گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەنها دواى 12 كاتژمێر لە هاوسەرگيرییان لەيەك دابڕان

بوک و زاوایەک مانگى هەنگوینیان تەرخاندەکەن بۆ روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا

2020.04.04 - 08:46
بوک و زاوایەک مانگى هەنگوینیان تەرخاندەکەن بۆ روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا
ناس کورد- نائلە شيرين جلى بوكێنى و سەرجەم پێداويستيەكانى ئاهەنگى هاوسەرگيريەكەى بە دڵخۆشيەكى زۆرەوە ديارى كرد و تەنانەت شوێنى بەسەربردنى مانگى هەنگوينيشى ديارى كرد، بەڵام پلانەكان بەو شێوەيە نەڕۆشتن كە ئەو دەيويست، چونكە بڕيار بوو مانگى سێى ئەمساڵ ئاهەنگى هاوسەرگيريەكەى ئەنجام بدات. . ڤايرۆسى كۆرۆنا جيهانى گرتەوەو خەونەكانى نائلەشى بۆ ڕۆژى هاوسەرگيرى لەباربرد، بۆيە نائلە و دەستگيرانەكەى كە ناوى "كاشف شودري"يە سەرجەم پلانەكانيان هەڵوەشانەوە، نائلە و كاشف خۆشەويستيەكەيان سنورى ولايەتەكانيشى بڕيبوو، نائلە لە شارى نيويۆرك دەژى و كاشف لە ولايەتى ئايوا. . پێش دوو هەفتە ئەم دوو دەزگيرانە توانيان ئيمامى مزگەوتى ناوچەى "هاوپۆرن" لە نيوجێرزى ڕازى بكەن كە دەرگاى مزگەوتەكەيان بۆ بكاتەوە و بەشێوەيەكى خێرا هاوسەرگيرى بكەن، ڕۆژى شەممەى ڕابردو نائلە و كاشف هاوسەرگيريان ئەنجامداو لەگەڵ خێزانەكانيان لە ماڵى دايك و باوكى نائلە لە "نيو وندسور" لە نيويۆرك ئاهەنێگى بچوكيان گێڕا، دواى ئاهەنگەكەش بە 12 كاتژمێر نائلە ناچار بوو لە فڕۆكەخانە ماڵئاوايى لە هاوسەرەكەى بكات كە گەڕايەوە بۆ ئايوا. . كاشف شودرى سەبارەت بە ماڵئاواييەكەى ئاماژەى بەوە داوە "بە كەمێك فرمێسك و خەمەوە ماڵئاواييمان لە يەكتر كرد.. هەروەها گوڵێكى سورم پێشكەش كرد". . ڕۆژى دوو شەممە نائلەش گەڕايەوە سەر كارەكەى. . نائلە يەكێكە لە گەورە پزيشكانى تايبەت لە بوارى نەخۆشيە هەناويەكان و سەرپەرشتى تيمێكى پزيشكان دەكات و لەنێوان نەخۆشخانەكانى نيويۆركدا دێن و دەڕۆن ( كە ئەو شارە ناوەندى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكەيە لە ئەمريكا)، نائلە ڕۆژانە ماوەيەكى زۆر كار دەكات و دەڵێت "پزيشكەكان هەميشە هەوڵى ئەوە دەدەن ورەى يەكتر بەرز بكەنەوە ئەوەش لەڕێگەى پێدانى خواردن بە يەكترى و ناردنى ڤيديۆى پێكەنيناوى بۆ يەكتر. . باسى لەوەشكردوە " هەمومان باش دەزانين كە بارودۆخى نيويۆرك زۆر خراپە، بەڵام دەشزانين كە خراپترين هێشتا نەهاتوە.. هەرگيز پێموانەبوە كە من لە سەردەمى پەتايەكدا بژيم. . كاشف شودرى هاوسەرى نائلە تەمەنى 37 ساڵە و پسپۆڕى نەخۆشيەكانى دڵە و لەناوەندى ميرسى پزيشكى لە سيدار رابيدز لە ولايەتى ئايوا كاردەكات، بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناوە بەشێوەيەكى بەربڵاو سەرجەم ئەو نەشتەرگەريانەى دڵ كە دەتوانرێت دوابخرێن دواى خستوە ئەوەش لەپێناو پاراستن و دابينكردنى پێداويستى پزيشكى بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤايرۆسەكە. . هەرچەندە كاشف مێشك و بيركردنەوەى لاى نەخۆشەكانە لە ئايوا بەڵام دڵى لاى خۆشەويستەكەيەتى لە نيويۆرك و دەشڵێت "هەست بە دودڵى زۆر دەكەم بەهۆى نائلەوە، بەڵام بەڕاستى شانازى پێوە دەكەم".