گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پزیشکەکان لە دوا ساتدا ڕزگاریانکرد

چیرۆکى چارەسەرکردنى یەکەم توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى بە پلازما

2020.04.03 - 22:37
چیرۆکى چارەسەرکردنى یەکەم توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى بە پلازما
ناس کورد-   لەسەر قەرەوێڵەى نەخۆشخانەکە ڕاکشابوو، بەئەستەم هەناسەى بۆ دەدرا و بارودۆخى تەندروستى بەتەواوى رووى لە خراپى کردبوو، پێش ئەوەى پزیشکەکان بڕیار بدەن دوایین چارەسەرى بۆ بەکاربهێنن بە ئومێدى چاکبوونەوەى، ئەوە بارودۆخى تەندروستى ئەو توشبووەى کۆرۆنا بوو لە سلێمانى کە چارەسەرێکى جیاوازى بۆ بەکارهێنرا و بەهۆیەوە تەندروستى رووى لە جێگیربوون کردەوە. . توشبووە تەمەن ٤٦ ساڵانەکە دانیشتوى دەربەندیخانە و پێشمەرگەیە، ٢٢ى ئەم مانگى ڕابردوو ڕەوانەى نەخۆشخانەى کۆرۆنا کرا لەسلێمانى، بۆ ئەوەى چارەسەرى پێویست وەربگرێت. . پزیشکەکان بە وردى چاودێرى توشبووەکەیان کرد، بەتایبەت کە دواى چەند ڕۆژێک لەمانەوەى لە نەخۆشخانە نیشانەى کۆرۆناى لێدەرکەوت، بەپێچەوانەى بەشێکى زۆرى توشبووەکانەوە کە هیچ نیشانەیەکیان لێ بەدینەدەکرا. . د.هادى محەمەد عەبدوڵا پزیشکى سەرپەرشتیارى چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا لە سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "نەخۆشەکە لەکاتى داخڵکردنیدا چەند نیشانەیەکى هەبووە و وردە دۆخى تەندروستى خراپ دەبوو". . لەگەڵ دەرکەوتنى نیشانەکان بەتایبەتى هەناسە توندى بەهۆى کاریگەرى ڤایرۆسەکەوە لەسەر سییەکانى، پزیشکەکان چارەسەرى جیاجیان پێدا بۆ ئەوەى نیشانەکان نەهێڵن، بەڵام چارەسەرەکەیان کاریگەرى دیاریان لەسەر جەستەى توشبووەکە بەجێنەهێشت. د.هادى کە پسپۆڕى وردى نەخۆشییەکانى سنگ و بۆرییەکانى هەوایە وتى "سەرەڕاى بەکارهێنانى چارەسەر، توشبووەکە رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبوو، تا وایلێهات ڕۆژى ٢٨ى مانگى ڕابردوو پێویستى بە ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد بوو". . دواى خراپبوونى تەندروستى توشبووەکە، دکتۆر هادى و پزیشکەکانى دیکە یەک رێگایان لەبەردەمدا دەمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنى، ئەویش بەکارهێنانى پلازماى خوێنى ئەو کەسانەیە کە دواى توشبوونیان چاکبوونەتەوە. . "ئەوە کۆتا چارەسەر بوو، لە ٢٨ى مانگى ڕابردوو بڕیارماندا پەناى بۆ ببەین، تەلەفۆنمان بۆ کەسێک کرد کە چاکبووەتەوە و دواى هاتنى پلازمامان لە خوێنەکەى دەرهێنا بۆ ئەوەى بۆ توشبووەکە بەکاریبهێنین"، د.هادى وایوت. چارەسەرەکە بریتیە لە وەرگرتنى پلازماى خوێنى ئەو توشبووانەى کۆرۆنا کە حاڵەتەکانیان مامنانەوەند یان قورس بوون و چاکبوونەتەوە، دواى تەواو چاکبوونەوەیان دوبارە خوێنەکانیان وەردەگیرێتەوە و بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرى ئەو توشبووانەى کە جەستەیان وەڵامدانەوەیان بۆ هیچ چارەسەرێک نەبووە. . دواى پێدانى ئەو چارەسەرە بە توشبووەکە، پزیشکەکان دڵخۆش بوون کاتێک بینیان جەستەى توشبووەکە وەڵامدانەوەى هەیە بۆ ئەو چارەسەرەو وردە وردە ڕووى لە باشبوون کرد. . د.هادى کە پسپۆڕى وردى نەخۆشییەکانى سنگ و بۆرییەکانى هەوایە وتى "چارەسەرەکە بریتى بوو لە ٢٠٠ سی سی پلازما، دواى پێدانى و لەماوەى چەند رۆژێکدا بارى تەندروستى توشبووەکە رووى لە باش بوون کرد و ئێستا تەندروستى زۆر باشە". . باسى لەوەشکرد، لەچەند رۆژى داهاتوودا و دواى چاکبوونەوەى تەواوەتى، نەخۆشەکە دەنێرنەوە ماڵەوە. چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا لە سلێمانى بە پلازماى ئەو کەسانەى چاکبوونەتەوە، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستى عێراق بەکاربهێنرێت کە بەهۆیەوە ژیانى توشبوویەک رزگاربکرێت. . ئەو چارەسەرە کە ئێستا لەسەر ئاستى جیهان بەکاردەهێنرێت، مانگى ڕابردوو لەلایەن بەرێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى یەوە بڕیاردرا وەکو ڕێگەیەکى چارەسەر پشتى پێ ببەسترێت. . د.هادى وتى "دوێنێ توشبویەکى دیکەش هەمان چارەسەرمان بۆ بەکارهێنا، چاوەڕوانین لەچەند ڕۆژى داهاتوودا بارى تەندروستى روو لە باشبوون بکات". . ئامانج لە بەکارهێنانى پلازماکە، چارەسەرکردنى نیشانەکانى کۆرۆنایە لەسەر جەسەى کەسانى توشبوو بە ڤایرۆسەکە و باشکردنى تواناى سیستەمى بەرگرى جەستە بۆ بەرهەمهێنانى دژە تەن بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا. . دژە تەنەکان بریتین لە پڕۆتینێک کە دەبێتە هۆى پارێزگاریکردن لە تەندروستى مرۆڤ و لەناوبردنى بەکتریا و ڤایرۆس. . لە هەرێمى کوردستان، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنا ژمارەى ئەو کەسانەش کە چاکدەبنەوە روو لە زیادبوونن. . بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، ژمارەى ئەو کەسانەى لە هەرێمى کوردستان چاکبوونەتەوە 68 کەسن، لەکۆى 204 توشبوو کە دوانیان گیانیان لەدەستداوە.