گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كابينەکەى عەدنان زورفى لەنێوان كێشمەكێشى شيعە، سونە و كوردا بەرەو كوێ ؟ [تایبەت]

2020.04.05 - 23:54
كابينەکەى عەدنان زورفى لەنێوان كێشمەكێشى شيعە، سونە و كوردا بەرەو كوێ ؟ [تایبەت]
  ناس کورد-   ڕۆژى 16\3\2020 بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمارى عێراق عەدنان زورفى، سەرۆكى فراكسيۆنى نەسرى لەپەرلەمانى عێراق ڕاسپارد بۆ پێكهێنانى حكومەت، ئەوەش دواى كۆتايى هاتنى ئەو ماوە دەستوريەى ديارى كرابوو بۆ لايەنەكان "لايەنە شيعەكان بە تايبەتتر" تا كانديدێك پێشكەشى سەرۆك كۆمار بكەن. . دواى كێشمەكێشێكى زۆر لەنێوان لايەنە سەرەكيەكانى شيعە و ديارى كردنى چەندين ناو بەڵام نەيانتوانى بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر كەسێك، دواى ڕاسپاردنى زورفىيش سەرۆك كۆماريان بە پێشێلكردنى دەستور تۆمەتبار كرد و لەئێستادا لە هەوڵى خستنى زورفين، هەرچەند چەند جارێك داوا لە ناوبراو كراوە كە داواى لێبوردن لە راسپاردنەكەى بكات بەڵام ڕەتيدەكاتەوەو بڕياريداوە تا كۆتايى ڕێگەكە بەردەوام بێت. . بەپێى زانياريەكان، عەدنان زورفى نزيكەى 210 پەرلەمانتارى لەپشتە كە زۆرينەى لايەنە كوردى و سونيەكان و بەشێكى شيعەن، لەكۆتا هەڵوێستى ناوبراويشدا داواى لە سەرۆكايەتى پەرلەمان كرد كە وادەيەك بۆ دەنگدان بە كابينەكەى ديارى بكەن، ئەمەش هەرچەند تا ئێستا هيچ سەرە داوێكى كابينەكەى ديار نييەو ڕاى گشتى ئاگادارى وردەكاريەكەى نييە.   سەبارەت بە داواكاريەكەى زورفى و هەنگاوەكانى پەرلەمان لەو بارەيەوە بەشیر حەداد، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە "لیژنەیەک بەسەرۆکایەتى یەکێک لە جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان پێکدەهینرێت بۆ تاوتوێکردنى کارنامەى حکومەتەکەى زورفى، دواى تاوتوێکردنى کارنامەکە، بڕیار لەسەر بەستنى کۆبوونەوەیەکى نائاسایی دەدرێت بۆ پێدانى متمانە بە حکومەتەکەى و رێککەوتن لەسەر میکانیزمى دەنگدان و ئامادەبوونى پەرلەمانتاران". . زورفى سەرەڕاى پێشکەشکردنى کارنامەى حکومەتەکەى بە پەرلەمان، تا ئێستا ناوى وەزیرەکانى ئاشکرانەکردوە، بەڵام پێشتر چەند جارێک جەختیکردووەتەوە کە دەیەوێت سەرجەم لایەنەکان بەشداربن لە کابینەکەیدا، وەڵامى ئەو کەسانەى دایەوە کە گومانیان لە یاسایی بوونى راسپاردنى هەیە و وتى "راسپاردنم دەستورییە و متمانەى سیاسی و پەرلەمانى هەیە، چاوەڕوانى دیاریکردنى وادەى کۆبوونەوەى نائاسایی پەرلەمانم، بۆ دەنگدان لەسەر کارنامەى حکومەت و کابینەکەم".   تا ئێستا دیارنییە زورفى دەتوانێت دەنگى زۆرینەى پەرلەمانى بۆخۆى و کابینەکەى بەدەستبهێنێت یاخود هەمان چارەنوسى محەمەد عەلاوى دەبێت کە لەئەرکى پێکهێنانى حکومەت کشایەوە. . كورد و كابينەكەى عەدنان زورفى !   