گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو کارمەندی خۆبەخشی تەندروستی لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون

2020.04.05 - 15:37
 دوو کارمەندی خۆبەخشی تەندروستی لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون
ناس کور- بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوو کارمەندنی خۆبەخشی تەندروستی لە نەخۆشخانەی سەرچناری تایبەت بە کۆرۆنا لە شاری سلێمانی توشی ڤایرۆسەکە بوون و ئێستا لەژێر چاودێریدان. . سەرچاوەیەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، دوو کارمەندەکە بەشێوەی خۆبەخش لە نەخۆشخانەی سەرچنار کە تایبەتە بە چارەسەری کۆرۆنا کاریان کردووە و تووشی ڤایرۆسەکە بوون، دوو ڕۆژیشە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ کە ئەویش تایبەتە بە کۆرۆنا و لەوێ چارەسەر وەردەگرن. . ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندەکان یەکێکیان کورە و یاریدەدەری پزیشکی بێهۆشکاریە و ئەوی تریان پەرستارە و لە ئەنجامی مامەڵەکردن لەگەڵ تووشبوانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی سەرچناری تایبەت بە کۆرۆنا تووش بوون و بارودۆخی تەندروستیان جێگیرە. . هاوکات لە بانگەوازێکی "بەپەلەدا" بۆ هاوڵاتیانی شاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر داوا لەو کەسانە دەکات کە سەردانی دوو پرسەیان کردووە لە گەڕەکی کارێزان بە زووترین کات سەردانی سەنتەری چارەسەری کۆڕۆنا یاخود پەیوەندی بەتیمەکانی فریاگوزاری 122 بکەن بۆ پشکنینی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا. . ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی نیسانی 2020، وەزارەتی تەندروستی هەرێم 16 حاڵەتی توشبوونی نوێی بە کۆرۆنا ڕاگەیاند کە سەرجەمیان بەشداری ئەو پرسەیان کردبوو، ژمارەى گشتیی توشبووانیش لەو پرسەیەوە گەیشتە 32 کەس. . بژار موسا عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لە بانگەوازێکدا دەڵێت، لە پەراوێزی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لەپەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لێژنەی باڵای فەتوای هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف و ژووری ئۆپەڕاسیۆن بڕیاریدا بەڕاگرتنی ڕێوڕەسمی پرسە بۆ کەمکردنەوەی بەریکەوتن. . دەشڵێت، "بەڵام بەداخەوە پێچەوانەی هەموو ڕێنماییەکان دوو بنەماڵەی شاری هەولێر هەڵسان بەدانانی ڕێوڕەسمی پرسە لەگەڕەکی کارێزانی شاری هەولێر لە ڕۆژی شەممەی 21ی ئازاری 2020 و بووە هۆی ئەوەی 32 کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە ببن." . ئاماژەى بەوەشکردووە، "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 35%ی کۆی تووشبووانی شاری هەولێر لەو پرسەیەدا توشبوون، بڕیارمان دا بەهەماهەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی ڕووبەڕووبوونەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە پارێزگای هەولێر لەڕێگای داواکاری گشتی ڕێکاری یاسای لە بەرانبەر هەردوو بنەماڵەی ئاماژەپێکراو بگرینەبەر."