گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

حکومەتى هەرێم چەند هەنگاوێکی پێویستە بۆ بە ئۆنلاینکردنی خوێندنی ئەمساڵ

2020.04.04 - 19:16
حکومەتى هەرێم چەند هەنگاوێکی پێویستە بۆ بە ئۆنلاینکردنی خوێندنی ئەمساڵ
ناس کورد- دوای زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم، حکومەت بڕیاریداوە خوێندنی ئەمساڵ بکرێت بە ئۆنلاین و شارەزایەکی ئەو بوارەش دەڵێت، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆسەیە بکەن و چەند پێشنیارێکیش بۆ ئەو مەبەستە دەخاتەڕوو، دەشڵێت، دەکرێت شێوازی خوێندنی ئۆنڵاین لە داهاتووشدا سودی لێوەربگیرێت. . لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند: "پاش رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، خوێندنی ئەلیکترۆنی وەک پاڵپشتیکار و هاوکار و نائیلزامی لە ناوەڕاستی مانگی چوار بۆ قوتابیان فەراهەم دەکرێت بۆ ئەوەی دانەبڕێن لە خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی ناحکومی." .    لەو بارەوەیەوە بەختیار ئەمین، پسپۆڕ و شارەزا لە بواری لە حکومەتی ئەلیکترۆنی پێی وایە، خوێندنی ئۆنلاین تاڕادەیەکی زۆر نوێیە بە سیستمی پەروەردەی کوردستان و پێشنیاز دەکات وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆسەیە بکەن و ڕەچاوی هەندیک شێواز و مۆدێلی زانستییانە بکەن لەسەر خوێندنی ئۆنلاین.  . بەختیار ئەمین بە ناس کورد وت: "لە حاڵەتی پەیڕەوکردنی ئەو سیستمەدا پێش هەموو شتێک پێویستە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مۆبایل و کێبڵ بکەن بەبێ بەرانبەر تاوەکو کۆتایی ساڵی خوێندنی ئەکادیمی ئەمساڵ بە تایبەتی بۆ ئەو فێرکار و وانەبێژانەی کە توانای ماددیان سنوردارە". . وتیشی، هەروەها گروپی وانەبێژ لەهەریەک لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ هەر بابەتێک دروستبکرێت لە سەرانسەری کوردستاندا، تاوەکو چەند وانەبێژێکی بە ئەزموون بتوانن ئەو وانانەی کە ماون بڵێنەوە لە بری ئەوەی کە هەر وانەبێژێیک یان خوێندنگەیەک بەتەنیا ئەو کارە ئەنجامبدات، سودی ئەوەش ئەوەیە باشترین وانەبێژ کە توانای وتنەوەی وانەی ئۆنلاینی هەیە دەتوانێت بە شێوازی ئاسانتر و بە باشترین کواڵیتی وانەکان بە هەزاران فێرکار بڵێتەوە لەهەر شار و شارۆچکەیەکی کوردستان، دەکرێت ئەو وانەبێژانە دەستنیشان بکرێت کە شارەزایی ئایتی بەرزیان هەیە و توانای کۆنترۆڵی پۆل، پرسیار و وەڵامی فێرکاریان هەیە بە ڤێرچواڵ، هەروەها بشتوانن وانەکان بە ڕاستەوخۆ تۆماربکەن تاوەکو فێرکار لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا سودیان لێ ببینێت". . ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گرنگیشە ئەو جۆرە سیستمە تێچویەکی زۆر بە نمونە (تێچوی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ وانەبێژان، فێرکاران، ئامێر و ئەپڵیکەیشنەکان...