گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جیهان هەمووی لە کار وەستاوە بەڵام کەشتیی گەشتوگوزار هێشتا لە دەریاکاندا دەگەڕێن

2020.04.05 - 22:37
جیهان هەمووی لە کار وەستاوە بەڵام کەشتیی گەشتوگوزار هێشتا لە دەریاکاندا دەگەڕێن
ناس کورد-   کەشتیی گەشت و گوزار، بە تایبەتی ئەوانەی هێڵی هاتووچۆیان چەند رۆژێک لە دەریادا مانەوەی تێدایە، شێوازێکی باوی گەشت وگوزارە لەو وڵاتانەدا کە دەکەونە سەر ئۆقیانووس و دەریاکان. . هەندێک لەو کەشتیانە زۆر زەبەلاحن و زیاد لە 6000 گەشتیار دەگرن. چەندین هۆتێل و رێستۆرانتان تێدایە. خەڵکانێک ئەم جۆرە گەشتە دەکەن کە حەزیان لە کەمترین جووڵە و زۆرترین بینینە. هەر بۆیە ژمارەی بەساڵاچووان لەناو کۆی گەشتیارەکانی ئەم جۆرە گەشتوگوزارییەدا زۆرە. بەساڵاچووانیش، بە شیوەیەکی گشتی لەشیان بەرگەی زۆر نەخۆشی ناگرێت. . لە رابوردوودا چەندین رووداوی تووشبوون بە پەتا لەناو ئەو کەشتییانەدا روویان داوە و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەم جۆرە لە گەشتوگوزار تۆمەتبارکراون بە پێشێلکردنی رێنماییە تەندروستییەکان لە شوێنی قەرەباڵغدا لەبەر ئەوەی تێچوون کەمبکەنەوە تا قازانج زیاد بکەن. . لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناشدا کەشتییەکی گەشتیاری بە ناوی دایمۆند پرینسێس کە 3000 گەشتیاری تێدابوو بە ناچاری لە کەناری شاری یۆکۆهۆمای یابانی راگیرا چونکە 700 کەس تێیدا تووشی کۆرۆنا بوون کە خەڵکی چەندین وڵات بوون. ئەو ژمارەیە ئەوکات ئەوەندە زۆر بوو کە لە ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا لەپاڵ ئاماری وڵاتەکان ناوی ئەو کەشتییە دانرابوو. تووشبووانی ئەمریکیی ئەو کەشتییە کە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان بوون بە هۆی تەشەنەکردنی پەتاکە لە ئەمریکا. . پاش ئەوەی راگرتنی کەشتیی لەم جۆرە بە چەندین تووشبووەوە لە کەنارەکانی کالیفۆرنیا و فلۆریدا دووبارەبۆوە، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی ١٢ ی ئازار داوای لە کۆمپانیاکانی گەشتوگوزاری دەریایی کرد کە گەشتەکانیان راگرن. لەو کاتەوە ژمارەی ئەو جۆرە گەشتانە لە سەرتاسەری جیهاندا دابەزینێکی زۆری بەخۆوە دی، بەڵام بەپێی راپۆرتی گرافیکیی ماڵپەڕی ئاژانسی بلومبێرگ تا رۆژی ٣ ی نیسان 77 کەشتی لەو جۆرە هێشتا لە دەریا و ئۆقیانووسەکاندان و هەندێکیان حاڵەتی تووشبوونیان لێ دەرکەوتووە. بڕوانە ئەم هێڵکارییەی بلوومبێرگ کە شوێنی ئەو کەشتیانە لە جیهاندا دیاری دەکات. . دوای تێپەڕاندنی یاسای سەرفکردنی 2 ترلیۆن بۆ بەرەنگاریی پەتای کۆرۆنا و ئاکامە ئابوورییەکانی لە ئەمریکادا، کۆمپانیاکانی گەشتی دەریایی لە ریزی پێشەوەی ئەو کۆمپانیایانەن کە داوای یارمەتی و قەرزی بێ سوو دەکەن لە حکومەتی ئەمریکی، بەو پێیەی کە لەسەر داوای سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکانیان زۆر کەم کردۆتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لەکاتێکدا کۆمپانیاکان ئەمریکین، بەڵام بە مەبەستی خۆدزینەوە لە دانی باج لە ئەمریکا لە چەندین دوورگەی بچووکی دەریای کاریبی خۆیان وەک کۆمپانیا ناونووس کردووە و چەندین ساڵە هیچ یان کەمترین باجی داهاتیان بە خەزێنەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوە. .