گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ریزبەندى پارێزگاکانى هەرێم لەرووى ژمارەى توشبووانى کۆرۆناوە گۆڕانى بەسەردا هات

2020.04.07 - 14:24
ریزبەندى پارێزگاکانى هەرێم لەرووى ژمارەى توشبووانى کۆرۆناوە گۆڕانى بەسەردا هات
ناس کورد-   بەرکەوتووانى دوو پرسە لە هەولێر، ژمارەى توشبواوانى کۆرۆناى لەو پارێزگایەى بەڕێژەیەکى بەرچاو بەزکردوەوە و ئەو پارێزگاى کردە پێشەنگى پارێزگاکان لەرووى زۆرى ژمارەى توشبووندا. . لەسەرەتاى سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێم لە ٢٩ى شوباتدا و تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پارێزگاى سلێمانى لە ریزى پێشەوەى ریزبەندى کۆرۆنادا بوو، بەو هۆیەشەوە زۆرترین رێکارى توند لەو پارێزگایە گیرابونە بەر، بەڵام لە ئێستادا پارێزگاى هەولێر پێشەنگى ریزبەندییەکەیە. . رۆژى ٢٩ى شوباتى ئەمساڵ یەکەم توشبووى کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان لە سلێمانى تۆمارکرا و لە پارێزگاى هەولێر ڕۆژى شەشى نیسان یەکەم توشبوو تۆمارکرا. . تاچەند رۆژێک لەمەوبەر ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان ڕۆژانە بەرێژەیەکى بەرچاو رووى لەبەرزبونەوە نەدەکرد، بەڵام ماوەى چەند ڕۆژێکە و بەهۆى دوو پرسەى گەڕەکى کارێزانى هەولێرەوە ژمارەکە بەرێژەیەکى گەورە هەڵکشاوە. . رۆژى شەشى ئەم مانگە، بەرزترین ژمارەى توشبوونى ڕۆژانە لە هەرێمى کوردستان تۆمارکرا، دواى تۆمارکردنى ٤١ حاڵەتى توشبوون لە هەولێر، کە زۆربەیان بەرکەوتەى دوو پرسەکە بوون. . بەپێی ئامارەکانى بەرێوەبەرایەتى تەندروستى هەولێر، لە ئێستادا کۆى ژمارەى توشبووان لەو پارێزگایە گەیشتووەتە ١٣٨ کەس، کە ٢٠ کەسیان چاکبوونەتەوە و تا ئێستا کەس بەهۆى توشبوون بەو ڤایرۆسە لەو پارێزگایە گیانى لەدەستنەداوە. . دلۆڤان محەمەد بەرێوەبەرى تەندروستى هەولێر ئەمرۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا هۆکارى هەڵکشانى ژمارەى توشبووانى پارێزگاکەى گەڕاندەوە بۆ دوو پرسەکەى گەڕەکى کارێزان. . وتیشى "ئێستا ڤایرۆسەکە چووەتە ناو کۆمەڵگە، بەڵام تا ئیستا هیچ توشبوویەک پێویستى بە ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد نەبووە و بارى تەندروستیان جێگیرە". . لەگەڵ هەڵکشانى ژمارەى توشبوواندا، تەندروستى هەولێر پلانى (سی) خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و نەخۆشخانەى رزگارى تەرخانکرد بۆ توشبووانى کۆرۆنا، بەوەش ژمارەى ئەو نەخۆشخانانەى بەو توشبووەکان تەرخانکراون بووە چوار نەخۆشخانە. . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، تا ئێستا لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان ٢٨٨ توشبووى کۆرۆنا تۆمارکراون، ١٠٤ کەسیان چاکبوونەتەوە و سیانیان گیانیان لەدەستداوە کە سەرجەمیان لە پارێزگاى سلێمانى بوون. . لەکۆى ژمارەى توشبووان، هەولێر لە پلەى یەکەمدایە بە ١٣٨ توشبوو، دواى ئەویش سلێمانى دێت بە ١١٥ توشبوو، پاشان هەڵەبجە ٢٠ توشبوو، دهۆک ١٥ توشبوو. . دابەشبوونى توشبووان بەپێی تەمەن . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، زۆرترین توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان تەمەنیان لەنێوان ١١-٢٠ ساڵدایە، کەمترینیش ئەوانەن کە تەمەنیان لەنێوان ٥١-٦٠ ساڵدایە. . هەر بەپێی ئامارەکان، ٤٩.٣%ى توشبووان لەرەگەزى مێن و ٥٠.٧% لە رەگەزى نێرن. . وەزارەتى تەندروستى هەرێم زیادبوونى توشبووان لە ئێستادا بە "نائاسایی" دادەنێت، بۆیە پلانیاداناوە ژمارەى پشکنینەکان زیاتر بکات. . محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم دوینێ بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو“دواى بەرزبوونەوەى ژمارەکە، ژمارەى پشکنینەکان زیاتر دەکرێت بەتایبەتى لەو شوێنانەى کە بەرکەوتەیان لەگەڵ توشببووەکان هەبووە”. . جەختیشیکردەوە، تۆمارکردنى 41 توشبوو لە هەولێر “حاڵەتێکى نائاسایی” بووە، چونکە بەپێی ستانداردى جیهانى ئەگەر ڕۆژانە چەند توشبویەکى کەم تۆماربکرێت، دۆخەکە بە ئاسایی دادەنرێت، بەڵام ئەمە ژمارەیەکى “نائاسایی” بووە. . وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى پێیوایە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە و ڕۆژانە توشبووى زۆر تۆماربکرێت، ژمارەکە بۆ هەزاران توشبوو بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانەوە. .