گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئایا پریشکی سیاسەتی سەرۆک بڕوای وایە بەر کوردستانیش دەکەوێت؟

2020.04.04 - 18:15
ئایا پریشکی سیاسەتی  سەرۆک بڕوای وایە  بەر کوردستانیش دەکەوێت؟
بەدواداچوونی تایبەت - ئالان م نوری پاش زیاد لە مانگێکی بێباکی، حکومەتی فێدراڵی ئەمریکا لە بەرانبەر تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا و، کورتهێنانی زوربەی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە و ئاکامە ئابوورییەکانی لەدواتردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدات کە لەڕێی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەوە ئەو وێنەیەی دەربارەی ئەو لای هاوڵاتیان چەسپاوە بگۆڕێت. بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ بێسەروبەری بە کارەکان و گوتارەکانییەوە دەردەکەون و بووەتە مایەی سەرلێشێواندنی هەموو دەزگاکانی حکومەت، بە حکومەتی فێدراڵ و حکومەتی ولایەتەکانیشەوە. . سەرەڕای ئەوەی زیاد لە سی هەفتەیە سەرۆکی ئەمریکا حاڵەتی کارەساتی نیشتمانیی ڕاگەیاندووە، کە بەپێی یاسا دەیکاتە بەرپرسیاری یەکەم لە رێکخستن و بزواندنی دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵ و هەموو توانستەکانی دیکە ئەمریکا بۆ سەرپەرشتیکردنی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە. ئەمەش زۆر دڵخۆشی کردووە کە لەسەر تەلەفزیۆن بە خۆی دەڵێت سەرۆکی کاتی جەنگ، بەڵام لە هەمان کات و لە هەمان ئەو کۆنفرانسانەدا ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ڕۆڵی ئەو و حکومەتی فێدراڵ تەنها پاڵپشتیکردنی ئەرکی حاکمی ولایەتەکانە، لەبەرئەوە سەرکەوتوویی و شکستی هەوڵەکان لە ئەستۆی ئەواندایە، نەک خۆی. . سەرەڕای کورتهێنانی لە زۆربەی کارەکانیدا، بەڵام ڕاپرسییە نیشتمانییەکان ئەوە دەردەخەن کە رازیبوونی خەڵکی ئەمریکا لە ترەمپ لە بواری راپەڕاندنی کارەکانیدا لە کۆتایی مانگی ئازارەوە لە 41٪ ەوە بەرزبووەتەوە بۆ 45٪ و لەهەمان کاتدا نارەزایی خەڵک بەرامبەری کەم بووەتەوە، ئێستا لە 50٪دایە.  . توێژەرەوە کۆمەڵناسەکان هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی رازیبوون لێی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لە کاتی تەنگانەدا ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن متمانەی زیاتر بە سەرکردەکانیان دەربڕن، بەو هیوایەی کە متمانەی ئەوان هاندەر بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی راپەڕاندنی کارەکانی. . بەڵام ترەمپ لەو جۆرە سەرۆکانە نیە   لە ئێستادا پێدەچێت ترەمپ گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی کە وەک چۆن قەدری (جۆرج بوش)، سەرۆکی پێش ئۆباما، لە پاش کارەساتی شاری نیۆئۆرلیەنزی ولایەتی لویزیانا لە کاتی گەردلوولی کاترینادا شکا، ئەویش ئەگەر نەتوانێت لە مێشکی خەڵکی وڵاتەکەیدا وەک سەرۆکی کاتی جەنگ خۆی بچەسپێنێت، ئەوا بەرەو چارەنووسێکی وەها دەڕوات. ئەگەر بوش لە کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی ئەو شکستەی تووش بوو، ئەوا شکستی ئەم، ئەگەر روو بدات، لەو ساڵەدا دەبێت کەخۆی دووبارە پاڵاوتووەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا.   رۆژی 1ی نیسان لە میانەی کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا دەربارەی هەوڵەکانی بەرگرتن بە پەتای کۆرۆنا، سەرۆک ترەمپ خۆی و جەنەراڵەکانی و هەردوو وەزیری بەرگری و ناوچۆ، ئۆپەراسیۆنێک، نەک مانۆڕێکی سەربازیی گەورەیان راگەیاند لە هەردوو دیوی دەریایی مەکسیک و ئەمریکای ناوەڕاستدا. . وەزیری بەرگری، مارک ئێسپەر، رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هاوکاریی 22 وڵاتی دیکە ئەم ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بەرپا دەکات چونکە باندەکانی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان دەیانەوێت بارودۆخی خەریکبوونی ئەمریکییەکان بە کۆرۆناوە بقۆزنەوە بۆ ناردنی هەزارەها تەن ماددەی هۆشبەر بۆ ناو ئەمریکا. . ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆیە بە پەلەیە چونکە باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان رۆچوونەتە ناو حکومەتی "ناشەرعیی" ڤێنێزوێلاوە. . هەروەها وتیشی کە هێزێکی دەریایی گەورەی ئەمریکی بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی و تیمە تایبەتەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە دەریای کاریبی و لەو دیویشەوە لە ئۆقیانووسی ئارامەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە رادەپەڕێنن. . ئەمە لە کاتێکدا دێت کە فەرماندەی یەکێک لە گەورەترین کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا، کە بەناوی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، ثیۆدۆر رۆزەفیلدەوە ناونراوە رایگەیاند، کۆرۆنا لە کەشتییەکەیدا بڵاوبۆتەوە و نزیکەی 100 سەرباز تووش بوون تا ئێستا. خێزانی هەزارەها سەربازی ئەمریکی دیکە کە پێدەچێت بەشدار بن لەم ئۆپەراسیۆنەدا، دڵەراوکێی ئەوەیانە کە بوونی ڕۆڵەکانیان لە ناو کەشتییە جەنگییەکاندا پێکەوە چانسی تووشبوونیان بە کۆرۆنا زیادتر دەکات. . کاتێک کە رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد دەربارەی ئەو زانیارییە تازانەی کە وا دەکەن ئۆپەراسیۆنێکی بەم شێوەیە گەورە و بەم پەلەیە، لە کاتی میحنەتی بەرەنگارییی کۆرۆنادا کارێکی پێویست بێت، سەرۆکی ئەرکانی هێزەچەکدارەکانی ئەمریکا، مارک میلێی، هەمان قسەکانی مارک ئێسپەری کردەوە و ئامادە نەبوو ئاماژە بۆ هیچ زانیارییەک یان هەواڵگیرریەک بدات. تەنها ئەوەندەی گوت کە سەرۆک "بڕوای وایە" ئەم ئۆپەراسیۆنە پێویستە. . پاش ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس لە عێراق ئیدارەی ترەمپ کەوتە ژێر لێپرسینەوەی زۆر لەبارەی جۆری ئەو هەواڵگیرییانەی کە وای لە ئیدارەی ترەمپ کرد بەو کارە هەستێت و ئێستەش رایەکی یەکگرتوو لەو ئیدارەیەدا نییە کە بۆچی دەبوو هەر ئەو کاتە سولەیمانی بکوژرێت. پێدەچێت، بە مەبەستی خۆدەربازکردن لە شەرمی نەبوونی زانیاریی پێویست کە بە پێی یاسا دەبێت لەگەڵ کۆمیتە تایبەتەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا باسی بکەن، لەمەودوا دەڵێن کە "سەرۆک وا هەست دەکات" بە واتایەکی دیکە، هیچ داتا یان هەواڵگیرییەکی نوێ نییە، بەڵکو هەستی سەرۆک بووە هۆی ئەو بڕیارە. . هەروەها پێدەچێت ترەمپیش ئەو جۆرە خۆدەربازکردنە لە درکاندنی یاسایی زانیاری یان داننان بە نەبوونی زانیاریی بەدڵ بێت. هەر ئەو رۆژە لە تویتێکدا رایگەیاند کە "بەپێی زانیاری و بڕوا (بڕوای کێ؟) ئێران یان ئەوانەی ئێران دەیانجووڵێنێت پیلانی هێرشێکی خشکەییان داناوە بۆ لێدانی هێزەکانمان یان تواناکانمان لە عێراقدا…" . بە واتایەکی دیکە، ئەگەر زانیاری کورتی هێنا، ئەوا بەپێی "بڕوا" ئەم هەڕەشە تازەیە لە ئێران دەکات. کێشەکە لەوەدایە کە بارودۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە و گرژی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و هەوادارانی ئێران تا بێت زیاد دەکات. . پێدەچێت ئەمریکا لە زۆربەی پێگەکانی لە عێراقدا بکشێتەوە، بەڵام پێگە سەربازییەکەی دەشتی هەریری هەولێری پتەوتر بکات. هەفتەیەک لەمەوبەر دەزگاکانی هەواڵ رایانگەیاند کە مووشەکی پاتریۆت لە پێگەی هەریر و عەین ئەلئەسەدی عێراق دانراوە و دیاریش نییە ئایا رەزامەندیی حکومەتی کاربەڕێکەری عادیل عەبدولمەهدی وەرگیراوە یان نا. . ئەگەر سیاسەتی نوێی "سەرۆک بڕوای وایە" بۆ ترەمپ بچێتە سەر، ئەوا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی هەرێمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەند دەبێت بە "بڕوا"ی سەرۆکی ئەمریکا. بڕوای ئەویش بەند دەبێت بە رادەی رازیبوونی خەڵکی ئەمریکا لە کارەکانی. هەرکاتێکیش رادەی ئەو رەزامەندییە دابەزی دەبێت ئێمە لێرە، سەرباری هەموو دڵەڕاوکێکانی دیکەمان، خەمی ئەوەش بخۆین، شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا لە نێوان ئەمریکا و هەوادارانی ئێران، یان خودی ئێران، روو نەدات و پریشکی شەڕێکی وەها ئەوەندەی دیکە گڕ بەرنەداتە حاڵمان.