گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جوتیاران ڕێگەپێدانی جیاوازیان بۆ دەکرێت بەڵام هەر توشی زیان دەبن

2020.04.05 - 13:07
جوتیاران ڕێگەپێدانی جیاوازیان بۆ دەکرێت بەڵام  هەر توشی زیان دەبن
ناس کورد - ڕۆژیار سیروان  بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆی هاووڵاتیان زیانێکی زۆری لە جوتیاران و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان داوە و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانیش دەڵێت، کارئاسانیان بۆ دەکەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیانێکی زۆر دەکەن. . شاڵاو جەمال، بەرێوەبەری گشتیی کستوکاڵی سلێمانی بە ناس کوردی ڕایگەیاند، "دوێنێ لەگەڵ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی سلێمانی کۆبوونەوەیان کردووە بەمەبەستی کارئاسانی بۆ جووتیاران و پڕۆسە کشتوکاڵیەکان و بڕیاردراوە پابەندی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ بن بۆ ئەم دوو ڕۆژە، دوای ئەو 48 کاتژمێرە  جوتیاران دەتوانن بێ ڕێگەپێدان لە کاتژمێر 12ی شەو بۆ 6ی بەیانی کارەکانی خۆیان ئەنجام بەدەن. . وتیشی، زۆرینەی جوتیاران خەڵکی گوندەکانن و پێویستییان بە ڕێگەپێدان نییە و ئازادن، بەڵام بەشێکی کەم لە جوتیاران لەناو سەنتەری شار دەژین،  دوو هەفتەی ڕابردوو پشتگیری بۆ دوو هەزار و 100 کەس کراوە بۆ ئەوەی کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن وەک دەرمانرشتن و سەماد و گواستنەوەی شەتڵ و کارێکی گرنگیان نەماوە، بەڵام بۆ هەر کارێکی تر ئەنجامی بدەن دەبێت لەو کاتەدا بکرێت کە دیاریکراوە.  . "ئەگەر هەیە لەم مانگە و مانگی داهاتوو، سن و کولە دروست بێت و چاودێری وردی بارودۆخەکەمان کردووە و دەرمانی پێویست دابەشکراوە بەسەر لقە کشتوکاڵیەکانی ناوچەکان بۆ ئەوەی بەسەر جووتیاران دابەش بکرێت و بەکاری بهێنن" شاڵاو جەمال وای وت.  . ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە مەترسیەکی گەورە لەسەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان دروست بووە،  چونکە 15 ڕۆژە بەرهەمەکانیان پێگەیشتووە ڕێژەیەکی زۆر لە مریشک ئامادەکراوە و لەئێستادا تەنها مریشکفرۆشی کۆڵانەکان سەرچاوەی ساخکردنەوەن، چونکە ڕێگای ناوەراست و خوارووی عێراق و هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانیش  داخراوە، بۆیە ئەگەر هەیە زیانێکی زۆریان بەربکەوێت. . ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی هاوردەنەکردنی عەلەف و پێکهاتە خۆراکیەکانی کێڵگە پەلەوەریەکان لە وڵاتی ئێرانەوە بەرهەمهێنانی مریشک لە داهاتوو کارێکی ئاستەنگ دەبێت و ئەگەر زیانێکی زۆریان بەرکەوێت ئەوا ڕێژەیەکی کەمتر بەرهەم دەهێنرێت و نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.  . ئەوەی جێی باسە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک مریشکی دوو کیلۆ گرامی دەگاتە دوو هەزار دینار،  بەڵام کەمتر لەو نرخە لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت.