گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرجەم وڵاتانى بەرهەمهێنەرى نەوت لەیەک کەشتیدان

عێراق باسى گەیشتن بە ڕێککەوتنى نوێ دەکات بۆ بەرزکردنەوەى نرخى نەوت

2020.04.05 - 17:32
عێراق باسى گەیشتن بە  ڕێککەوتنى نوێ  دەکات بۆ بەرزکردنەوەى نرخى نەوت
ناس کورد-   وەزیرى نەوتى عێراق گەشبینى خۆى نیشاندا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى نوێ لەنێوان ئۆپیک و وڵاتانى دەرەوەى رێکخراوەکە لەسەر کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان، بە ئامانجى بەرزکردنەوەى نرخى نەوت. . عاسم جیهاد وتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، سامر غەزبان وەزیرى نەوت و جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى وزە دواى گفتوگۆکانى لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتى ئەندام لە ئۆپیک، گەشبینى خۆى نیشانداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى نوێ، لەکۆبوونەوەى داهاتووى ئۆپیک و وڵاتانى دیکەى بەرهەمهێنەرى نەوتدا. . بڕیارە کۆبوونەوەکە رۆژى پێنجشەممە ببەسترێت، لەنێوان وەزیرانى نەوتى وڵاتانى ئەندام لە ئۆپیک و هاوپەیمانەکانیان بەسەرۆکایەتى ڕوسیا، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى نوێ لەسەر کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت بە ئامانجى گەڕاندنەوەى سەقامگیریی بۆ بازاڕى نەوت و بەرزکردنەوەى نرخەکەى. . عاسم جیهاد باسى لەوەکرد، وەزیرى نەوت جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەى رێککەوتنى نوێ هەنگاوێکى گرنگە، بەڵام پێویستى بە پشتیوانى هەیە لەلایەن بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانى دەرەوەى ئۆپیک، وەک ئەمریکا و کەنەدا و نەرویج و وڵاتانى دیکە. . وتیشى "دۆخى خراپى بازاڕى نەوت لە ئێستادا سەرجەم بەرهەمهێنەرانى نەوت دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکى هاوبەش لەبەرانبەر ئەوەى روودەدات، لەبەرئەوەى هەموان زیانیان بەرکەوتووە". . بەوتەى عاسم جیهاد، وەزیرى نەوت باسى لەوەکردووە، سەرجەم وڵاتانى بەرهەمهێنەرى نەوت لەیەک کەشتیدان، لەسەر هەموان پێویستە بەرپرسیارێتى ئەوە هەڵبگرن کە کەشتییەکە بگەیەننە کەنارێکى ئارام لە رێگەى رێککەوتنى نوێى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان و بڕیارێکى یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنى رێڕەوێکى ڕاست. . ماوەى زیاتر لە مانگێکە، نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان بەرێژەیەکى بەرچاو نزمبووەتەوە و زۆربەى بەهاکەى لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆى کاریگەرى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا و جەنگى نرخ لەنێوان سعودیە و ڕوسیادا. .