گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران؛ سەرەڕاى گيرۆدەبوونى بە كۆرۆنا ژێر دەريايى  و كەشتى جەنگى نوێ دروستدەكات

2020.04.06 - 09:18
ئێران؛ سەرەڕاى گيرۆدەبوونى بە كۆرۆنا ژێر دەريايى  و كەشتى جەنگى نوێ دروستدەكات
ناس کورد-   سەرەڕاى ئەوەى كۆمارى ئيسلامى ئێران گيرۆدەى دەستى ڤايرۆسى كۆرۆنايە بەڵام لەسەر بۆ خۆپڕچەككردن بەردەوامە و پلانى دروستكردنى ژێردەريايى و كەشتى جەنگى نوێى ڕاگەياند. . ئەمير راستجارى، سەرۆكى پيشەسازى دەريايى لە وەزارەتى بەرگرى ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەزگاكانى ڕاگەياندنى ناوخۆى وڵاتەكەى باسى لەوەكردوە، كاركردن لە پڕۆژەى كەشتى جەنگيى ئێرانى بەردەوام دەبێت. . كۆمارى ئيسلامى ئێران يەكێكە لەو وڵاتانەى گيرۆدەى دەستى ڤايرۆسى كۆرۆنايەو تائێستا زياتر لە 58 هەزار توشبوو و زياتر لە 3600 گيان لەدەستدانى تێدا تۆمار كراوە. . بەگوێرەى ڕاپۆرتێكى ماڵپەرى "فۆڕبس" ئەو ژێر دەرياييە زەبەلاحەى ئێران دروستى دەكات تێيدا تايبەتمەنديەكانى هەردوو ژێر دەريايى "فەتح" كە كێشى 500 تەنە و "كيلو"ى ڕوسى كۆكراوەتەوە، لەئێستادا تاران سێ دانەى لە ژێر دەريايى "كيلو" هەيە كە كێشيان لەنێوان 2000  بۆ 3000 تەن دەبێت. . ئێران جۆرێك لە ژێر دەريايى بچوكى تايبەت بەخۆى هەيە كە پێى دەوترێت "غەدير" و يەكەم جۆرى ژێر دەرياييە كە بەتوانایى ناوخۆیى دروستکراوە، بەڵام زۆر لە ژێر دەرياييە بچوكەكانى كۆرياى باكور دەچێت كە ساڵى 2010  بەو جۆرە ژێر دەرياييانە كەشتيەكى جەنگى كۆرياى باشورى لەناو برد. . ژێر دەرياييە نوێكەى چەك و تۆبيد (تۆربيد جۆرە موشەكێكى تايبەتە كە دژى كەشتى جەنگيەو ژێر دەريايى هەڵيدەگرێت)ى قورس و دروستكراوى ئێران خۆى هەڵدەگرێت هەروەها چەك و تۆربيدى سوكيشى تێدايە كە دژە كەشتى جەنگين، بەڵام ژێر دەرياييەكە تۆربيدى زۆر خێڕا هەڵناگرێت. . ئەمير راستجارى ئەوەى ڕەتكردوەتەوە كە ژێر دەرياييە نوێكە بە وزەى ئەتۆمى كار بكات و وتى "تواناى ئەوەى هەيە بە وزەى ئەتۆم كار بكات بەڵام بەشێوە تەقليديەكە كار دەكات كە ديزڵ و پاترى بەهێزن". . كەشتى جەنگى "لوقمان" يەكێكى ترە لەو پرۆژانەى ئێڕان كارى لەسەر دەكات، كەشتيەكە 6000 تەنە و سێ هەيكەلى جياوازى هەيە و بە واتايەكى تر زۆر زەبەلاح دەبێت و بەپێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانيەكان لە كەشتى جەنگى LCS ى ئەمريك دەچێت كە لە جۆرى "بێرك"ە. . كەشتيە جەنگيەكە ڕادارێكى پێشكەوتوو، قازيفەى ستونى و سەكۆى موشەكى "زەوى ئاسمانى" هەڵدەگرێت، پێشتريش ئێران كەشتى جەنگى بچوكى دروستكردوە كە كێشى 2000 تەن دەبێت بەڵام سيستمى بەرگرى ئاسمانى نييە و ئەوەش واتاى ئەوەى كە هەندێك كات بونى ئەو جۆرە پێويست  و گرنگ نييە. . ئێران مێژويەكى دورودرێژى هەيە لە باسكردنى پلان و خواستەكانى بەڵام زۆربەيان پێش جێبەجێكردنيان كۆتاييان دێت، پێگەى "فۆربس" پێى وايە، لەوانەيە ڕاگەياندنى ئەو جۆرە پلانانە ئامانج لێيان تەنها پڕوپاگەندەى ناوخۆيى بێت بۆ ئەوەى واى پيشان بدەن كە توانا ناوخۆييەكانيان بەسە بۆ هێنانەدى خواستەكانيان. . سەرەڕاى ئەوەى ئێران سزايەكى ئابورى قورسى لەسەرە لەلايەن ئەمريكاوەو ناتوانێت بە ئاسانى نەوتەكەى بفڕۆشێت و داهاتى بە تەواوەتى كەميكردوە، گيرۆدەى ڤايرۆسى كۆرۆناش بوە و تواناى كۆنترۆڵكردنى نييە، ئەوەش هاوڵاتيانى ئەو وڵاتەى توڕە كردوەو حكومەت بە پشتگوێخستنى بارودۆخەكە تۆمەتبار دەكەن. .