گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا خەریکە ڕیسی پلانەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکاتەوە بە خوری

2020.04.05 - 15:19
کۆرۆنا خەریکە ڕیسی پلانەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکاتەوە بە خوری
ناس کورد-  گۆڤارێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا و وڵاتانی جیهان، کێشەکانی واشنتنی لە عێراق  قوڵتر کردووەتەوە، بەتایبەتی دوای پەرەسەندنی هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دژبە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.  . بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "ناشیۆناڵ ئینترست"ی ئەمریکی، لە ئێستادا ئاستەنگییەکی زۆر دووچاری ئەمریکا بووەتەوە لە عێراق بەتایبەتی پاش تەشەنەسەندی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەی جیهان. . گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردوە، واشتن لە عێراق دووچاری قەیرانێکی قوڵ بووتەوە بەجۆرێک هێزەکانی ڕۆژانە هەڕەشەی هێرشی گروپە چەکدارە لایەنگرەکانی ئێرانیان لەسەرە، هێرشەکانیش زیادیانکردوە بەتایبەتی پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە لەسەرەتای ئەمساڵدا لە نزیک فرۆکەخانەی شاری بەغدا. . ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە ئەوەی ڕوونکردوەتەوە: "چارەنووسی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق نادیارە و ئیدارەی ئەمریکاش ئەستەمە بتوانێت لە ئێستادا ئامانجی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق، قەڵاچۆکردنی تیرۆر و سنوردارکردنی تواناکانی ئێران بهێنێتە دی". .  ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستوەتەڕوو، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کوشتنی قاسم سولەیمانی، دابەزینی نرخی نەوت و هێرشە بەردەوامەکانی گروپی حزبوڵا بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەموو ئەمانە ئەمریکای تووشی ئاڵنگارییەکی زۆرکردوە و ناچاریکردووە دەستەوەستان بێت، چونکە باش دەزانێت وەڵامدانەوەی هێزەکانی سەر بەئێران لە عێراق لەم کاتدا زیاتر دۆخەکە بۆ هێزەکانی ئاڵۆزتر دەکات. .  ڕاپۆرتەکەی "ناشیۆناڵ ئینترست" جەختی لەوەشکردووەتەوە: "ئیدارەی ترەمپ بەهیچ شێوەیەک نایەوێت تێوەگلێت لە شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئەو گروپانە، چونکە چارەنووسی مانەوەی ترەمپ لە پۆستەکەیدا دوورکەوتنەوەی ئەمریکایە لە شەڕی دەرەوە، ئەوەش یەکێکە لەو بەڵێنانەی کە پێشتر و چەند جارێک ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دووپاتی کردوەتەوە". . ڕاپۆرتەکە پێشبینی ئەوەی کردووە، ئەگەری هەیە ئەمریکا لە نێوان بژاردەی شەڕکردن لەگەڵ ئەو گروپانە و پاشکەشە لە عێراق، بژاردەی دووەم هەڵبژێرێت وهێزەکانی لە عێراقدا بکشێنێتەوە. . گۆڤارە ئەمریکییەکە لە ڕاپۆرتەکەدا باسیلەوەشکردووە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەمریکا بڕیاریدا لە عێراق بکشێتەوە، ئەوا دەبێت ئێدارەی ئەمریکا بزانێت دەرئەنجامی ئەو بڕیارە زۆرمەترسیداردەبێت، چونکە ئەوە وادەکات ڕیسی هەوڵەکانی پێشووی ئەمریکا کە پێشتر ئەنجامیدابوو بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لەعێراق و ناوچەکەدا ببێتەوە بە خوری. . لە کۆتایدا گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئێستادا ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە پێویستی بە پلانێکی ستراتیژی تۆکمە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێگەیەوە متمانە بگەرێنێتەوە بۆ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا.