گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر %70ی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم منداڵ و گەنجانن

2020.04.05 - 08:35
زیاتر %70ی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم منداڵ و گەنجانن
ناس کورد- بەگوێرەی ئامارەکانی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم، زیاتر لە %70ی توشبووانی ڤایرۆسەکە گەنجان و منداڵانن و کەمتر لە %30یشیان لەسەروو تەمەنی 50 ساڵییەوەن، تەندروستیی هەرێمیش دەڵیت، هۆکارێکی زۆر توشبوونی گەنجان بەهۆی زیاتر گەشت کردیان لە پێشوودا و ئێستاش بەهۆی پابەندنەبوونیانە.  . ئامارەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە بڵاوکراونەتەوە، تائێستا 214 توشبوو لە هەرێم هەن، %70ی توشبووان تەمەنیان لەنێوان خوار تەمەنی 10 ساڵان تا 40 ساڵن و هەروەها %13.6یان لەنێوان 40 بۆ 50 ساڵن و تەنها %6.2یان تەمەنیان لەنێوان 51 بۆ 60 ساڵیدایە. . ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆرینەی توشبووان کەسانی گەنج و کەمترین کەسی بەتەمەن لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسەکە بووە، هەروەها %53.9ی توشبووان لە ڕەگەزی نێرن و %46.1 لە ڕەگەزی مێن. . محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی وت: "هۆکارێکی زیاتر توشبوونی گەنجان لە هەرێم ئەوەیە ئەوانەی بەهۆی گەشتکردنەوە توشبوون زیاتر گەنجانن، چونکە گەنجان زیاتر گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن". .     وتیشی، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە ئێستا ژمارەکان زیاتر دەبن لە ناوخۆدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گەنجان زیاتر تێکەڵاوی دروستدەکەن و پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون و بە بەراورد بە بەتەمەنەکان کە کەمتر دەچنەدەرەوە. .   دەربارەی ئەوەی کەمی توشبووی بەتەمەن هۆکاری ئەوەیە کە تەندروستیی توشبووانی هەرێم باش و جێگیرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئاماژەی بەوەکرد، ڕاستە ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان، بەڵام خۆشبەختانە لە هەرێم و جیهانیش کەسانی بەتەمەنیش چاکبوونەتەوە و بارودۆخیان جێگیر بووە. . تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 214 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و سێ کەسیش گیانیانلەدەستداوە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە، هەروەها بە فەرمی چاکبوونەوەی 74 کەس ڕاگەیەندراوە و دوێنێ سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ بە ناس کوردی وت، 11 کەسی دیکە چاکبوونەتەوە بەڵام تائێستا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەوەش ژمارەی چاکبووان دەگاتە 85 کەس.