بەپێى زانياريەكان، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کورد و پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی بەغداشدا کردوە، ئەندامێکی شاندی کوردیش بۆ ئەو پرسە دەڵێت، هێشتا نزیکەی دوو هەفتە ماوە و بێگومان هەر کۆدەبنەوە، چونکە بەبێ کۆبوونەوە لەگەڵ کورد ئەو پرسە تێناپەڕێت.   ئەندامێکی شاندی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بە ناس کوردی وت: "زورفی داوای کردوە سەردانی هەرێم بکات بۆ کۆبونەوە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تێکچونی بارودۆخەکە تائێستا نەهاتوە و گفتوگۆی لەگەڵ کورد نەکردووە". . هاوکات ڕۆژى شەممە، 4ی نیسانی 2020، زورفی دواخستنی سەردانەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ هۆكاری قەیرانی تایبەت بە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گەڕاندەوە و وتى "پەیوەندییەكانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێم و نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەكانی هەرێم لەسەر پرسەكە بەردەوامە، هێشتا نزیکەی دوو هەفتە کات ماوە و ماوەیەکی باشیان لەبەردەستدايە، هەر گفتوگۆ دەکەن، چونکە بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ کورد ئەو پرسە تێناپەڕێت.   لەلايەكى ترەوە شیروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "پێشتر دوو جار فواد حسێن، وەزیری دارایی وەک نوێنەری پارتی و کورد لەگەڵ عەدنان زورفیدا کۆبوەتەوە دەربارەی پرسی پێکهێنانی کابینەکەی". . ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ناس کورد ئاشکرایکردبوو، زورفی لەگەڵ لاینەنە کوردییەکاندا گەیشتووەتە ڕێککەوتن و لەو دوو کۆبونەوەیەدا هەموو شتێک کۆتایی پێهێندراوە و تەنها ئەوە ماوە بە فەرمی ڕابگەیەندرێت، زورفی زانیویەتی لایەنە کوردییەکان دەیانەوێت وەزیرەکانی بمێننەوە و نەگۆڕدرێن، بۆیە هەردولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتون کە وەزیرە کوردەکان بمێننەوە و کوردیش پشتگیری زورفی بکات.   لە بەرامبەردا ئەندامەکەی شاندی هەرێم ئەوەی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا بە فەرمی هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و ئەوانە ڕاست نین. . لاى خۆشيەوە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند "عەدنان زورفی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو  داوای لێ کردوین وەک چەند پەرلەمانتارێکی کورد کە لە بەغدا پێکەوە کار دەکەین، کۆببینەوە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەمانتوانیوە بگەڕێینەوە بەغدا و کۆبوونەوەکە ئەنجامبدەین".   وتیشی "بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵ کردوە و کۆبوونەوەکە دەربارەی گفتوگۆکردن دەبوو لەسەر پرسی موچەی هاووڵاتیان و بودجەی هەرێم و پارەی گەنمی جوتیاران و کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، چونکە ئێمە هیچ وەزیرێکمان نییە تا بۆ ئەوە کۆببینەوە لەگەڵیدا و کێشەمان لەگەڵ ناودا نییە، بەڵکو مافی خەڵکمان لا گرنگە". . دەربارەی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە بڕیار بووە کۆببنەوە لەگەڵیدا، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، بەشێک لە ئەندامانی گروپی 15 بوون، چونکە ئێستا گروپی 15 نەماوە، بەڵام چەند پەرلەمانتارێک کە لە بەغدا پێکەوە کاردەکەن و زورفی دەناسن، داوای لێکردون کۆببنەوە لەگەڵیدا و ئەگەر دۆخەکەش ئاسایی بێتەوە کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدەن.   لەلايەكى ترەوە دیار بەرواری پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، گەرچی كارنامەیەكی كورتە بەڵام ئەوەی كە زوروفی پێشكەش كردووە باشە و نیەتی چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان فیدراڵ و هەرێمی پیشانداوە بەڕێگەیەكی لۆژیكی، ئەوەی بەلای كوردەوە گرنگە بوونی سازانی سیاسیە لەنێوان هەموو لایەنەكاندا بۆ سەرخستن و جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت. . لەبارەی سەردانەكەی زوروفی بۆ هەرێمی كوردستان ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، زوروفی سەردانی هەرێمی نەكردوە بەڵام لەبەغدا سەكردە سیاسیەكانی كوردی بینیوە، كارنامەی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو هیچ بایەخێكی ئەوتۆی نییە و لەبەر ئەوەی لە كابینەكانی ڕابردودا تەنها چەند داڕشتێنیك بوە و لە واقیعدا جێبەجێنەكراون و هەندێك كەسیش قسە لەسەر گۆڕانكاری دەكەن بەپێی بارودۆخە نوێیەكان.   ڕونیشیکردەوە کە، گرنگە سازان لە نێو ماڵی شیعەدا هەبێت لەسەر زوروفی پێش پڕۆسەی متمانەپێدان، ئەوەی ئێستا گرنگە كاندیدی ڕاسپێدراو سازانی شیعەكان بەدەستبهێنیت و دیدی كورد و زروفیش لێكەوە نزیكن. . شيعەو كابينەكە عەدنان زورفى !   هەرچى سەبارەت بە هەڵوێستى لايەنە شيعيەكانە، لەئێستا هاوپەیمانی سائیرونی سەدر بە گەشبینیەوە دەڕوانێتە دۆخەکە و پێشبینی دەکات کابینەکەى بە زۆرینەى دەنگ متمانەى پێ بدرێت و دەشڵێت، لەوانەیە دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێدانی متمانە بە کابینەکە هەفتەى داهاتوو بەڕێوەبچێت.   لە بەرانبەردا هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری بە بەردەوامی ڕەتکردنەوەى زورفی دوپات دەکاتەوە و چەندینجار سەرۆکى هاوپەیمانیەتیەکە داوای لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کردووە ئەو مەرسومە کۆمارییە هەڵبوەشێنێتەوە کە زۆرفی پێ ڕاسپێردرا. . هەرچەندە ئەو دوو لایەنە هەڵوێستی ئاشکرای پشتگیری و ڕەتکردنەوەیان نیشانداوە، بەڵام هەندێک لایەنی تر “دانوستانی نهێنی” لەگەڵ زورفیدا دەکەن و داواکارییەکانیان پێشکەشکردوە.   "حەمید معەلە" سەركردە لەڕەوتی حیكمەی شیعەكانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەكردوە، سازانێكی شیعی هەیە بۆ ئەوەی كابینەكەی زورفی تێپەڕ نەبێت و چەند جوڵەیەكی باش بۆ ڕێكکەوتنێكی نوێ لەو بارەیەوە لەئارادایە. . وتوشيەتى، كاندیدە نوێیەكەی پۆستی سەرۆکوەزیران، لەدایکبوی ڕوداوە سیاسیەكانە و دەسەڵاتێكی زۆری لەجێبەجێ كردندا دەبێت و پشتیوانی هەموو لایەنە سیاسیەكانیش بەدەست دەهێنێت.   