گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

100 هەزار توشبووی کۆرۆنا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. سێ وڵات زۆرترینیان هەیە

2020.04.06 - 20:47
100 هەزار توشبووی کۆرۆنا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. سێ وڵات زۆرترینیان هەیە
ناس کورد- ژمارەى حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز دوای ئەوەى لە ماوەی هەفتەیەکدا حاڵەتەکان زیادیان کرد و 100 هەزار توشبووی تێپەڕاند. . بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی جیروزەلام پۆستی ئیسرائیلی، ئێران و تورکیا بوونەتە ناوەندی نەخۆشییەکە و لەوانەشە کاریگەری بکاتە سەر کردە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە. . تاوەکو 27ی ئازار، حاڵەتەکانی توشبوون لە ناوچەکە 50 هەزار بوو، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە، گەیشتووەتە 107 هەزار توشبوو. . زیاتر لە نیوەی ئەو ئامارەش لە ئێران تۆمارکراوە کە لە ئێستادا 58 هەزار توشبووی هەیە و بە ناوەندی نەخۆشییەکە دادەنرێت، بەدوایدا تورکیا دێت کە 27 هەزاری تۆمارکردووە، دواتر ئیسرائیل دێت کە هەشت هەزار و 600 حاڵەتی تۆمار کردووە. . نەخۆشییەکە لە شوباتی ڕابردووەوە گەیشتووە ناوچەکە و زۆر بە خێرایی لە ئێران بڵاوبووەوە و لە کۆتایی شوباتیشدا نزیکەى 750 حاڵەت لە تاران و قوم هەبوون، بەڵام بەرپرسان حاڵەتەکانیان شاردەوە تاوەکو هەڵبژاردنەکانی 21ی ئازار بەڕێوەچوو. . بۆیە لەو کاتەوە ئێران بە خراپی بەر هێرشی ڤایرۆسەکە کەوت و سوپا و سوپای پاسدارانی ناردە شەقامەکان بۆ هاوکاری خەڵک و توشبووان، دواتر بەرپرسانی ئێران بە "شەڕی بایەلۆژی" ناویان برد و ئەمریکایان تۆمەتبارکرد بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە و داوای هەڵگرتنی سزا ئابورییەکانی سەریان دەکرد. . بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوای ئەوەى ڤایرۆسەکە توشی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێران بوو و هەندێکی لێ کوشتن، بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام بوون لە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ناوچەکانی تر وەک ستراتیژییەکی تاران لە ڕوبەڕوبوونەوەى ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو. . ئێران بە تەنها نییە، بەڵکو تورکیاش بینەری بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووانی کۆرۆنا بوو بە تایبەت لە ئەستەنبوڵ، هۆکار بەرزی ئەو ژمارەیە ئەوەبوو کە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئازاریش بەرپرسانی تورکی نکۆڵییان دەکرد ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە بڵاوبووبێتەوە. . لەبارەى وڵاتانی تری ناوچەکە، ژمارەى حاڵەتەکان لە ئیمارات بەرزبوونەتەوە و گەیشتووەتە هەزار و 700 حاڵەت، ئەوەش سەرباری ڕێکاری توند و بەهێز کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە گرتوویانەتەبەر هەر لە ڕاگرتنی گەشتەکان و قەدەغەکردنی هاتوچۆ و چڕکردنەوەی پشکنینە پزیشکییەکان. . لە قەتەریش ژمارەیەکی زۆر تۆمارکراوە کە هەزار و 600 حاڵەت، ژمارەکە بۆ وڵاتێکی بچوک لەڕوی دانیشتووانەوە زۆرە، بەڵام لە سعودیە حاڵەتەکان گەیشتوونەتە دوو هەزار و 400 حاڵەت. . وا دیار هەندێک لە وڵاتان هێشتا هیچیان نەکردووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەویش بەهۆی کێشە و ناکۆییە ناوخۆییەکانەوە، بۆ نمونە لە لیبیا و سوریا و یەمەن حکومەت ڕێکاری پێویستی نەگرتووەتەبەر و پشکنین ئەنجام نادرێت. . ڕاپۆرتەکە هەوڵ و ڕێکارەکانی هەرێمی کوردستانی بە سەرکەوتوو ناوبردووە و دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان تەنها چەند حاڵەتێکی کەم تۆمارکراوە ئەویش بەهۆی ڕێکار و قەدەغەی هاتوچۆوە. . لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە پرسیار دەکات ئاخۆ تاکەى ئەم ڕێکارانە بەردەوام دەبن و چ کاتێک دۆخەکە سوک دەبێت و ئاسایی دەبێتەوە.