ بوونەتەوە، بەتایبەت لەلایەن هەندێ لایەنى شیعەوە کە وا دەردەکەوێت بیانەوێت عادل عەبدولمەهدى بمێنێتەوە. . وتیشى، "ئەو لایەنانە کە نزیکن لە ئێرانەوە ئەو ڕەشەبایەى هەڵیکردوە لە بەرژەوەندى خۆیان نازانن". . زورفى هەر لەسەرەتاى ڕاسپاردنییەوە ڕوبەڕووى دژایەتى بووەوە لەلایەن بەشێک لە لایەنە شیعییەکانەوە، لەوانە فەتح و دەوڵەتى یاسا، لە ئێستاشدا بازنەکە فراوانتر بووە، بەتایبەتى دواى کۆبوونەوەى ئێوارەى ڕابردووى بەشێک لە سەرکردە شیعییەکان کە تێیدا رێککەوتن لەسەر ئەوەى مستەفا کازمى لەجیاتى زورفى بەربژێر بکەن. . مستەفا کازمى، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى عێراقە و پێشتر چەندجارێک ناوى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیان هێنراوە، بەڵام کاندیدنەکراوە. . ئەوەى ڕوونە ئەوەیە ئەو ڕێککەوتنەى سەرکردە شیعییەکان ڕەنگە هیچ قورساییەکى نەبێت تەنها ئەوکاتە نەبێت کە زورفى هاوشێوەى عەلاوى لە پێکهێنانى کابینەکەى بکشێتەوە. . سەرچاوەکە دەڵێت، ئەو لایەنانەى باسى مستەفا کازمى دەکەن، مەرج نییە کازمیان قبوڵبێت، چونکە بەشێکیان پێشتر کازمیان تۆمەتبارکردووە بەوەى دەستى هەبووە لە رووداوى کوژرانى ئەبو مەهدى موهەندیسدا. . باسى لەوەشکرد، کێشمەکێشەکان توندن و ڕێگاکانى بەردەم زورفیش قورسن، لە ئێستادا لەسەر پەتەکەیە، بەڵام وادەردەکەوێت چانسى بوونى بە سەرۆکوەزیران کەمێک زیاتر بێت. . بەڵام سەعد شاکر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری بە ناس کوردی ڕاگەیاند، “لەئێستادا عەدنان زورفی چانسی ئەوەی نەماوە حکومەتەکەی پێکبهێنت، دەتوانم بڵێم تەواو ئەو کۆتایی پێهاتووە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا شکستی خۆی لە پێکهێنانی کابینەکەی ڕادەگەیەنێت”. . ڕەنگە ئەوەى چانسى زورفى بەهێز کردبێت پشتیوانى لێکردنى بێت لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە، بەتایبەت کە لەکاتى راسپاردنیدا پەرلەمانتارانى زۆربەى فراکسیۆنەکان ئامادەبوون، هەروەها خودى خۆى کار لەسەر پەرلەمانتاران دەکات بەو پێیەى خۆشى پەرلەمانتارە، بەپێچەوانەى عەلاوییەوە کە هیچ پشتیوانیەکى لەناو پەرلەمانتاران نەبوو، تەنها لەگەڵ فراکسیۆن و لایەنەکان دانوستانى دەکرد. .   سەرچاوەکە باسى لە ئەگەرى ڕوودانى سیناریۆیەک کرد بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى زورفى لە پەرلەمان، بەو پێیەى زورفى کار لەسەر خودى پەرلەمانتارەکان دەکات، نەک فراکسیۆنەکان کە بەشێکیان دژایەتى دەکەن. . بێدەنگى کورد.. مەیلى پشتیوانى فراکسیۆنە کوردییەکان تا ئێستا جەختیانکردووەتەوە کە یەک هەڵوێست دەبن بەرانبەر زورفى و کابینەکەى، وەک چۆن یەک هەڵوێستیان هەبوو بەرانبەر محەمەد عەلاوى، بەڵام ئەوەى دیارە