گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پوتین چاوەڕێی ڕێکكەوتنە

كۆشكی كرملن: زیادكردنی هەناردەی نەوت خزمەتی بەرژەوەندی هیچ وڵاتێك ناكات

2020.04.05 - 15:56
كۆشكی كرملن: زیادكردنی هەناردەی نەوت خزمەتی بەرژەوەندی هیچ وڵاتێك ناكات
ناس کورد-   كۆشكی كرملنی ڕوسیا ڕایدەگەیەنێت، زیادكردنی هەناردەی نەوت خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هیچ وڵاتێك ناكات و پۆتنیش چاودێری دۆخەكە دەكات بەمەبەستی ڕێكکەوتنێك لەو بارەوە بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی نرخی ئەو سومەتەنییە لە بازاڕەكانی جیهاندا. . دیمتری بیسكۆف، وتەبێژی كۆشكی كرملنی سەرۆكایەتی ڕوسیا لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی ڕوسیا تودەی ڕایگەیاندووە، ڕوسیا پشتیوانی ڕێكکەوتنی ئۆپێكی نەكردووە و پوتنیش چاودێری دۆخەكە بەشێوەیەكی گشتی دەكات بەرەو ڕێكەوتنێك كە جێگرەوەی نییە بۆ ئەوەی نرخی وزە لە بازاڕەكانی جیهاندا جێگربوون بەخۆیەوە ببینێت. . ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، هاوبەشەكانیان لە سعودیە ئاسانكارییەكی لەڕادەبەدەریان بۆ بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان كردووە كە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەموو خەزێنەكانی نەوتی جیهان لەماوەیەكی كەمدا بەتەواوەتی پڕ ببن. . وتەبێژەكەی كۆشكی کرملن ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، لە ئاكامی ئەو كارانەدا لەكۆتاییدا نرخی نەوت بەشێوەیەكی خراپ دابەزی و ئەوەش لە قازانجی هیچ وڵاتێكدا نییە. . وتەكانی كۆشكی كرملنی ڕوسیا لەكاتێكدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ هۆشداری ئەوەیدایە بەرپرسانی سعودیە گەر بێتو بەشێوەیەكی ناپاكانە لەپرسی دابەزینی نرخی نەوتتدا مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن ئەوا باجیان بەسەردا دەسەپێنێت. . دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەهۆی ململانێكانی ڕوسیا و سعودیە و زیاد كردنی هەناردەی نەوت لەلایەن بەرپرسانی سعودیەوە و قەیرانی كۆرۆنا، هەر یەكە لە ئەمریكا و ڕوسیا و سعودیە بەڵێنی ئەوەیان دا دۆخەكە چارەسەر بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش چەند هەنگاوێكیان ناوە. . لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی تاوەکو نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 17 دۆلار، بەڵام لە ئێستادا هەندێک بەرزبووەتەوە یەک بەرمیل نەوتی برێنت بووە بە 34.85 دۆلار.