سەركردەكەی ڕەوتی حیكمە ئەوەشی ڕونكردوەتەوە، فەتح و سائیرون و حیكمە و دەوڵەتی یاسا گەیشتونەتە ڕێکكەوتنێكی زۆر باش و یەكلاكەرەوە و هاوپەیمانی نەسڕ ماوە كە هەندێك داواكاری هەیە، سیستمی حكومڕانی لەعێراقی پەڕلەمانیدا، بێ قبوڵكردنی لایەنە سیاسیەكان و تەنها پشت بەستنە پەڕلەمان بۆ تێپەڕاندنی كابینەكەی هیچ سودێكی نیە وەكو ئەوەی كە زورفى دەیكات. . جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، هەوڵەكانی زورفى بەو ئاڕاستەیەدا فشاری خستە سەر لایەنە سیاسیەكان بۆ ئەوەی كاندیدێكی نوێ ڕابسپێرن و داواشی لێ دەكات لەسەر ئەو كارەی بەردەوام بێت، بەڵام ناكۆكی لایەنە شیعەكان كە گەیشتنە بنبەست زۆر جار لەپێناو بەرژەوەندیدایە نەك ستراتیژ.   سونە و كابينەكەى عەدنان زورفى ! . بەپێى زانياريەكان زۆرينەى سونەكانى عێراقيش لەگەڵ كابينەى عەدنان زورفين بەڵام ئەوانيش هەروەك پێشوو و سەردەمى ڕاسپاردنى محەمەد تۆفيق عەلاوى دەيانەوێت وەزيرەكانى خۆيان دانێن و تائێستا نەگەيشتوەتە ڕێكەوتن لەگەڵ زورفى.   بەڵام باسم خەزعەل ئەندامى پەرلەمانى عێراق ئەوەى ئاشكرا كردوە، لەئێستادا زورفى هەوڵى ڕازيكردنى كوتلەكان دەدات بۆ تێپەڕاندنى كابينەكەى بەڵام ناوبراو نەيتوانيوە محەمەد حەلبوسى سەرۆكى پەرلەمان (كە بەشێكى زۆرى پەرلەمانتارانى سونەى لەگەڵدايە) ڕازى بكات و ناوبراو داواى 6 وەزارەت دەكات. ئاماژەى بەوەشداوە، زورفى ناتوانێت ئەو ژمارە وەزارەتە بدات بە حەلبوسى چونكە هەندێك كوتلەى ترى سونى داواى وەزارەت دەكەن، ئەگەر ناوبراو نەتوانێت حەلبوسى ڕازى بكات ئەوا دژى تێپەڕاندنى كابينەكەى دەوەستێتەوە. . لەلايەكى ترەوە "حەيدەر مولا" سەركردە لە هاوپەيمانى هێزە سونيەكانى عێراق دەڵێت " كوتلە سونيەكان دەنگ دەدەن بە كابينەكەى زورفى چونكە بژاردەيەكى دەستورى و نيشتمانيە، هەروەها وەرگرتنى پۆستى سەرۆك وەزيران لە لايەن ناوبراوەوە واتاى ئەوەيە كە دەسەڵات لەدەست سەركردەكانى ڕيزى پێشەوە نامێنێتەوە كە ئەوان هۆكارى شكستهێنانى ئيدارەدانى دەوڵەتن.   سەرەڕاى زيتر لە پێنج مانگ خۆپيشاندانەكانى عێراق بۆ داواكردنى خزمەتگوزارى و دواتر گۆڕينى سيستمى سياسى و كوژرانى سەدان و برينداركردنى هەزارانى تر و دواى ئەوەش قەيرانى كۆرۆنا و دابەزينى نرخى نەوت بەشێوەيەكى بەرچاو، تائێستا لايەنە سياسيەكانى عێراق نەيانتوانيوە حكومەتێك پێكبهێنن بۆ دەربازكردنى عێراق لەم قەيرانە، هەموان داواى پشكى خۆيان دەكەن و كەسيش ڕازى نييە پشك بدات، تائێستاش ديار نييە چارەنوسى عێراقێكى پڕ قەيراناوى لەنێوان كێشەمەكێشەكانى لايەنە سياسيەكان لەلايەك و كێشمەكێشى ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و ئێران لەسەر خاك و حكومەت و سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە بەكوێ دەگات !. .