گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند کەسێک کوژران و برینداربوون

قەدەغەى هاتوچۆ لە عێراق پێکدادانى خوێناوى لێدەکەوێتەوە

2020.04.04 - 11:19
قەدەغەى هاتوچۆ لە عێراق پێکدادانى خوێناوى لێدەکەوێتەوە
ناس کورد-   بڕیارى قەدەغەى هاتوچۆ لەعێراق پێکدادانى خوێناوى لێکەوتووەتەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و ئەو خۆپیشاندەرانەى داواى شکاندنى قەدەغەى هاتوچۆ دەکەن و بەهۆیەوە چەند کەسێک کوژران و برینداربوون. . ئەمڕۆ شەممە بەهۆى پێکدادانى نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارى ناسریەى ناوەندى پارێزگاى زیقار، پۆلیسێک کوژرا و ئەفسەرێکیش برینداربوو. . سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی پۆلیسى ناسریە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، پۆلیسەکە بە گولـلە کوژراوە لەکاتى پێکدادان لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانەى داواى شکاندنى قەدەغەى هاتوچۆ دەکەن. . وتیشى "هەروەها ئەفسەرێک بە پلەى عەقید بە فیشەک بریندارکراوە و ڕەوانەى نەخۆشخانە کراوە".     بەوتەى سەرچاوەکە، دواى ڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان دەیان خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.   لەدواى درێژکردنەوەى ماوەى قەدەغەى هاتوچۆ لەلایەن حکومەتەوە تا ١١ى ئەم مانگە، لەچەند ناوچەیەکى عێراق ئاڵۆزى و پێکدادان دروستبووە. . ئێوارى ڕۆژى هەينى 3\4\2020 توندوتيژى و پێكدادان لەنێوان ژمارەيەك خۆپيشاندەرى دژى قەدەغەى هاتوچۆ و هێزە ئەمنيەكان ڕويداو بەهۆيەوە خۆپيشاندەرێك كوژرا و 13 تر بريندار كران. . سەرچاوەيەكى پزيشكى لە پارێزگاى زيقارەوە بە "ناس"ى وت، ئێوارەى ڕۆژى هەينى خۆپيشاندەرێك بە گولـلەى هێزە ئەمنيەكان كوژراوە كە لەدايكبوى ساڵى 2000 ە، هەروەها 13 خۆپيشاندەرى تريش برينداركراون، تەرمى كوژراوەكە براوەتە پزيشكى دادوەرى و بريندارەكانيش براونەتە نەخۆشخانە بۆ دەرهێنانى گولـلەكان. . بەپێى زانياريەكان، توندوتيژەكان لەنێوان ژمارەيەك خۆپيشاندەر بووە كە دژى ڕاگەياندنى قەدەغەى هاتوچۆ هاتبونە دەرەوە لەگەڵ هێزەكانى چالاكيە مەدەنيەكان و ڕوداوەكە لە مەيدانى حبوبى كە ناوەندى خۆپيشاندانەكان بوو لە زيقار ڕويداوە. . بەپێى زانياريەكانى "ناس" خۆپيشاندانەكە  دژى ڕاگەياندنى قەدەغەى هاتوچۆ بوە بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە چونكە كاريگەرى لە كارى ڕۆژانەى هاوڵاتيان كردوە، خۆپيشادەران بەرەو پردى نەسر لە ناوەڕاستى ناسريە چون بۆ ئەوەى پردەكە بكەنەوە بەڕوى هاتوچۆدا و دواى كردنەوەى هێزە ئەمنيەكان هەوڵيانداوە بڵاوە بە خۆپيشاندەران بكەن و بەهۆى ئەوەشەوە قوربانى لێكەوتەوە. . هێزە ئەمنيەكان توانيان ڕێگەى پردى نەسر دابخەنەوەو ڕژاونەتە مەيدانى "حبوبى"يەوەو بارودۆخەكەيان كۆنترۆڵ كردوە، ئەوەش بەفەرمانى سەركردايەتى پۆليسى پارێزگاى زيقار، هەروها سەرجەم هێزەكان خراونەتە ئەوپەڕى حاڵەتى ئامادەباشيەوە و قەدەغەى هاتوچۆش لە تەواوى پارێزگاكەدا ڕاگەيەنراوە.