گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕی 117 ملیار دۆلار پارەی لە بانكی ناوەندیدا هەیە

ئۆپۆزسیۆنی ئێران: قەرز مەدەنە ئێران بۆ پاڵپشتی تیرۆر بەكاری دەهێنێت 

2020.04.06 - 11:02
ئۆپۆزسیۆنی ئێران: قەرز مەدەنە ئێران بۆ پاڵپشتی تیرۆر بەكاری دەهێنێت 
ناس کورد-   ژمارەیەك لە كەسایەتی و حزبی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی و چالاكوانی مافەكانی مرۆڤی ئێران داوایان لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كردووە، ئەو قەرزەی كە ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا داوای كردووە پێینەدرێت، چونكە بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر بەكاری دەهێنێت و خۆیشی پارەی پێویستی بۆ ئەو كارە هەیە. . ڕۆژنامەی جیرۆزەلیمی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، لە نامەیەكیاندا كە بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتیان ناردووە، ژمارەیەك ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی داوا دەكەن ئەو سندوقە بەمەبەستی قەیرانی كۆرۆنا  بڕی پێنج ملیار دۆلار قەرز نەداتە ئێران، چونكە خۆی پارەی هەیە و ئەو وڵاتەش بۆ ئەو مەبەستە بەكاری ناهێنێت. . لە نامەكەدا كە واژووی دەیان كەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و چالاكوانی مافەكانی مرۆڤی ئێرانی لەسەرە، جەخت لەوە كراوەتەوە، تاران پێویستی بەو قەرزە نیە و خۆی دەتوانێت بەبێ ئەو پارەیەش بەرەنگاری ڤایرۆسەكە ببێتەوە. . لەنامەكەدا هاتووە: " بەدیدی ئێمە ئەو داواكارییەی ئێران هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و ئەوە بانگەشەیەكی درۆزنانەیە و ئەو وڵاتە ئاستێكی بەرزی لە یەدەگی دراوی بیانیی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە هەیە كە ساڵی 2019 بەپێی ئەو بانكە بڕەكەی گەیشتووەتە 117 ملیار دۆلار". . باس لەوەش كراوە، ئەو بڕە پارەیەش دەستكەوتی زیاتر لە 14 مانگی داهاتی وڵات دەپۆشێت ئەوەش پێوەرێكی باشە بەشێوەیەكی گشتی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتیەكان. . ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران نیگەرانیی خۆشیان دەربڕیوە لەو پلانەی كە حكومەتی ئیران لە مامەڵەكردنی لەگەڵ پەتاكەدا گرتویەتیەبەر و هانی ئەو سندوقە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشیانداوە هەوڵەكانیان بۆ یارمەتیدانی گەلی ئێران چڕ بكەنەوە و پێداویستیە پزیشكیەكانیان بگەیەننە دەست. . ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێیانوایە بانگەشە میدیاییە نێودەوڵەتیە بەردەوامەكانی ئێران لەبارەی هەناردەی كەرەستە و پێداویستی پزیشكیەوە تەمومژاوییە و پێویستی بەشەفافكردنەوەیە. . ئاماژەیان بەوەشکردووە، ساڵی 2018 بەبڕی 2.4 ملیار دۆلار پێداویستی پزیشكی هاوردە كردوە و ساڵی 2019 بەبڕی 4 ملیار دۆلار ئەو پێداویستیانەی هاوردە كردوە. . لە کۆتایی نامەکەیاندا داواشیان كردووە، سزاكان لەسەر بەرپرسانی ئێرانی و سیستمەكەیان سوك نەكرێت و ئەو هەڵمەتەش بۆ هاریكاری دەستیداوەتێ بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی تیرۆرە، نەك بەرەنگاری ڤایرۆسەكە. .