گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لایەنە کوردى و سوننییەکانیش ڕەزامەندن لەسەرى

کۆبوونەوەیەکی نهێنی سێ قۆڵی مستەفا کازمى هێناوە بەرباس بۆ سەرۆکوەزیرانی

2020.04.06 - 23:34
کۆبوونەوەیەکی نهێنی سێ قۆڵی مستەفا کازمى هێناوە بەرباس بۆ سەرۆکوەزیرانی
ناس کورد- رێککەوتنى بەشێک لە لایەنە شیعییەکان لەسەر بەربژێرکردنى مستەفا کازمى سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى بۆ سەرۆکوەزیران، لەجیاتى عەدنان زورفى، پەیوەندى بەچەند هۆکارێکەوە هەیە، لەناویاندا بوونى پەیوەندى کازمى لەگەڵ هەریەکە لە ئەمریکا و ئێران. . بەپێی چەند سەرچاوەیەکى عێراقى کە بۆ پێگەى حورە قسەیان کردووە، عەمار حەکیم، سەرۆکى ڕەوتى حیکمە، هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح، حەسەن سنێد، نوێنەرى نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا ڕۆژى یەکشەممە کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى بەربژێکردنى کازمى. . بەوتەى چەند سەرچاوەیەکى نزیک لە هاوپەیمانى فەتح، ئەو کەسانەى نەیارى بەربژێکردنى زورفین، پێیانوایە زورفى سەر بە یەک لایەنى ململانێکەیە و بەوتەى ئەوان بەبەهێزى لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانى دەکرێت، لەکاتێکدا گروپە چەکدارەکان بەتەواوى ڕەتیدەکەنەوە، ئەوەش وادەکات وڵات پەلکێشى شەڕى ناوخۆیی بکات. . سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو لایەنانە ناچاربوون بە قبوڵکردنى کازمى، هەرچەندە پێشتر دژى وەستابوونەوە، بەهۆى هەڵوێستە توندەکانى لەپرسی بوونى چەک لەدەستى دەوڵەت، لە وڵاتێکدا کە گروپەکانى سەر بە ئێران تییدا بڵاوبوونەتەوە. . سەرچاوەکان گەڕانەوەى ئەو لایەنانەیان بۆ رەزامەندى نواندن لەسەر کازمى گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەى، کە خاوەنى پەیوەندى فراوانە لەگەڵ ئەمریکا و ئێران، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکى سەقامگیریی، سەرەڕاى ئەوەى "لاى کوتلە کوردى و سونییەکان قبوڵە". . سەرچاوەکان باسیان لەوەکردووە، باڵى سیاسی هاوپەیمانى فەتح، داواى بەربژێکردنى کازمیان کردووە، بەڵام گروپە چەکدارەکانى سەر بە هاوپەیمانێتیەکە رەتیان کردووەتەوە واژۆ لەسەر بەربژێرکردنى بکەن و وتویانە تەنها ئەوە بەسە کە عامرى واژۆى بکات. . هەرچى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسایە ڕەزامەندى دەربڕیوە لەسەر بەربژێرکردنى ئەگەر لایەنەکانى دیکە رەزامەند بن، لەکاتێکدا رەوتى سەدر کە بەشدارى کۆبوونەوەکە نەبووە، مەرجى هەیە کە دەبێت کۆدەنگى سەرجەم لایەنەکانى لەسەر بێت، پاشان پشتیوانى دەکەن. . هەروەها ڕەوتى حیکمە بەبێ مەرج ڕەزامەندەى نیشانداوە، هاوپەیمانى نەسریش بەسەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى کە زورفى کاندیدکردووە و بەشدارى کۆبوونەوەکە نەبووە، دەستپێشخەرییەکەى ڕەتکردووەتەوە، لەبەرئەوەى پێیوایە زورفى دەتوانێت کابینەکەى لە پەرلەمان تێپەڕێنێت. . هاوکات چەند سەرچاوەیەکى نزیک لە مستەفا کازمى ڕایانگەیاندووە، کازمى لە ڕوانگەیەکى ئەخلاقییەوە سەیرى ئەو پرسە دەکات، پێیوایە ئێستا کاتێکى نەگونجاوە بۆ پێشکەشکردنى کاندیدى جێگرەوە، لەکاتێکدا کاندیدى ڕاسپێردراو هەیە، هەروەها رەزامەندیدانى لەسەر ئەو پرسە بەستوەتەوە بە کشانەوەى زورفى لەو ئەرکە. . مستەفا کازمى ساڵى 1967 لە بەغدا لەدایک بووە و خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە یاسا، پێش روخانى ڕژێمى سەدام لەچەندین وڵاتى ئەوروپى ژیاوە، لەساڵى 2016 و لەسەرجەمى حکومەتەکەى حەیدەر عەبادیدا کرایە سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى و تا ئێستاش لەو پۆستەدا ماوەتەوە.