هتد) بۆ وەزارەتە پەیوەندیدار دەگێڕێتەوە. . "زۆر گرنگە کە ڕەچاوی سکیوریتی بەکارهێنانی سەرجەم ئەو پرۆگرام و ئامێرانە بکرێت لەکاتی بەکارهێنانی خوێندنی ئۆنلاین، هەم بۆ فێرکار هەمیش بۆ وانەبێژ، دیارە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کرۆنادا ڕێژەی خراپ بەکارهێنان و هاککردنی ئامێر و پرۆگرامە ئەلیکترۆنیەکانیش لە بەرزبونەوەدان، لەم چەند ڕۆژەدا نوێترین کێشەی سکویرتی لە ئەپڵیکەیشنی زووم (ZOOM)دا دەرکەوت و هاککەران دەتوانن ناوی بەکارهێنەر و ووشەی نهێنن ببەن" بەختیار ئەمین وا دەڵێت. .   ڕونیشیکردەوە، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە کێشەی کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕینەوەی داتایە لەنێوان بەکارهێنەران، بەو هۆیەوە چەند بەکارهێنەرێک توانیویانە وێنەی نەشیاو و مەسجی ڕەگەزپەرستی پیشانی بەکارهێنەرانی دیکە بدەن، بۆیە زۆر گرنگە ئاستی شارەزایی ئایتی وانەبێژەکان لەو ئاستەدا بێت کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشە تەکنیکیانەیان هەبێت لەکاتی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشن و پرۆگرامە ئەلیکترۆنیەکاندا. . ئەو پسپۆڕەی بواری تۆڕی زانیارییەکانی باسی لەوەشکرد، دروستکردنی تیمێكی شارەزای بواری ئایتی کە بتوانن بەردەوام لە ڕێگای ئۆنلاینەوە ڕێنمای و هاوکاری بە بەکارهێنەرانی ئەو پرۆگرام و بەرنامانە بدەن لە کاتیبوونی هەرکێشەیەکدا کە هەیانە، ئەو کەسانە پێویستە ناسراوبن و لە ڕێگای دادنوسەوە بەڵێننامەی ڕاستگۆی و پاراستنی نهێنیان پێ پڕبکرێتەوە تایبەت بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی. . جەختیشیکردەوە، دەکرێت پۆڕتاڵی فێرکردنی ئەلیکترۆنی (Virtual Learning Environment)  بەکاربهێندرێت بۆ ئەو بابەتانەى کە فێرکار پێویستیان پێدەبێت لە ماوەی خوێندنەکەی (سەرجەم وانە ئەلیکترۆنیەکان، ڤیدیۆی ڕیکۆردکراوی وانەکان، نمونەی پرسیار و تاقیکردنەوەکانی ساڵانی پێشوو...هتد)، دەکرێت لە ساڵانی دواتریشدا سودییان لێببینرێت و تێچوویەکی زۆر لە پرێنتکردنی پەرتووک، پرسیار...هتد دەگێڕێتەوە بۆ وەزارەت. . بەختیار ئەمین پێیوایە، پەتای ڤایرۆسی کرۆنا پەیامێکی ڕوونە بۆ سەرجەم ئەو ووڵاتانەی توانای ژێرخانی تەکنەلۆجییان لاوازە، بۆیە دەکرێت ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت و پەرە بە سەرجەم ئەو بابەتانەی خوێندن بدرێت لەسەر تەکنەلۆجیای سەردەم، دەشڵێت: " یەکێک لە سودەکانی خوێندنی ئۆنلاین ئەوەیە تێچوی کەمە، هەم بۆ فێرکار هەمیش بۆ مامۆستا و ناوەندەکانی فێکردن (زانکۆکان\ خوێندنگەکان)". .  پەروەردەی ئۆنلاین بریتیە لە گەیاندنی زانست و زانیاری بە فێرکار لە ڕێگەی تەکنەلۆجیاوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999، ئەم جۆرە لە فێرکردنانە زیاتر  لە ساڵی 2008وە پەرەی سەند لە چوارچێوەی پەروەردە و فێرکردنی کراوە کە بە (Massive Open Online Course-MOOCS) ناسراون, لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە ژمارەیەکی زۆر لە پێگەی ئەلیکترۆنی و ئەپڵیکەیشنی خوێندنی ئۆنلاین لەبەردەستن کە لە لایەن زۆربەی زانکۆ بەناوبانگەکان و فێرگەکانەوە بەکاردەهێنرێن.