گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێنەرى ئيتاڵيا لە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان: 12 ملیۆن کەس لە ئیتاڵیا تووشی کۆرۆنا بوون

2020.04.04 - 23:13
نوێنەرى ئيتاڵيا لە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان: 12 ملیۆن کەس لە ئیتاڵیا تووشی کۆرۆنا بوون
ناس کورد-   نوێنەرى ئيتاڵيا لە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان دەڵێت، ژمارەى ڕاستیى توشبووانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە وڵاتەكەى گەیشتووەتە 12 مليۆن كەس، بەڵام سەرجەم توشبووان دیارینەکراون.   ڤاڵتێر ڕيچاردى،  نوێنەرى ئيتاڵيا لە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان لە گفتوگۆيەكى ڕۆژنامەوانيدا لەگەڵ ڕۆژنامەى "Il Messaggero"  ئاماژەى بەوەداوە، ئەگەرى زۆرە 20%ى دانيشتووانى ئيتاڵيا توشى ڤايرۆسى كۆرۆنا بووبن و ئەوەى تا ئێستا ئاشكرا كراوە تەنها ژمارەيەكى زۆر كەمە.   باسى لەوەشكردوە، پێويستە پشكنينى فراوانتر بكرێت، چونكە ئەوە دەبێتە هۆى ئەوەى لێكۆڵينەوە لە دژە تەنەكان لە خوێنى توشبوواندا بكرێت ئەوەش لەسەر بنەماى كاردانەوەى سيستمى بەرگرى جەستە كە دەبێتە هۆى دياريكردنى ژمارەى ڕاستیى توشبووانى ڤايرۆسى كۆرۆنا بە شێوەيەكى ورد.   ڕيچاردى كە مامۆستاى زانستى پزيشكيە ڕونيشيكردوەتەوە، توشبونى 20%ى دانيشتوانى ئيتاڵيا واتاى ئەوەيە زۆرينەى توشبووان دژە تەنيان لە جەستەياندا دژى ڤايرۆسەكە دروست كردوە بەڵام 80%كەى دیکە لاوازن بەرامبەر ڤايرۆسەكە، بەڵام ئەوەش تەنها گريمانەيەكە.   بەپێى دوايین سەرژمێرى كە لەسەرەتاى ساڵى 2020 ئەنجام دراوە دانيشتوانى ئيتاڵيا 60  مليۆن و 300 هەزار كەسە و 20% واتاى 12 مليۆنە.   ئيتاڵيا يەكێكە لەو وڵاتانەى بەدەست ڤايرۆسى كۆرۆناوە دەناڵێنێت و لە ڕووى ئەو ژمارە فەرميانەى تائێستا ڕاگەيەنراون تائێستا نزيكەى 125 هەزار كەس توشى ڤايرۆسەكە بوون كە لە دواى ئەمريكا و ئيسپانياوە سێيەم وڵاتى جيهانە، بەڵام لەڕووى ژمارەى گيان لەدەستدانەوە بەهۆى ڤايرۆسەكە ريزبەندى پێشەوەى گرتوەو زياتر لە 15 هەزار كەس گيانيان لەدەستداوە.