تائێستا بێدەنگییەکى ڕوونى کوردە کە وادەردەکەوێت مەیلێک بێت بۆ ڕازیبوون پێی. . لەدواى ڕاسپاردنى زورفیەوە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق لە بەیاننامەیەکدا پێشوازى لە کارەکەى سەرۆککۆمار کرد، ئەوەش بەوتەى سەرچاوەکە ڕازیبوونى ئەو حزبەى نیشانداوە بەرانبەر راسپاردنى زورفى. . وتیشى، "کوتلەکانى دیکەش بەهەمان شێوە بەشێوەى جیاجیا ڕازى بوون، ئەوەى دەمێنێتەوە پارتیە کە ڕەنگە زۆر کێشەى نەبێت، بەتایبەتى کە باس لەئەگەرى مانەوەى فوئاد حسێن و وەزیرە کوردەکان دەکرێت". . بەڵام سەعد شاکر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری وتی، “لایەنە کوردییەکان پەشیمانبوونەتەوە لە پشتگیریکردنی زورفی، چونکە کورد نایەوێت پشتگیری لە کەسێک بکات کە کۆدەنگی ماڵی شیعیی لە سەرنەبێت و ڕەتکرابێتەوە، کورد ولایەنە شیعییەکان هاوپەیمانی یەکترن ئەو بنەمایەش لە دەسپێکی پڕۆسەی سیاسی عێراقەوە کاری پێکراوە”. . ئەمە یەکەمجار نییە پەرلەمانتارانى فەتح باسى پشتیوانینەکردنى زورفى دەکەن لەلایەن کوردەوە، لەکاتێکدا تا ئێستا کورد بەفەرمى هیچ هەڵوێستێکى روونى لەبارەى زورفییەوە دەرنەبڕیوە. . پەرلەمان..دوا گۆڕەپانى ململانێکان دوور لە ململانێکان، پەرلەمانى عێراق بریاریداوە لیژنەیەکى تایبەت پێکبهێنێت بۆ تاوتوێکردنى کارنامەکەى زورفى، ئەوەش بەیەکەم هەنگاوى پەرلەمان دادەنرێت بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى. . کارنامەى کاربینەکەى زورفى چەندین خاڵ لەخۆدەگرێت، بەڵام هیچ خالێکى تایبەت نییە بە پرسی کردنەدەرەوەى هێزە بیانییەکان کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە، ئەوەش ڕەنگە مشتومڕاویترین پرس بێت کە لیژنە پەرلەمانییەکە تاوتوێی بکات. . نەبوونى ئەو خاڵە لەکارنامەکەیدا، هۆکارى توڕەیی زیاترى بەشێک لە لایەنە شیعییەکانە لە زورفى کە ئێستا تەنها هاوپەیمانى سائیرونى سەر بە سەدر پشتیوانى دەکات. . “زورفی لە کارنامەکەیدا بڕیاری پەرلەمانی عێراقى بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە ناو خاکی عێراقیدا پێشێل کردووە و بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی بەو خاڵە گرنگە نەکردووە، ئەوە بۆخۆی بەشێکی گرنگە لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق کە دەبێت هەر سەرۆکوەزیرانێک ئەو بابەتە کاری لەپێشینەی ئەوە بێت، بۆیە ئێمە بە توندی ڕەتیدەکەینەوە”، پەرلەمانتارەکەى فەتح وایوت. . ئێستا چاوەکان هەمویان لەسەر پەرلەمانى عێراقە، کە ئایا کەى کۆدەبێتەوە و پرسی متمانەدان بە کابینەکەى زورفى دەخاتە بەرباس، ئایا متمانە بەو کابینەیە دەدرێت کە لەئاڵۆزترین دۆخى عێراقدا لەدواى 2003 لەدایکدەبێت، یاخود متمانەى پێنادرێت و گفتوگۆکان دەگەرێنەوە چوارگۆشەى یەکەم.